
خه‌بات: سه‌فه‌ر یوسف میرخان ژاژوكی
42 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ڕۆژی 31ی7ی1983 ڕژێمی بەعسی ئابڵۆقەی ئۆردوگای قوشتەپە و بەحركە و شوێنەكانی دیكه‌ی دا و سەرەنجام 8 هەزار پیاوی بارزانی‌یان ڕاپێچ كرد و دواتر شوێن‌بزر و زیندەبەچاڵیان كردن، بۆیه به پێویستمان زانی بۆ ئه‌و كاره‌ساته دیدارێك ساز بدەین له‌گه‌ڵ ئافره‌تی خۆڕاگر و ژنه ئه‌نفالی بارزانی (به‌دیعه محه‌مه‌د عه‌لی بێرسیاڤی)، هاوسه‌ری ئه‌نفالکراو (عومه‌ر حه‌سه‌ن هۆستانی) کە هەڤاڵ و هاوسه‌نگه‌ری بارزانیی نه‌مر بوو لە رێڕه‌وی په‌ڕێنه‌وه له ڕووباری (ئاراس) و چوونە ناو خاكی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، کە ئه‌و ڕووداوانه بۆ خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ده‌خه‌ینه ڕوو.
سەرەتا خاتوو (به‌دیعه) خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە بەسەرکردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات و بەم شێوەیە خۆی ناساند و چیڕۆکی خۆی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گیڕایەوە…
ناوم ( به‌دیعه محه‌مه‌د عه‌لی بێرسیاڤی) خه‌ڵكی گوندی ( بێرسیاڤ)م له هۆزی شێروانی ده‌ڤه‌ری بارزان و هاوسه‌ری جینۆسایدكراوم ناوی(عومه‌ر حه‌سه‌ن عه‌لی هۆستانی) له هۆزی به‌ڕۆژه.
کاتێک کە ئیمە بە کەسوکارەوە ڕگوازراینەوە ئۆردوگای قوشتەپە؛ له ساڵی (1980)شووم كرد به(عومه‌ر حه‌سه‌ن عه‌لی هۆستانی) كه یه‌كێك بوو له به‌شداربووه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان و و پێشمەرگەی بارزانیی نەمر بوو لە پاراستنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد و هەروەها هه‌ڤاڵی بارزانیی نه‌مر بوو لە ڕێڕۆی چوون بەرەو یه‌كێتیی سۆڤییه‌تی جاران. ماڵمان لە كۆمه‌ڵگای (قوشته‌په) بوو لە هەولیر.
* باسی ڕۆژی ڕه‌شبگیریی ڕه‌شی ئه‌نفالی بارزانییه‌كانمان بۆ بكه له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په؟
– له‌گه‌ڵ به‌ری به‌یان له ڕۆژی ( 31- 7- 1983) سه‌ربازانی ڕژێمی عێراق كه هێزێكی تایبه‌ت بوو له خۆبه‌ختكه‌رانی ( سه‌دام حسێن)ی دیكتاتۆری عێراق و پیاوانی سه‌ربازیی گاردی كۆماری لە شار به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی به‌دناو هاتبوون. ( بارزان تكریتی) برای سه‌دام سه‌رپه‌رشتی ڕەشبگیرییەکەی ده‌كرد. له كاژێر 4ی به‌یانییه‌وه هاتبوون و له هه‌ر چوار لای كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌وە ده‌بابه‌كان لووله‌كانیان بۆ ماڵی هاووڵاتیان ئاراسته كردبوو. فڕۆكه‌ی هه‌لیكۆپته‌ریش بەبه‌رده‌وامی له‌و ناوه ده‌سووڕانه‌وه و هێزی جاشه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ هاتبوو.
چوارده‌وری هه‌ردوو كۆمه‌ڵگاكانی قوشته‌په کە بارزانییه‌كانیان لێ جێگیرکرابوو گرتبوو، كه ناویان لێنابوو (القدس والقادسیه). هه‌موو ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كان و هه‌موو شوێنێكیان ته‌نی بوو. هیچ ڕێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون و خۆحه‌شاردان نه‌مابوویه.
