ئەمڕۆ یەكشەممە 3/8/2025، لە سەڵاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە هیتۆشی ئیشیزوکا، كونسوڵی گشتیی نوێی ژاپۆن لە هەولێر كرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتی نوێی ژاپۆن کرد لە ئەرکە نوێکەیدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە شارستانیەتیی گەلی ژاپۆن خزمەتێکی گەورەی بە کۆی مرۆڤایەتی گەیاندووە و لەم ڕووەدا ڕۆلی بەرچاویان هەبووە و ئامادەیی و پاڵپشتیی خۆی و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژاپۆن نیشان دا.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی نوێی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە وەک کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبێت، جەختی کردەوە کە حکوومەت و گەلی ژاپۆن بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردن و بایەخدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن.









