خەبات – عەلی بانیشاری
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر نزیكەی 1300 بیری ئاو لە هەولێر و دەوروبەری هەن، لەو ژمارەیە تاوەكو ئێستا 460 بیریان بەهۆی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاو بۆ هەولێر داخراون و بڕیارە تاوەكو كۆتایی ساڵی داهاتوو زیاتر لە 600 بیری دیكە دابخرێن. بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی هەولێر كە قسەی بۆ خەبات كردووە دەڵێت: بەتەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی ستراتیژیی فریاگوزایی خێرای ئاوی هەولێر و قوشتەپە، تەواوی ئه‌و بیرانه‌ی ئاو بۆ گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌كان دابین ده‌كه‌ن دادەخرێن.
لێدان و كارپێكردنی بیرەكانی ئاو ساڵانە پێویستی بە بودجەیەكی زۆرە، ئەوە جگە لە لەو زیانە زۆرەی بەر ئاوی ژێرزەوی ناوچه‌كه‌ دەكەوێت، بەڵام بە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و ده‌وروبه‌ری ئەو ترسە ڕەوییەوە.
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، قووڵی بیری ئاو لە هەندێك شوێنی سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە نزیكەی 750 مەتر، ئەوەش قووڵترین بیری ئاوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان. بە قسەی پسپۆڕانی جوگرافیای سروشتی، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە شاری هەولێر بەشێوەیەكی مەترسیدار دابەزیوە، بەشێوەیەك ساڵانە 5-10 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی دادەبەزێت. پێشتر ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ترسی خۆی لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری نەشاردبووە و گوتبووی: ترسمان لەوەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا ئاوی ژێرزەوی نەمێنێت.
بەگوێرەی داتاكان، لە پاش ساڵی 2000ـەوە ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە بەردەوامی لە هەرێمی كوردستان دادەبەزێت، بەشێوەیەك لە حەوزەكانی دەشتی هەولێر، هەریر، پیرمام، ئاكرێ، سەفین، شارەزوور، لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 30 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە. هەر بەگوێرەی داتاكان لە هەندێك شوێنی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی گەیشتووەتە نزیكەی 80 مەتر.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: بەهۆی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزایی خێرای هەولێر تاوەكو ئێستا 460 بیری ئاو لە شاری هەولێر داخراون و تاوەكو كۆتایی ساڵی داهاتوویش زیاتر لە 1000 بیر دادەخرێن. زیاتر گوتی: تەواوبوونی پڕۆژە فریاگوزارییەكە و پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواوی ئەو بیرانەی لە هەولێر و دەوروبەری ئاوی گەڕەك و شوێنەكان دابین دەكەن دادەخرێن. ئاماژەی بەوەشدا، بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ئەو بودجەی ساڵانە بۆ بیرەكانی ئاو لە گەڕەك و شوێنەكانی نیشتەجێبوون تەرخان دەكرا دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و لەلایەكی تریشەوە دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی كارەكانی تەواو بووە. بەتەواوبوونی پڕۆژەكە ڕۆژانە سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن لە زێی بچووك بۆ قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی دەوروبەری بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژی 17ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی بە گوژمەی 190 ملیار دینار دانا.
نەزیر ئەسعەد دەڵێت: لە قۆناغی یەكەمدا ئەو بیرانەی ئاو كە كەوتوونەتە نێوان شەقامی 120 مەتر و 150 مەتری لە ناوەوە و دەرەوەی هەردوو شەقامەكە داخراون و چیدیكە لەو گەڕەك و شوێنانە موڵەت بە لێدانی بیری نوێ نادرێت. بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر دەشڵێت: لە ئێستا ئەو شوێنانەی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرایان پێنەگەیشتووە بەشێوەیەكی كاتی بیریان بۆ لێدەدرێت، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەكە بەو شوێنانە، ڕاستەوخۆ ئەو بیرانەش دادەخرێن.
20ـی تەمووزی 2025 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاو بۆ گەیاندنی ئاوی هەولێر كردەوە. ئەوكات مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژانە وەڵامی ئێمەن بۆ ئەوانەی كە دەڵێن داهاتی ناوخۆ چی بەسەردێت. وابڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ قۆناغی دووەم و كۆتایی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاو بۆ هەولێر تەواو بكرێت.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ناوچە جیاجیاكان چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ئاودا ئەنجامدراون، بەشێك لە پڕۆژەكان لە ئێستادا تەواو بوون و بەشێكی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.