به هه‌موو كوچه و كۆڵان و توله‌ڕێ و باریكه‌كانی ناوچه‌كه و ناو زه‌وی و كێڵگه كشتوكاڵییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا بڵاو ببوونه‌وه. ئۆتۆمبێلی (جێب قیاده)ی سه‌ربازی گه‌یشته به‌رده‌رگاكه‌مان و ئۆتۆمبێلی ( پاس)ی نه‌فه‌ر هه‌ڵگریشیان پێ‌بوو. ماڵ به‌ماڵ هه‌موو ژووره‌كان ده‌گه‌ڕان، پشت دۆڵاب و تانکی ئاو و ئاوده‌ست و چێشتخانه و نێو دۆڵاب و به‌فرگر و ژێر به‌رمیل و هتد زۆر به وردی ده‌یانپشكنی و ده‌ستیان له پیاوه پیره‌كان و منداڵه هه‌رزه‌كاره‌كان نه‌ده‌پاراست. هه‌ر هه‌موویان بەجارێك له ماڵه‌كانیان ده‌رده‌هێنان و ڕاپێچیان ده‌كردن و له ئۆتۆمبێله نه‌فه‌رهه‌ڵگره گه‌وره‌كانیان سوارده‌كردن. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی ڕه‌شبگیری وه‌كوو تاوێكی باران بوو، هه‌موو شوێنێكی گرته‌وه.
ئێمه له ماڵه‌وه بووین و تیشكی ڕۆژ به‌دیار كه‌وتبوو. ده‌رگامان داخستبوو، پاڵێكیان پێوه‌نا و ده‌رگاكه‌یان شكاند و هاتنه ژووره‌وه. كچه‌كه‌م (نه‌هیا) ته‌مه‌نی (6) مانگ بوو، سه‌ره نێزه‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی خسته ژێر سه‌ری نه‌هیا و لاندكه‌كه‌یان پشكنی و ده‌یانگوت: له‌وانه‌یه چه‌كیان له‌نێویدا شاردبێته‌وه. پێمگوت: كابرای عه‌ره‌ب ئێمه تاوانمان چییه، چیمان كردووه و چه‌كی چی؟ پێم بڵێ چیمان كردووه؟ وتم وادیاره كه‌سێكی زۆر سه‌ر وشك و دڵڕه‌قی، ئێمه هاووڵاتیی سڤیڵین و چه‌كمان له‌كوێ هه‌بوو؟ زیاتر له (10) سه‌رباز به‌ژوور كه‌وتن، هه‌موویان جلوبه‌رگی سه‌ربازی ( مه‌غاویر)یان له‌به‌ردابوو. ئه‌فسه‌رێك له‌به‌ر ده‌رگای ئێمه‌وه به ئامێری بێته‌ڵ له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ی ده‌كرد. ئه‌و ئه‌فسه‌رە‌ی له به‌غداوه قسه‌ی ده‌ركرد له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری پێش ده‌رگای ماڵمان، ده‌نگی ده‌هات و ده‌یگووت: «كه‌سیان ده‌رباز نه‌بێت، ته‌نانه‌ت منداڵانی (7-6) ساڵانیش ده‌ستگیر بكه‌ن و ڕاپێچیان بكه‌ن. نابێت له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا كه‌سیان ده‌رباز بێت».
ویستم هێرش بکەمە سەر یه‌كێك له‌و عه‌سكه‌رانه، پاڵێكیان پێوه‌نام و خه‌ریك بوو خۆم و كچه‌كه‌م بكه‌وینه به‌رده‌ست و پێیان! ئافره‌ته‌كانی دیكه نه‌یانهێشت. عەسکەرەکان فه‌رمانیان پێكرابوو، ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكات یان ڕابكات گولـلە‌بارانیان بكه‌ن. هه‌ندێك كه‌س به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا له كۆمه‌ڵگا بڕۆنه ده‌ره‌وه و خۆیان ده‌رباز بكه‌ن. سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌یان له‌وان ده‌كرد.
* هاوسه‌ره‌كه‌ت چۆن ده‌ستگیركرا؟
– هاوسەرەکەم له‌گه‌ڵ برایه‌كه‌ی له‌نێو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مان بوون، له‌پێش چاوی ئێمه به‌زۆر بر‌دیانن و ده‌ستگیریان كردن. ده‌رفه‌تی خۆشاردنه‌وه و ده‌ربازبوون له‌پێش هیچ كه‌سێك نه‌مابوو. ئه‌وانیشیان هه‌ر له ڕێگه‌ی كاركردندا گرت و بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كانیان گواستنه‌وه.
