د. چنار سهعد عهبدوڵڵا
چەند ساڵە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچهخۆران، لەناو فشارو شەڕێکی دەروونی سەختی هات و نەهاتی مووچه، ڕێککەوتن ونەکەوتنی هەولێر و بەغدا دەژین. هەر جارەو بەهۆکارو پاساوێک، ئەو جەنگە دەروونییە درێژەی هەیە، وەکو بڵێی مەبەستێک لەپشت ئەو ئازاردانەهەبێت و بەغدا چێژی لی وەربگرێت. بەداخەوە دەزگا و کەناڵە میدیایەکانی کوردستانیش بۆ ئەوەی لایک و فۆڵۆوەرەکانیان زیاد بکات، تەنانەت هەندێکجار بۆئەوەی لەو کێبڕکێ میدیایەدا پێشی یەکتری بکەون بووینە بەشێکی سەرەکی ئەو جەنگە و دەروونی هاوڵاتییان زۆر ماندوو کردووە. تەنانەت لە ئێستادا هیچ هەواڵێک بەئەندازەی هەواڵی مووچه لای گشت چین وتوێژەکان بەپیرولاو ژن پیاو، تەنانەت منداڵانیش گرنگتر نییە؟! ئەم شەڕە دەروونییە لەسێ مانگی ڕابردوودا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەهەر بەهایەک بێت هاوڵاتیانی کوردستان بەرامبەر ئەو جەنگە دەروونی، ئابووری و سیاسییەی هەڵگیرساوە خۆڕاگربووە، بەوئومێدەی ئەم قۆناغەش وەکو قۆناغەسەخت و دژوارەکانی ڕابردوو تێبپەڕێنین، و بەهێزتر لە جاران هەنگاو بۆداهاتووبنێین، ئەم گوتەیە زۆر ڕاستە کە دەڵێ: هەر زەڕبەیەک ئەگەر نەتکوژێت بەهێزترت دەکا. هەروەها لەناخی قەیرانەکاندا دەیان دەرفەتی تازە سەرهەڵدەدەن. کەواتە پشت بەستن بە هێزو خۆڕاگری ئەم میللەتە و مەترسی ئەوەی کە ئەم کێشمەکێش وململانێیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە ئەگەری زۆر بەشێوازو مۆدێلی نوێ بەردەوام بێت، پێویستە بەپلان وستراتیژێکی جیاواز ئەم قەیرانە بگۆڕین بۆ دەرفەت، بۆیە پێویستە لەمڕۆ بەدواوە لەستراتیژیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا، ئەم چەند خاڵە لەبەرچاوبگیردرێت:
1- داڕشتنی سیاسەتێکی فرە ڕەهەند بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابووری لە کوردستان و برەودان بە فەرهەنگی کارکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرهەمهێن و خاوەن کارامەیی. ئیتر دەبێ فەرهەنگی کارکردن بکەینە بنەمایەکی ڕەوشتی و هەر لەتەمەنی هەرزەکاریدا گەنجان ولاوانی کوردستان (بەکچ وکورەوە) بەڕێکارومیکانزمی جۆراو جۆر پەرە بە بەهرەکانیان بدرێت و بێنە ناو ژیانی کارکردنەوە، دروشمی (کارکردن بەهای بەرزی ڕەوشتییە، کارکردن کەسایەتییە…)بەرزبکەینەوە.
2- بەڕێگای بەهێزکردنی دامەزراوەی یاسایی وسستمی بانکی، چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەڵی، زەمینەیەکی لەبارو تەندروست ویەکسان وهاوسەنگ، بۆ سەرمایەدارو خاوەنکارە ناوخۆیی وبیانییەکان بڕەخسێندرێت. بۆئەوەی بەشداری لە بوژانەوەی کەرتی ئابووری و دارایی کوردستان بکەن و دەرفەتی کارکردنی فرە بهێننە ئاراوە.
3 – داڕشتنی ستراتیژێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مووچهخۆری حکومەت، لەبری ئەوەی ژمارەی مووچهخۆری هەرێم وەکو ئێستا سەرووی یەک ملیۆن بێت و نزیکەی٨٠٪داهاتی هەرێم بۆئەمە بڕوات، لەبەرامبەردا زیادکردنی ڕێژەی مووچهخۆران لەکەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد و دابەزاندنی ئەم ڕێژەیە بۆ نیوه، بێگومان باری سەرشانی حکومەت سوکتردەکات و بەداهاتی ناوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مووچه دابین دەکرێت. بەم ستراتیژییەتە لەبری ئەوەی حکومەت خەڵکی بژیەنێت خەڵک بەڕێگای ڕسومات و بەرهەمەکانیان حکومەت دەژێنن. ئیتر کۆمەڵگاکەمان لە کۆمەڵگایەکی بهكاربهرهوه، بۆ کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن دەبەین و لەو دۆخە وابەستەییە بەناوەند، ڕزگاری دەبێت.
٢٦/ ٧/ ٢٠٢٥