خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- عێراق وڵاتی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب، دوای ڕووخانی بەعس هەمووان بە ئومێدی عێراقێکی دیموکراسی و فرەیی و پێکەوەژیان دەستیان پێکرد و دەستووریان نووسییهوه، کوردیش وەک لایەنێکی کاریگەر بەشدار بوو لە نووسینهوهی دەستووردا، بهڵام ئەو دەستوورەی نووسرایهوه جێبەجێ نەکرا و هەندێک لایەن دەیانەوێت عێراق بە تاکلایەنە بەڕێوەبەرن، بەمەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسەش، کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی١١ی پارتی دیموکارتی کوردستان وهڵامی چهند پرسیارێكی خهبات دهداتهوه.
لایەنە شیعەکان دەیانەوێت یاسای خانەنشینی حەشدی شەعبیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێیپەڕێنن، ئەم یاسایە گەر دەربچێت چی کارەسات و نەهامەتیەک بۆ عێراقییەکان دەهێنێت، لە کاتێک ئهمهریكا بە توندی دژی ئەو یاسایەیە و شیعەکانیش ڕژدن لەسەر تێپەڕاندنی؟ لە وەڵامی ئهو پرسیارهدا، کرمانج عزەت گوتی: گومانەکانی ئهمهریكا ئاشکرایە لە بەرامبەر یاساکە کە ماوەیەکە ئهمهریكا داوا دەکات چەک بگەڕێتەوە دەستی حکوومەت، حەشدی شەعبی دەیەوێت شەرعیەتی یاسایی بداتە بوونی ئەو هێزە. لە بنەڕەتدا حەشدی شەعبی هێزێکی کۆپیکراوی تەجروبەی وڵاتی ئێرانە کە لەتەک لەشکری ئێراندا، سوپایەکی بە دەسەڵاتتری دروستکردووە، بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی سیاسەت و ئامانجەکانی. بۆیە ئهمهریكا و زۆربەی گەلانی عێراقیش لە مانەوەی حهشدی شەعبیدا پێیانوایه چارەنووسی عێراق فەشەلی دەوڵەتێکی مەدەنی و بێ دەسەڵاتی حکوومەت و هەبوونی حکومەتی سێبەر دهبێت و وڵات بەرەو وێرانی دهبات.
ئەوە چی جای بە بڕیاری پەرلەمانیش شەرعیەتی بدرێتێ، بۆیە ئەو هەنگاوە پاشەکشەی پێ نەکرێت، عێراق تووشی کارەساتی گەورەتر دەبێت کە زەرەمەندی یەکەمی گەلانی عێراق دەبن. لەوەڵامی پرسیاری پشتگوێخستنی دەستوور و فەرزکردنی خواستی یەک لایەن، عێراق بەرەو کوێ دەبات؟ به بۆچوونی بەرپرسی لقی11ی پارتی: تاکە شت کە شوناسی عێراقی هەموو لایەک دەپارێزێت، دەستوورە.
پشتگوێخستنی ئەو دەستوورە عێراق دەباتەوە ناو گێژاو و ئاڵۆزیەک کە ڕەنگە دەیان ساڵ پاشاگەردانی پێبکات. لە وەڵامی پرسیاری پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ کرمانج عزەت گوتی: عێراق بە بەراوردی شێوازی پێشکەوتن و سەقامگیری و حوکمڕانی لە دواوەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوەی بەدەستی ماوە چەککردنی ئابووریی کوردستان و برسیکردنی خەڵکەکەیەتی، بۆ دوو ئامانج، ئهوانیش ڕاگرتنی پێشکەوتنی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا هەن، کورد وا لێ بکەن بۆی ئامادە نەبن و بە سەرقاڵکردنی مووچە و ئاڵۆزکردنی ناو کوردستان بشێوێنن. بۆ ئەوەش مەکینەیەکی ئیعلامی گەورە و بە پارەیەکی زۆریان تەرخانکردووە تا زەین و هۆشی خەڵکی کوردستان تەنیا بخەنە سەر وەزعی نالەباری ئابووریان کە نیشانەی ئەوەیە عەقڵیەتی ئەوانەی ئێستا بەغدا بەڕێوە دەبەن، جیا نییە لە عەقڵیەتی بەعس کە بەشێوازی دیکە لە کورد و کوردستانیان دەدا.