له‌و ڕۆژه‌دا هاوسه‌ره‌كه‌م و برا و ئامۆزا و خزمه‌كانی هه‌موویان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی دیكه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، كه‌وتنه به‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته دڕندانه‌یه و ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی نادیار و له‌نیوچوون و جینۆساید بوونه‌وه.
بڕوا بكه كوڕە خاڵی هاوسه‌ره‌كه‌م كه ناوی ( حوسێن) بوو، ئه‌قڵی خۆی له‌ده‌ست دابوو، شێت بوو، به‌رده‌وام ده‌ست و پێی به‌سترابوونه‌وه، ئه‌ویشیان گرت و ئیتر هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه. خاڵی هاوسه‌رەكه‌م كه ناوی ( محه‌مه‌د) بوو، ته‌مه‌نی له نێوان (90- 100) ساڵ ده‌بوو، توانای ڕۆیشتنی نه‌مابوو، ئەو‌یشیان له پێش چاوی ئێمه گرت و بردیان.
هه‌مووپیاوەکان یه‌ك به یه‌ك له‌نێو ماڵه‌كان ده‌ستگیر ده‌كرد و هه‌ر له‌وێ به ئۆتۆمبێلی جێبی سه‌ربازی ده‌گوازرانه‌وه بۆ سه‌ر شه‌قام و پاسی گه‌وره له‌وێ وه‌ستابوون، سواریان ده‌كردن و پاشان هه‌موویان پێكه‌وه به‌ره‌و شوێنێكی نادیار گوازرانه‌وه. نه‌مانده‌زانی بۆ كوێیان بردن. پاسه‌كان هه‌موویان په‌رده‌یان پێوه بوو، ئه‌و ڕۆژه وه‌كووڕره‌شترین و ناخۆشترین ڕۆژ بوو له ژیانی هاووڵاتییانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا.
له‌گه‌ڵ ڕاپێچانی هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ لای پاسه ڕاوه‌ستاوه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كه، نه‌هیای كچم خستبووه باوه‌شم و به‌گریان و زێمارێكی گه‌وره و بێ وێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی گۆمه‌ڵگاكه تا لای پاسه‌كان ڕۆیشتین. هه‌ر پیاوه‌كانیان ده‌هێنا و سواریان ده‌كردن و دوای په‌رده‌كانیان داده‌دایه‌وه. ماوه‌ی (4) كاژێر له‌به‌ر تیشكی سووتێنه‌ر‌ی خۆر له مانگی (تیرمه)، له‌وێ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه بەدیار گیراوەکان ماینه‌وه، به‌ڵام هیچ سودێكی نه‌بوو، له كۆتاییدا پیاوه‌كانی ئێمه‌یان برد و خۆمان به‌ته‌نیا له‌وێ ماینه‌وه.
ئافره‌تێك ته‌نیا داوای لێ‌كردن كه بۆ خاتری (خودای گه‌وره و قورئان) كوڕه تاقانه‌كه‌ی نه‌به‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نامه‌ردانه دایانه به‌ر شه‌ق و پێلاقە و ده‌ره تفه‌نگ، كه كۆرپه‌له‌كه‌ی له‌بارچوو!. پاشان ده‌ستیان به ڕۆیشتن كرد و ئێمه‌ش به‌ته‌نیا و به‌بێ پیاو له‌و كۆمه‌ڵگایه ماینه‌وه. ئه‌وه‌نده گه‌نج و لاو و پیره‌مێرد و مێرمنداڵیان له‌و كۆمه‌ڵگایه گرت و بردیان، ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقه كه‌سی شێت و پیر و منداڵیشیان نه‌هێشته‌وه و وه‌كوو ئاشی ئاو لێبڕاویان لێ‌كرد.
* له كاتی بردنی هاوسه‌رەكه‌ت چی پێگووتی؟
وتی: دڵنیابه ئێمه هه‌موومان له‌نێو ده‌به‌ن و وا به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌ڕۆین. ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕامه‌وه و باوكت نه‌گیرا بوو، ده‌توانی بڕۆیته‌وه بۆ نێو ماڵ و خزم و كه‌سوكارت.
دواتر هه‌ندێك ئافره‌ت گوتیان: باسیان كردووه كه بۆ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه ده‌یانبه‌نه شاری ( كه‌ركووك).
