د. حەمە نەجم جاف
حیکمەت چییە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەغدا زمانی کوردی قەدەغەکردووە لەکاتێکدا دەستوور زمانی کوردی بە فەرمی زانیوە لەسەرتاسەری عێراقدا؟
ئەم کێشەیە پێشێلکارییەکی زۆر جددی و گرنگە و پەیوەندی بە جەوهەری فرەیی و مافە زمانەوانییەکانەوە هەیە لە عێراقدا.
با مەسەلەکە لە چەند ڕوویەکەوە ڕوون بکەینەوە:
ڕەوشی دەستووریی زمانی کوردی بەگوێرەی ماددەی(4) لە دەستووری ساڵی 2005ی عێراقدا:
“زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە کۆماری عێراقدا”
ئەمە مانای ئەوەیە، کە زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لەسەر ئاستی دەوڵەت و تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستانەوە. هاووڵاتیانی کورد مافی ئەوەیان هەیە، کە زمانی خۆیان بەکاربهێنن لە پەروەردە و ڕاگەیاندن و مامەڵە فەرمییەکاندا لە سەرانسەری عێراقدا.
بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا له بەغدا: ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی بدات لە مەنهەجەکان، یان لە نامەکان و پەیمانگاکان و زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم، ئەم بڕیارە:
1- پێچەوانەی دەستوورە و بە پێشێلکردنی مافێکی دەستووریی ئاشکرا دادەنرێت.
2- جۆرێک لە جیاکاریی زمانەوانی دروست دەکات و بنەماکانی پێکەوەژیان و فرەیی لاواز دەکات.
3- هەندێک جار هۆکاری سیاسی یان کارگێڕی تێدا ڕەنگدەداتەوە، وەک: لاوازیی هاوئاهەنگیی نێوان ناوەند و هەرێم. ڕچەیەکی مەرکەزییەتی تێدا بەدی دەکرێت یان هۆیەکەی ئاراستەکردنێکی ئایدۆلۆژییە لە لایەن هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتەکانەوە.
یان کاردانەوەی سیاسییە بەرانبەر بە هەندێک هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
حیکمەت( ژیری یان دانایی) یان ئەو پاڵنەرە گونجاوانە چین، کە وا دەکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم هەنگاوە بنێت؟
لە لایەنی فەرمییەوە، هیچ “حیکمەتێکی تێدا نییە” واتە یاسایی نییە، کە پاساو بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی بهێنرێتەوە کە زمانێکی فەرمییە لە عێراقدا وەکوو زمانی عەرەبی. بەڵام ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبێت، بەزۆری هۆکارەکانی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
بیرۆکراتییە یان سیاسی (وەک ئامادەنەبوونی هەندێک لایەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی کوردی لە دەرەوەی هەرێم).
لێکدانەوەیەکی بەرتەسکە بۆ دەستوور، هەندێک دەڵێن بەکارهێنانی زمانی کوردی تەنیا بۆ ناو هەرێم بە زۆرەملێیە.
یان نەبوونی کادری لێهاتوو بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لەهەندێک دامودەزگادا.
چی بکرێت؟
دەتوانرێت لە دادگای باڵای فیدڕاڵی پێداچوونەوە بکرێت بۆ سەلماندنی نادەستووری بوونی ئەو بڕیارە.
ئەنجومەنی نوێنەران یان نوێنەرانی کورد دەتوانن داوا له وەزارەت بکەن بڕیارەکه هەموار بکەنەوە یان هەڵبوەشێننەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خوێندکاران دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن یان هەڵمەتی یاسایی یان میدیایی ڕێکبخەن.
دەرئەنجام:
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەر دامەزراوەیەکی فیدڕاڵیدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستووری عێراقە و هیچ “حیکمەتێکی” یاسایی تێدا نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵکوو پێشێلکردنێکی زەقی بنەمای یەکسانییە لە هاووڵاتیبووندا.
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی