مەسرور بارزانی، لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای پیرۆزبایی، ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند دەزگاكە خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 4/8/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم و هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەروەها دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامیان لەپێناو یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بە ڕۆڵی دەزگاكە كردووە و ڕایگەیاندووە: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا و بەبێ هیچ جیاوازیکردنێک، خزمەتێکی شایستە و بەرچاو پێشکەشی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماوان دەکات، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەروبەر و جیهانیش.
مەسرور بارزانی، ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ هەموو خێرخواز و بەخشەر و هەموو ئەو لایەن و ئاژانس و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە هەیە، کە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە گەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەن و کارو چالاکیی و پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام دەدەن.
دووپاتیشی دەكاتەوە: ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆز بێت و هیوادارام هەمیشە نموونەیەکی گەشیی کاری مرۆیی و خێرخوازیی بێت.