وتم: وا دیاره ئێوه شێت بوونه، بروا به‌م قسه بێ بنه‌مایانه ده‌كه‌ن، ئیتر خودا ده‌زانێت به‌ره‌و كوێیان ده‌به‌ن و له‌كوێ گولـلە‌بارانیان ده‌كه‌ن. ده‌مانزانی ئه‌م كاره‌ساته ته‌نیا بۆ مردن و سه‌ری بارزانییه‌كانه. ئه‌وه‌ی له‌و كۆمه‌ڵگای قوشته‌په كه‌وتبێته به‌رده‌ستیان، هه‌ر هه‌موویان گیران و بر‌دیانن و به‌بێ سه‌رپه‌رشت و پیاو، به برسیبوون و به هه‌ژاری له‌وێ ماینه‌وه و ته‌نیا خه‌ریكی ناڵه و گریان بووین.
* پاشان بارودۆخی كۆمه‌ڵگا چی به‌سه‌رهات؟
– دوای ( 6- 7) ڕۆژ كه‌س نه‌یده‌وێرا خۆ نزیكی كۆمه‌ڵگای ئێمه بكاتەوە و ئه‌وه‌ی نیازی وابوو لێمان نزیك ببێته‌وه، یه‌كسه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ده‌ستگیر ده‌كرا. پاشان ماڵه‌خزمێكمان كه له كۆمه‌ڵگای (مزوورییه‌كان) بوو له قوشته‌په کە ئه‌وان ده‌ستگیر نه‌كرابوون، هاتنه دوام و منیان برد بۆ ماڵی خۆیان و ماوه‌ی ( 2) ڕۆژ له‌وێ مامه‌وه، نه‌مده‌وێرا برۆمه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای خۆمان، ده‌مگووت: نه‌وه‌ك ئه‌مجاره هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ی هۆڤانه بێنن و ئافره‌ته‌كانیش ده‌ستگیر بكه‌ن. دواتر هه‌واڵم پێگه‌یشت كه باوكم له كۆمه‌ڵگای هه‌ریر خۆی ده‌بازكردووه و نه‌گیراوه. پاشان ڕۆیشتمه‌وه بۆ ماڵی خۆم، بۆ لای ئه‌و ئافره‌ته بێسه‌رپه‌رشتانه‌ی وه‌كوو خۆم مابوونه‌وه له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په. ده‌زگای هه‌واڵگری ڕژێم ئاو و كاره‌بایان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه بڕی و بیره‌كانی ئاویان گرته‌وه. هه‌ندێك له ئافره‌ته‌كان ده‌ڕۆیشتنه كۆمه‌ڵگای مزوورییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان له‌وێ به ته‌نه‌كه ئاو بێنن. هه‌ندێكیش ده‌رۆیشتنه كارێزێكی نزیك كۆمه‌ڵگاكه و ماوه‌ی نیو كاژێر زیاتر لێمانه‌وه دوور بوو. چه‌ندین جار مه‌فره‌زه هه‌واڵگرییه‌كانی ڕژێم ده‌گه‌یشتنه سه‌ر سه‌رمان و ته‌نه‌كه ئاوەکەی ئێمه‌یان ده‌ڕشت. ئه‌و ڕۆژه‌ی پیاوه‌كانی ئێمه‌یان برد و شوێنبزریان كردن، به ئافره‌ته خزم و هاوسێیه‌كانی خۆم ده‌گووت: مه‌حاڵه ئێمه جارێكی دیكه پیاوه‌كانی خۆمان ببینینه‌وه، چونكه ئه‌و سه‌دامه دڵی به هیچ كه‌سێك ناسووتێت و كه‌سێكی بێ ئۆڵ و ( كافره). (10) ڕۆژ له ماڵه‌وه مامه‌وه، پاشان هاتمه‌وه بۆ ماڵی باوكم له كۆمه‌ڵگای هه‌ریر. بەته‌واوی له دوای (10) ڕۆژ له گرتنی بارزانییه‌كان له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په، ڕژێمی عێراق هێرشێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی به‌هه‌مان شێوه هێنایه سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی بارزانییه سڤیله‌كان له ( دیانا- هه‌ریر- به‌حركه)، ئه‌وانیش له كردارێكی ڕه‌شبگیری و دڕندانه‌دا چوارده‌وره‌یان گیرا و به هه‌مان شێوه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی قوشته‌په جینۆسایدكران.
