فەرهەنگ نوری دۆڵەمەڕی*
گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانییەوە تابلۆیەکی جوانی بە نیشتمانەکەمان بەخشیوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لاپەڕەکانی مێژوو، کەم هەفتە و مانگ هەیە بەشێکی جەستەی نیشتمان دوچاری جینۆساید، قوربانی و لەناوچونی بەکۆمەڵ نەبووبێتەوە، یەک لەو پێکهاتە ئایینییانەش کە خودان مێژوویەکی ڕەسەنن لە ناوچەکە ئێزدییەکانن. مێژووی ئێزدییەکان پڕاوپڕە لە کوشتن و داگیرکردنی ناوچەکانیان و جینۆسایدی ئابووری، جەستەیی و کولتووری، هەموو ئەم کار و کردەوانەی لە دژیان ئەنجامدراون لەژێر پاساوی ئایینی، ئابووری و سیاسی بووە.
ئەم پێکهاتەیە هەمیشە لەژێر ڕەحمی هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکەدا بوون و ببوونە جێی چاوتێبڕینی هێزەکانی دەوروبەر، کە هەمیشە مەترسی لەسەر پرسەکانی شوناس و پێناسە کۆمەڵایەتییەکانیان بەجێهێشتووە، ئێزدییەکان وەک بیروباوەڕ و کولتوور و داب و نەریتیان خودان مێژوویەکی کۆنن، ئەم پێکهاتەیە هەمیشە لەلایەن دەوربەریان جێگەی چاوتێبڕینی دوژمنکارانەبوون بەهۆی جیاوازیی کولتوور و بیروباوەڕی ئایینییان، کۆمەڵگای ئێزدی لە مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین ئالنگاری کولتووری و سەربازی و سیاسی بووەتەوە، قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو شایەتی جینۆساید و کوشتارگەی ترسناکن کە دەرحەق بەم پێکهاتەیە کراوە، بەتایبەت ئەو ڕەشەکوژییانەی سەدەکانی حەڤدە، هەژدەو نۆزدە مرۆڤ لە ئاستیاندا دۆشدادەمێنێت، بە پاساوی جیاجیا هەزاران کەسیان زیندەبەچاڵ کراون و کۆمەڵکوژکراون، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نەتوانراوە ئەم پێکهاتەیە لە کولتوور و داب و نەریتی خۆتان دابماڵرێن، وەک لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کراوە زیاتر لە ٧٠ فەرمان و کارەسات بەسەر ئێزدییەکان و کۆمەڵگا و ناوچەکانیان هاتووە.
شنگال کە بە پایتەختی ئەم پێکهاتەیە دادەنرێت چەندین جار وێرانکراوە، گوندەکانیان و کشتوکاڵ و کار و کاسبییان لەناوبراوە، هەموو ئەوەی بەرانبەریشیان کراوە بە پاساوی کوردبوون و ئێزدیبوون بووە، چونکە لە هیچ ئایین و کتێبێکی ئاسامانی نەهاتووە فەرمان بە کوشتنی بەکۆمەڵ و سەپاندنی بەزۆری ئایین بکرێت، بەپێچەوانەوە لە قورئانی پیرۆز و کتێبە ئاسمانییەکانی دیکەش هەمیشە جەخت لە پێکەوەژیان و برایەتی و یەکتر قبووڵکردن کراوەتەوە، کۆتا فەرمانیش کە لە مێژووی هاوچەرخدا بەسەریاندا هاتبێت یازدە ساڵ پێش ئێستا و بەدیاریکراویش لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ بوو، ئامانج لێی پاکتاوکردنی کوردانی ئێزدی بوو لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی داعش ئەوانەی وەک کافر و بێباوەڕ ناساند، کاتێک تیرۆریستانی داعش کە دوژمنی ئایین و مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان بوون، زۆر دڕندانە و نامەردانە و لەژێر پەردەی ئایین هێرشیان کردە سەر شنگال و کۆمەڵگا و گوندەکانی ئێزدی نشین و بە هەزارانیان کۆمەڵکوژ کرد یان بەدیل گرت، تاوانی بەکۆمەڵیان لە دژیان ئەنجامدا و هەزاران پیاو و لاو و ئافرەت و منداڵیان ڕفاند و ئافرەتەکانیان کرد بە کەنیزەک و لە بازاڕەکانی مووسڵ و ڕەقە نمایش دەکران بۆ فرۆشتن و لە سەدەی بیست و یەک وەک عەبد مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، هەزاران منداڵ بێباوک کران، شوێنەوارە ئایینییەکانیان خاپورکران، ماڵ و سامانیان تاڵان کرا، ئەمە و جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە سێ سەد هەزار کەس و جێهێشتنی زێدی خۆیان، ئەم تاوانە هەوڵێکی سیستەماتیک بوو بۆ لەناوبردنی پێکهاتەیەکی ئایینی.
ئەو تاوانە نامرۆڤانە پێچەوانەی هەموو ئایین و مەزهەب و کولتوورەکانە و ئەمڕۆ کە ١١ ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدە دڕندەیە تێدەپەڕێت برینەکان هێشتا ساڕێژ نەبوونەتەوە، تازەش زیاتر لە دوو هەزار کیژ و لاوی ئێزدیان بێسەروشوێنن یاخود چارەنووسیان نادیارە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت جارجار لە ڕاگەیاندنەکانەوە چیرۆکی ڕزگاربوویەکی ئێزدی دەبیستینەوە و دووبارە ئەو تاوانە ویژدانی مرۆڤایەتی و جیهان دەهەژێنێت کە چ ناحەقی و غەدرێک بەرانبەر ئەم پێکهاتەیە کراوە، سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەی لێیان کراوە، ئەوان خودان هێزێکی لەبن نەهاتووی ڕۆحی و سرووشتی بوونە و توانیویانە پارێزگاری لە کولتوور، شوناس و ڕەسەنایەتی خۆیان بکەن، چیرۆکی ئەو جینۆسایدەش چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە، بەڵام پێویستە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانیان بگرێتە ئەستۆ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ژیانێکی ئارام و دوور لە مەترسییان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی هەم ڕزگاربووەکانی ئێزدی و هەم خانەوادەکانیشیان دووبارە بتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببنەوە و بە ئاسوودەیی ژیانی ڕۆژانیان بەسەر ببەن، لەم یادەدا سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین و هیوای ئارامی و ئاوەدانی بۆ کوردستان دەخوازین.
*مامۆستا لە بەشی مێژوو – زانکۆی سۆران