سهرهتا وتار لە یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
دیار مەلا خدر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک دەزگایەکی نا حكومیی و نا سیاسیی و قازانج نەویست، له ساڵی 2005 دامەزراوە، و لە ژێر دروشمی ووتە پڕ بەهاکەی “بارزانی نەمر” كە دەفەرموێت: “شانازییه بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”، خزمەت دەکات لە کاری مرۆیی و خێرخوازییدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لەو کاتەی دامەزراوە بە بێ جیاوازیی و لەبەرچاوگرتنی لایەنی نەتەوەیی، ئایینی، ئایینزایی، بیروڕای سیاسیی، خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، ئازیزان(بێ باوکان)، بێ سەرپەرشتان، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، و کار و پڕۆژە مرۆیی و خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سنووری هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراقی تێپەڕاندووه، و لە هەر یەك له وڵاتانی دەوروبەر و ووڵاتانی دیکەی جیهان خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی خاوەن پێگەیەکی گەورە و دیارە لە بەخشین و کاری مرۆییدا، هاوکات جێگای متمانەی بەخشەر و هاوبەشەکانیەتی، و هەماهەنگیی و پەیوەندییەکی بەرفراوانی هەیە لەگەڵ ئاژانس و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مرۆیی و خێرخوازییدا، هاوشان لەگەڵ کار و پڕۆژە مرۆییەکاندا، لەو ماوەیەدا دەزگا چەندین پڕۆژەی گەورە و گرنگی ئەنجامداوە وەک کردنەوەی سەنتەری توشبووانی نەخۆشی ئۆتیزم لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، بە کوالێتیی بەرز و بە پێی ستانداردە نێودەوڵتییەکان، جگە لەمەش لە ئێستا لە پڕۆسەی بنیادنانی سەنتەرێکی گەورەیە لە پارێزگای هەولێر بۆ هۆشیاریی و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و کارلێکە عەقلییەکان کە تا ئێستا لەسەر ئاستی عیراق وێنەی نەبووە، لە ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆتە ماڵێکی گەورەی پڕ لە هیوا و ئومێدی خەڵکی لێقەوماو، و پیشاندانی وێنەیەکی جوان و میهرەبانی کوردستانیان و رۆحی مرۆڤدۆستانە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتییەکان لە جیهانی دەرەوەدا، ئەمەش لە بنەماکانی رێبازی پیرۆزی بارزانی یەوە(خوا ناسیی و خوا پەرستی، نیشتیمانپەروەری، مرۆڤدۆستیی و پێکەوە ژیان) سەرچاوەی گرتووە.
گرنگە هەموو کوردستانیان شانازی بەو ماڵە گەورەیە بکەن کە لە ماوەی رابردوودا و تا ئێستاش نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی خەڵکی مرۆڤدۆستی کوردستانی کردووە، هاوکات داوام لە خێرخوازان و خوا پێداوان ئەوەیە پاڵپشتیی و هاوکاری زیاتری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن بۆ ئەوەی ئەو کارە پیرۆزە مرۆیی و خێرخوازییانە بەرفراوانتر ببێت لە پێناو یارمەتیدانی زیاتری کەسانی هەژار و لێقەوماو.