* چۆن گه‌ڕایته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای هه‌ریر؟
– شۆفێری ته‌كسییه‌ك له قوشته‌په‌وه منی گه‌یانده ( گه‌راج)ی هه‌ریر و خوا هه‌ڵناگرێت پاره‌ی لێوه‌رنه‌گرتم. شۆفێرێك بانگی ده‌كرد: ( هه‌ریر، هه‌ریر). گه‌ڕامه‌وه بۆ هه‌ریر و کۆڤانی كوڕیشم كۆڕپه‌له‌یه‌كی ( 2) مانگ بوو له‌نێو سكمدا. ئه‌و شۆفێره‌ش به هه‌مان شێوه وتی: خوشكم ئێوه لێتان قه‌وماوه و پاره‌ت لێ وه‌رناگرم. ئیدی نه‌گه‌ڕامه‌وه بۆ قوشته‌په، هه‌ڵمه‌تی ڕژێمی به‌عس بۆ گرتنی بارزانییه‌كان له كۆمه‌ڵگاكانی هه‌ریر و دیانا و به‌حركه، ته‌نیا یه‌ك جار بوو، به‌ڵام چه‌ند جارێكی دیكه هێرشیان كرده‌وه سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی قوشته‌په بۆ دووباره ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی بارزانییه‌كان. بۆ به‌خێوكردنی منداڵه‌كانم له كێڵگه كشتوكاڵییه‌كان و ده‌شتی هه‌ریر له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی دیكه كه پیاو و كوڕه‌كانیان ئه‌نفالكرابوون، خه‌ریكی كاری كرێكاری بووین.
خودای گه‌وره ده‌زانێت له‌كاتی كاركردن به‌خاوه‌ن كاره‌كانم ده‌گووت: ئێمه شه‌ره‌ف په‌رستین، به‌چاوی خه‌راپ ته‌ماشای ئافره‌ته‌كانمان مه‌كه‌ن. ئێمه ته‌نیا ده‌مانه‌وێت بارزانییه‌تی خۆمان و شه‌ره‌فی خۆمان بپارێزین.
پێم ده‌گووت: دڵنیابن ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزان هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
* کۆڤانی كوڕت كه‌ی له‌دایك بوو و چیت ده‌كرد؟
– نزیكه‌ی ( 8) مانگ له دوای گیرانی باوكی له‌دایك بوو. منداڵه‌كانم له لای دایكم به‌جێده‌هێشت و له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌كانی دیكه كه پیاوه‌كانیان ئه‌نفالكرابوون كارمان ده‌كرد. ئافره‌ته ئه‌نفالكراوه بارزانییه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی تێیكه‌وتبوون و پیاوه‌كانیان ئه‌نفالكرابوون، به‌ڵام توانییان پارێزگاری له خۆیان و شه‌ره‌ف و نامووسی خۆیان بكه‌ن. ئافره‌تی مه‌رد بوون و به‌رگرییان له یه‌كتر ده‌كرد. قه‌سه‌ر و كامان له په‌رێزه‌كان كۆده‌كرده‌وه. خه‌ریكی بژاره و ده‌رهێنانی به‌تاته و پیاز و لێكردنه‌وه‌ی شفتی و گندۆره بووین. نۆك و نیسكمان ده‌ڕنییه‌وه و ده‌رزه‌ی برنجمان دەپێچایەوە و هتد.
* خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه له‌گه‌ڵ ئێوه باش بوون؟
– خه‌ڵكی هه‌ریر له‌گه‌ڵ ئێمه زۆر باش بوون. چه‌ندین جار باسم ده‌كرد كه بنه‌ماڵه‌ی بارزان و ( پارتی دیموكراتی كوردستان) ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان. هه‌ندێكیان ئه‌وانه‌ی جاش و لایه‌نگری حكوومه‌ت بوون ده‌یانگووت: ئه‌م ژنه شێت بووه، ئه‌م جۆره قسانه ده‌كات. هەڵبەت ئیمە بی هیوا ببووین ئیتر دەبووایە بیر لە ژیانی ئێستا و داهاتوومان بکەینەوە.
ڕۆژیک له قوشته‌په كچه‌كه‌م زۆر نه‌خۆش بوو، له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی خزممان به نهێنی ڕۆیشتینه سه‌رشه‌قام و پاشان ڕۆیشتین بۆ لای نوژدارێك.
