بۆتان جەلال
هزر و فەلسەفە و بیروڕاکانی ڕۆماننوسی گەورەی ڕووسی (لیو تۆلستۆی) زوو کاریگەری لەسەر ویژدانی (ئەلمهاتما غاندی) دامەزرێنەری هیندی نوێ دادەنێت، هێشتا لاو بوو، سەرەتای قۆناغی خەباتی ژیان و خەباتی سیاسی بوو، ڕۆژێك بە ڕێککەوت کتێبی (خاوەنی ئاسمان لە ناختاندا)ی تۆڵستۆی دەخوێنێتەوە، زۆر پێی خۆش دەبێ کە چەند جارێكی دیکەش بیخوێنێتەوە، لەم کتێبەدا چەندین دەرس و ئەزموون و پلان و بیروبۆچوونی کاریگەری تیادا دەدۆزێتەوە، پێیان سەرسام دەبێ، وەك چۆن مامۆستا لە قوتابخانە دەرس شرۆڤە دەکات و قوتابیەکانی گوێی بۆ دەگرن، ئەوها بە بیروبۆچوونەکانی سەرسام دەبێت، نەك تەنیا سەرسامبوون، بەڵکو ژیان و عەقڵی ئەو پیاوە دەگۆڕێت، بە مامۆستای یەکەمی خۆی دەزانێت، ئەو وایدەزانی بۆ ڕزگارکردنی هیندستان لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز باشترین ڕێگا ئەوەیە بە توندوتیژی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بنوێنێ و خەباتی چەکداری تاکە ڕێگایە بۆ ملکەچکردنی داگیرکەر و وەرگرتنی سەربەخۆیی، بەڵام لە تۆلستۆی فێربوو گفتوگۆکردن و پشتکردن لە توندوتیژی باشترین جۆری خەباتە و بەرهەمی باشی لێ وەردەگیرێت.
بۆتان جەلال
لە کتێبەکەیدا ئەلمهاتما غاندی کە بە ناوی (هەموو خەڵك برای یەکترن) کە چەند هەڵوەستەیەك و تێبینییەکی تێدا تۆمار کردبوو، یەکێك لەو هەڵوەستانە وتارێکی بوو بە بۆنەی (١٠٠) ساڵەی لەدایکبوونی تۆڵستۆی نووسیبووی، کە بە مرۆڤێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ و هێژا و مرۆڤدۆست ناوی دەبات، بە نموونەی پیاوی مەرد و ژیری سەردەمی خۆی ناوزەد دەکات، ئەوەش دەدرکێنێ کە هیچ کەس و هیچ نووسەرێك نەیتوانیوە وەك ئەو لەسەر نەرمونیانی لە خەبات و ئاشتی و ئاشتەوایی بنووسێت، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ١٨٩٤ کە هێشتا پارێزەرێکی گەنج و کەم ئەزموون بوو، لە باشوری ئەفریقا کاری کردووە، چۆن تاوان و پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی و ئیمپریالیزمی دژ بە گەلانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئەنجامیان دەدا، ئەو لە ناخەوە دەهەژا و داوای لێدەکردن ئەوانیش ڕووبەڕووی داگیرکەرانیان ببنەوە و سنوورێك بۆ پێشێلکاری و تاوانەکانیان دابنێت و ئەوەندە ملکەچی بۆ دوژمنانیان نەکەن، بەڵام دوای خوێندنەوە و دیراسەکردنی فیکر و بۆچوونەکانی تۆڵستۆی، پەشیمان بۆوە لەو بریار و هەڵوێستەی کە هەیبووە بۆ وەڵامدانەوەی توندوتیژی، بە شێوازی زبر و ئاگر و ئاسن، وا باشە خەباتی مەدەنیەت و نەرمونیانی و مرۆڤایەتی ئەگەرچی قوربانی زۆرتری دەوێت، بەڵام بەرهەمی باشتری لێ دەست دەکەوێت، بگیرێتە بەر.
