حەشدی شەعبی، مۆتەکەی داهاتووی عێراق

131

چیا هه‌ركی
بەشداریی نەکردنی پەرلەمانتارانی کورد و عەرەبی سووننە لە دانیشتنی پەرلەمان و پەکخستنی دانیشتنەکە، کە یەکەم و سەرەکیترین ئامانج لێی، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بوو، لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە قازانجی سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووریی دەوڵەتی عێراق دەشکێتەوە، کە ئێستا دەسەڵات و سەروەرییەکەی لەژێر هەژموونی میلیشاکان و چەکی نایاسایی دایە.

دیارە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، هەر مەترسی نییە بۆسەر داهاتووی دەوڵەتی عێراق و پرۆسەی دیموکراسی و پرسی بەیەکەوەژیان لەم دەوڵەتەدا، بەڵکوو هەڕەشەیەکی جیددیشە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز، لەسەروویانەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بۆیە هەر خودی ئەم هەڕەشە و مەترسییە ترسناکەیشە، کە وای کردووە ئەمریکا لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە هۆشدارییەکی توند لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، بداتە حکوومەتی عێراق.

ئەمریکا بە حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە لێکەوتەکانی تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە، بە زیان بۆ ئێستا و داهاتووی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن، هەروەها بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق، تەواو دەبێت، لەم ڕووەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، ڕاگەیاندنی دوژمنکارییەکی ئاشکرایە لە دژی ئەمریکا و بەهۆیەوە عێراق تووشی سزایەکی ئابووریی قورسی نێودەوڵەتی دەکات، کە ئەویش ئابڵووقەدانێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە. هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هەر هەوڵ و هەنگاوێک بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، وا لە ئەمریکا دەکات هاوکاری و پاڵپشتییە لۆجستی و تەکنیکییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوەستێنێت و کۆمەڵێ سزای توندیش بەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا بسەپێنێت. ئەمەو ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە واشنتۆن لە دۆسیە و پاشخانی هەموو ئەو سیاسییانەی عێراق دەکۆڵێتەوە، کە پاڵشتیی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەکەن و ڕووبەڕووی سزایان دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەرکی حەشدی شەعبی بریتی دەبێت لە پاراستنی ڕژێم، پاراستنی یەکێتیی خاکی وڵات و جەنگ لە دژی تیرۆر. ئەمەش واتا بوونی حەشد بە دامەزراوەیەکی ئەمنی – سەربازیی سەروو وەزارەتی بەرگری و سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی دەبێت، کە سبەی لە سێبەری ئەو یاسایەدا هەر پێشهاتێکی سیاسی – ئەمنی لە وڵاتدا کە بە دڵی ئەو و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی بێت، بکاتە بیانوویەک بۆ پەنابردن بۆ هێز، تا ئاستی کودەتاکردن بەسەر دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا.

سەرەڕای ئەوەی کە دەزانن پڕۆژەیاساکە پێچەوانەی دەستوور و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقە و نابێت هیچ یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەران تێبەڕێندرێت کە دژی بڕگە و ماددەکانی دەستوور بێت، بەتایبەتی کە لە خاڵی (ب)ی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩)ی دەستووری عێراقدا بە دەق، لە باسی پرسی هێزە چەکدارەکاندا هاتووە: “پێکهێنانی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان، قەدەغەیە.” بەڵام دیارە وێناچێت هێز و کاراکتەرە شیعەکانی عێراق و بەتایبەتی گرووپە میلیشیاییە وەلائییەکانی، باکیان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی عێراق و ئەو داهاتووە تاریکە سیاسی و ئابوورییە بێت کە باڵ بەسەر دەوڵەتەکە و داگاتووی گەلانیدا دەکێشێت.

بۆیە ئەگەر لە ناوخۆی عێرقدا و لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و جەماوەری فشاری جیددی دروست نەکرێت، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە میکانیزمی جیاواز بەر بەم هەنگاوە ترسناکە نەگیرێ و شکست بە پڕۆژەیاساکە نەهێندرێت، ئەوا حەشدی شەعبی دەبێتە ئەو خێو و مۆتەکەیەی کە دەست دەنێتە قورگی عێراق و گەل و پێکهاتەکانی ناو ئەو دەوڵەتە و داهاتوویان ڕەش و تاریک دەکات.

* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی