ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین، پێشوازی لە کریستیان هۆهمەن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد. لە دیدارێکی ماڵئاواییدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکان گەڕانەوەیە بۆ دەستوور و پڕەنسیپەکانی شەراکەت، هاوکات باڵیۆزی ئەڵمانیاش پشتیوانیی وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپای بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئابی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئامادە بوو، سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستوور جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستوورمان داوا نەکردووە بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستوور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە.
لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی هەبوو، پشتیوانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگری لێ بکرێت، ئاماژەی بە ئەو سەرکەوتنانە دا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابووری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی و ئومێدی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی.
هاوکات هیوای خواست کە ئەو نمونە بەرچاوەی لە بوارە خزمەتگوزارییەکاندا لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە کایەوە بە تایبەت لە پرسی ئاو و کارەبا لە عێراقیش هەمان ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.