باوەڕی تۆڵستۆی بە ئاشتی، باوەڕێکی پتەوی دامەزراو بوو، هەرگیز بۆ هیچ کەس و لایەنێك تۆزقاڵێك لەم ڕێگایەی لا نەدەدا و سستی نەنواند، وەك پەیامبەرێکی خوایی کاری لەسەر تەبایی و برایەتی نێوان مرۆڤەکان دەکرد، جا لە هەر ئاین و نەتەوە و شوێن و زەمەنێك بێت جیاوازی لە نێوانیان نەدەکرد و وەك مرۆڤ سەیری دەکردن.
پەیوەندی نێوان مهاتما غاندی و لیو تۆڵستۆی، یەکەمجار لە ڕێگای نامەیەك بوو، یەك ساڵ بەر لە کۆچی دوایی تۆڵستۆی بوو، واتە لە ساڵی ١٩٠٩ غاندی نامەیەك بۆ تۆڵستۆی دەنێرێت، تێیدا سڵاو و ڕێزی بێ پایانی خۆی بۆ مامۆستا و زانا و گەورە و پێشڕەوی ئاشتی لە جیهاندا دەنووسێت، بەرامبەر بەم نامەیە، ئەویش لە تۆڵستۆیەوە وەڵامی نامەی یەکەمی پێدەگات، پاشتر نامەی نێوانیان و هاوڕێیەتیان گەرمتر دەبێت، دواین نامەش بەروارەکەی بۆ دوو مانگ بەر لە مردنی تۆڵستۆی تۆمار کراوە.
ئەوەی زیاتر ئاگاداری هاوڕێیەتی ئەم دوو گەورە کەسایەتییە بوو، نووسەری گەورەی فەرەنسی (ڕۆمان ڕۆلان) بوو کە زۆر بەو دوو کەسایەتییە گەورەیە سەرسام بووە، ڕۆلان وای لێك دەداتەوە کە مهاتما غاندی بۆ پشتگیریکردن لە کەسایەتییە هیندییەکانی ئەفریقا پێویستی زۆری بە وتە و ئامۆژگارییەکانی تۆڵستۆی دەبێت، بۆیە تەماشا دەکەین هیندییەکان بۆ ڕزگاربوون لەژێر زەبر و زەنگی داگیرکەرانیان چ لە هیند چ لە ئەفریقا وەڵامی شەڕ و توندوتیژیەکانیان بە چەك و توندوتیژی و خوێن ڕشتن نەدەدایەوە، پەنایان بۆ زۆرترین ڕێگای ئاشتی دەبرد بۆ ئەوەی کەمترین زیان و قوربانی بدەن.
کاریگەری فەلسەفەی تۆڵستۆ هەر لەسەر غاندی نەبوو کە (بزووتنەوەی کیبوتس)ی دامەزراند و ڕێبازی دژی توندوتیژیان پەیڕەو کرد، بەڵکو لەسەر (مارتن لۆسەر کینگ)یش ئەو کاریگەرییە لە خەباتی مەدەنیدا ڕەنگی دابۆوە.
هەر دوو ڕۆمانە بەناوبانگ و کلاسیکییەکانی وەك (جەنگ و ئاشتی) کە لە ساڵی ١٨٦٩ نووسراوە، و ڕۆمانی (ئانا کارنینا) لە ساڵی ١٨٧٧ بڵاوبۆتەوە، دوو شاکاری نەمری ئەدەبی کلاسیك و ڕۆمانی جیهانین، چیرۆکی هەردوو ڕۆمانەکە لەوە چڕ دەکرێتەوە کە ئاشتی و خۆشەویستی ڕێگای ڕاست و دروستی ژیانن، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانی پەنا بۆ شەڕ و ناکۆکی و خوێنڕشتن ببات، لەم دوو ڕۆمانە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت فەرهەنگی ژیان، فەرهەنگی ئاشتی و برایەتی ودادپەروەرییە، قەت شەڕ ئاکامی چاکی لێ ناڕوێت، خۆرسکی مرۆڤە کە دەبێ بە سەلامەتی و پارێزراوی و ئاشتی ژیان بگوزەرێنێت، شایانی باسە ئەم دوو ڕۆمانە، لای خوێنەر و ڕەخنەگران لە هەموو جیهان، پێشوازییەکی زۆری لێکرا و زۆرترین فرۆشیان هەبووە لە سەردەمی خۆیدا، ڕەنگە ئەم قسەیە بۆ ئەمڕۆش هەڵە نەبێت، جگە لەم دوو ڕۆمانەی، ڕۆمانی دیکەی نایاب و سەرکەوتووی نووسیون، وەك ڕۆمانی (سۆناتا کروتزر) کە لە ساڵی ١٨٩٠ بڵاوبۆوە، هیچی کەمتر نەبوو لە (جەنگ و ئاشتی) و (ئانا کارنینا) کە لەسەر یەك هێڵی دراما درێژەی پێدرابوو کە خۆشەویستییە.
