سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد، جەختیان لە ڕێزگرتن و گەرەنتیکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و وەک قەوارەیەکی دەستووریی و فیدراڵی كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 29/7/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی لە محەمەد ئەلحەسسان، نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و سەرۆکی نێردەی (یوونامی UNAMI) کرد، لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەكە، جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕێزگرتن و گەرەنتیکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و وەک قەوارەیەکی دەستووریی و فیدراڵی، هەروەها کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستییانە بۆ سەر ژێزخانی وزەی هەرێمی كوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەران.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.