پزیشك وتی: جارێ ده‌بێت تۆ پشكنین بكه‌ی؟!
وتم: دكتۆر كچه‌كه‌م نه‌خۆشه و من پشكنینم بۆچیه؟
وتی: نه‌خێر پێویسته.
له دوای پشكنین وتی: تۆ دووگیانی!.
گوتم خوایە.. ئه‌وجا به‌و بارودۆخه ناخۆشه‌وه و پیاوه‌كه‌م گیراوه، ئیتر؛ منداڵم بۆ چییه و چۆن به‌خێویان بكه‌م؟ نوژداره‌كه كه‌سێكی به‌ته‌مه‌ن بوو وتی: ئه‌گه‌ر ئارام بگری، پشت به‌خودای گه‌وره ببەستیت، ڕه‌نگه ڕۆژێك له ڕۆژان ئه‌م منداڵه ببێته فریادڕه‌س و به‌خێوت بكات. به‌ڕاستی قسه‌كه‌ی ڕاست ده‌رچووه، ئه‌وه‌ته كوڕه‌كه‌م له‌لامه.
* باسی بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆت بكه له كۆمه‌ڵگای هه‌ریر؟
– زۆر نا‌خۆشیم له‌وێ بینیوه. به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریی ڕژێم له هه‌ریر بانگی كردم و وتی: پیاوه‌كه‌ت له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په گیراوه و تۆ له‌وێوه هاتووی بۆ ئێره و ده‌بێت بڕۆیته‌وه بۆ ئه‌وێ!. نزیكه‌ی (2) مانگ ده‌بوو گه‌ڕابوومه‌وه. باوكی پێشمه‌رگه كاك (حه‌مید میرخان) بێرسیاڤی، هاوسێی ئێمه بوو. خانووی ( عه‌زیز) كوڕی خۆی وێدام بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆمه ناوی، چونكه جێگای هه‌موومان له ماڵی باوكم نه‌ده‌بوویه‌وه. ئه‌وجا له‌و كاته‌دابوو كه به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی ڕژێم هاته سه‌رمان و وتی: تۆ له قوشته‌په هاتووی، ئه‌مه‌ش خانووی (مخریب)ـە‌كانه نابێت بڕۆیه ناوی. ئه‌و كوردیشی ده‌زانی، وتی پیاوه‌كه‌ت پاسه‌وانی ( مه‌لا مسته‌فا بارزانی) بووه و له ئێرانه، بڕۆ پیاوه‌كه‌ت بێنه‌وه، ئه‌وجا خانووه‌كه‌ت پێده‌ده‌ین. وتم: ڕاسته كاتی خۆی پیاوه‌كه‌م پاسه‌وانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بووه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په ده‌ستگیركراوه و منیش گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ماڵی باوكم.
وتم: ئه‌رێ خۆت نازانی پیاوه‌كه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كراوە؟
وتی: نا ئه‌مه دوو كوڕی ڕۆیشتووه بۆ ئێران، ئه‌وه خانووی (مخریب)ـە‌كانه.
پاشان مام میرخان وتی: وازی لێبێنه وادیاره سكاڵایه‌كی پیسیان لێكردووی، ئاگات له خۆت بێت. منیش نه‌مده‌زانی چی بكه‌م. دوای هه‌فته‌یه‌ك دیسان ڕۆیشتینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌كه پاك بكه‌ینه‌وه.
دیسان هاتنه‌وه سه‌رمان و وادیاره سیخوڕه‌كه هه‌ر چاودێری ده‌كردم. وتی: سبه‌ینێ ده‌تنێرینه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په.
باوكم ناسیاوێكی له گوندی ( باتاس) هه‌بوو، شه‌و منی برده ماڵی ئه‌وان. من و خوشكه‌كه‌م بووین، ماڵه‌كه زۆر باش بوو، به‌ڵام تاكوو به‌یانی له‌ترسان خه‌ومان لێنه‌كه‌وت.
پاشان گه‌ڕاینه‌وه و ماوه‌یه‌ك بوو نەمدە‌وێرا له ماڵه‌وه بێمه ده‌ره‌وه. باوكی منیشیان گرتبوو (لەبەر ئەوەی من دیار نەمابووم)، به‌م هۆیه‌وه ئێمه زۆر نیگه‌ران بووین.