ئەگەرچی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی ١٩٠١ وە لەلایەن ئەکادیمیای سویدی هەموو ساڵێك دەبەخشرێتە باشترین نووسەر، بەڵام بە هۆی سیاسییەوە ئەم کەڵە نووسەرە بیرمەندە سەرەڕای ئەوەی بە باشترین نووسەری سەرەتای سەدەی بیستەم دادەنرا، ئەم خەڵاتەی پێنەدرا.
لە ژیانیدا باوەڕی تەواوی بە چەند بنەما و پرەنسیپێك هێنابوو، وەك بنکە و بنەوانێك کارەکانی لەسەریان داڕشتبوو، یەك لەو پرەنسیپانە (هونەر) دەبێ بۆ خزمەتی پەروەردەکردنی ڕەوشتی مرۆڤ بەکاربهێندرێت و خەڵك ڕێنوایی بکات، ژیان و گوزەرانیان بەرەو پێش ببات، هەر سەبارەت بەم بۆچوونەی دەربارەی هونەر، نوسەری گەورەی ڕووسی فیۆدۆر دیستۆیفسکی دەڵێت (هونەرمەند دەبێ زۆر بە وردی واقیعی کۆمەڵگاکەی تاوتوێ کردبێت و چووبێتە ناخی و بە هونەرەکەی ژیانی کۆمەڵگاکەی بەرجەستە کردبێت) من هیچ کەس لە ڕووسیا بە هونەرمەند نازانم (تۆڵستۆی) نەبێت).
(٣٠) ساڵی کۆتایی تەمەنی، خۆی وەك چاکسازێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و مۆراڵی ناسساندبوو، لە مانا و واتاکانی ژیانی دەکۆڵیەوە و توێژینەوەی قووڵی پێشکەش دەکرد، لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، بریاری دا هەرچی موڵك و ماڵی کە بە ویراسە لە باوکی بۆ بەجێما بوو، بیبەخشێ و لە پێناو هەژار و نەداران خەرجییان بکات، ئەم بڕیارە بووە هۆی تێكچوونی نێوانی لەگەڵ سۆفیا ئەندریفیای خێزانی، بەڵام بەوە ئاشتی کردەوە کە لەمەودوا هەموو داهاتی کتێبە چاپکراوەکانی بداتێ، ئەوەبوو چەند بەرهەمێکی نوێی نووسی، لەمانەش (مردنی ئیڤان ئیلتش) و (سێرجی باوك) و (ژیانەوە) و ڕۆمانی (حاجی مراد) لە ساڵی ١٩٠٤.
بەڵام نێوانی لەگەڵ ژنەکەی هەر دەهات و ئاڵۆزتر دەبوو، بڕیاریدا لەگەڵ کچەکەی و پزیشکەکەی گەشتێکی دوور بکەن، دیار بوو باری تەندروستی تۆلستۆی بەرەو خراپی دەچوو، بڕیاری دا بگەڕێتەوە ماڵەوە، لە نۆڤەمبەری ساڵی١٩١٠ لە تەمەنی (٨٢) ساڵی کۆچی دوایی دەکات.