* چیت هه‌یه بۆ هاووڵاتیانی هه‌ولێر و هه‌ریر و شوێنه‌كانی دیكه، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رده‌می ئه‌نفال هاوكاریی ئێوه‌یان كردووه؟
– تا ده‌مرین چاكه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه له هه‌ولێر و هه‌ریر و شه‌قڵاوه و دیانا و شوێنه‌كانی دیكه له‌بیر ناكه‌ین، كه له‌و بارودۆخه‌دا هاوكارییان ده‌كردین و توانیمان بۆ خۆمان كاری كرێكاری بكه‌ین و منداڵه‌كانی خۆمان به شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزییه‌وه به‌خێو بكه‌ین.
* مامۆستای زانکۆ (کۆڤان) کوڕی ئەنفالکراو(عومه‌ر حه‌سه‌ن هۆستانی) هەستی خۆی بەرانبەر ئەنفالکردنی باوکی و بارزانییەکان دەربڕی و گوتی:
پرۆسه‌ی ئه‌نفال یه‌كێكه له به‌دناوترین ئه‌و كاره چه‌په‌ڵانه كه ڕژێمی به‌عس به‌سه‌ر میلله‌تی كورردیدا هێناوه. قۆناغی یه‌كه‌میش له‌سه‌ر بارزانییه‌كان جێبه‌جێكرا. ئه‌و پرۆسه‌یه بارزانییه‌كانی له ته‌مه‌نی ( 90-9) ساڵی گرته‌وه و هه‌موویان ئه‌نفال كران و جینۆساید کران. ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه دایكم باسی كرد، بووه‌ته هۆكارێك كه زۆر به‌م هۆیه‌وه نیگه‌ران بوومه و گریاوم. دوای ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان دایكانی ئێمه ڕووبه‌ڕووی ماندووبوونی زۆر و زه‌حمه‌تییەکی گه‌وره بوونه‌ته‌وه. ئه‌وان ڕه‌نجیان كێشاوه و ڕۆڵی دایك و باوكیان بۆ ئێمه گێڕاوه بۆ به‌خێوكردن و دابینكردنی ژیانمان. ئه‌مه وێڕای ڕاگواستن و وێرانكردنی گونده‌كانیان و گۆڕانی ژینگه و كه‌لتوور و دابونه‌ریتیان له‌نێو پرۆسه‌ی (نه‌فیكردن) و گواستنه‌وه‌یان بۆ باشووری عێراق. له‌كاتی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان هێشتا له‌دایك نه‌ببووم و دوای جینۆسایدكردنی باوكم؛ له‌دایك بوومه.
بۆ من زۆر ناخۆش بوو كه به‌بێ باوك چاوم به ژیان هه‌ڵێناوە و نه‌متوانیوە جارێك بانگی باوكم بكه‌م و پێی بڵێم ( باب). باوك سه‌رپه‌رشتیار و سه‌روه‌ری خێزانه و ئه‌ركی به‌خێوكردنی خانه‌واده‌یه‌كی له ئه‌ستۆدایه. دوای ئه‌وه‌ی له ژیان گەیشتم و زانیم كه باوكم و كه‌سوكارمان واتا ( 8000) بارزانی له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دامه‌وه جینۆسایكراون، بیرم له‌وه كرده‌وه چۆن بتوانم قه‌ره‌بووی دایكم بكه‌مه و پارێزگاری لێبكه‌م و هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌ندێك دڵی بده‌مه‌وه و لە هەمانکاتدا پارێزگاری له خوشكه‌كه‌م بكه‌م. بە هەوڵ و پشتیوانی دایکم خوێندنم تەواو کرد و ئه‌مڕۆ مامۆستای زانكۆ و قوتابی دكتۆرام.
واته خه‌ونه‌كانی دایكی خۆت جێبه‌جێ كرد؟.
به‌ڵێ خه‌ونه‌كانی زۆر بوون و بوونه پاڵپشتێك كه بتوانم سه‌ركه‌وم و ببمه پێشه‌نگی ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی باوك و براكانیان ئه‌نفال و جینۆسایدكراون. سوپاسی تۆی بەڕێز و ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ده‌كه‌م؛ کە ئه‌ركێكی زۆر پیرۆز ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر مێژووی هه‌ڤاڵان و هاوسه‌نگه‌رانی مسته‌فا بارزانی و شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و یادەوەری و لاپه‌ڕه شاراوه‌كانی ژیانیان تۆمار ده‌كه‌ن.