پاشخانی سەد ساڵ پێکەوە ژیان و ئایندەی هەرێمی کوردستان

143

پ.ی.د. ساسان حکمه‌ت عه‌لی*
پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی (1921) و دواتر لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتەوە لە لایەن بەڕیتانیاوە پاش جەنگی یه‌كه‌می جیهان، ئامانج لێی گۆڕانکاریی جیۆسیاسی بوو بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئینگلیزەکان ، بە بێ ڕەچاوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی کە هۆکاری دەرکەوتنی قەیرانێکی جیۆپۆڵیتیکی بەردەوام بوو. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان مافی بڕیاردانی چارەنووس لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ئۆرگانە سەرەکییەکانی خۆی و چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە سەرچاوەی گرت و لەگەڵ پراکتیزەکردنی زانستی و کاریگەرانەی لە لایەن گەلانی جیهانەوە ، بەڵام پراکتیزەکردنی پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕوخسارێکی یاسایی وەرنەگرتووە بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی دا ماوەتەوە، چونکە دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بە پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆڵیتیکیەکانی خۆیان ئەو مافانەیان بە گەلان ڕەوا بینیوە.
هەروەک پاڵپشتی و بەرژەوەندییە جیۆپۆڵیتیکییەکانی ویلایەتەیەکگرتوەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا لە لایەک و هۆکارەکانی توندوتیژی و کوشتار و کۆمەڵکوژی و جەنگی ناوخۆیی لە لایەکی تر وایکرد بڕیاری جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ سەر بگرێت ، بەڵام جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیاباران و سووتماککردنی خاکی کوردستان و بە عەرەبکردن و ڕاگوێزان و وێرانکردنی گوند و شارۆچکەکانی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە لە ئاستی جیهان بە گشتی چاوپۆشی لەو تاوانانە کرا کە لە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا .
دروستبوونی سیستەمی تاک جەمسەریی لە سەرەتای نەوەدەکان بووە هۆکاری دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتە جیۆپۆڵیتیکیەکانی سیستەمی نوێی جیهان ، لەم سیستەمە هەژموونیکەدا تەواوی ڕووبەری جوگرافی جیهان بە ناوچەی ستراتیژی یان کۆمەڵێکی ئاسایشی سەرەکی هەژموونی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دەناسرێن کە دواتر کوردیش سوودێکی گەورەی لەم گۆڕانکاریی و سیستەمە نوێیەی جیهان وەرگرت ، چونکە دەستێوەردانی مرۆیی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی (1991) و دەرکردنی بڕیارنامەی (688) هۆکاری کردنەوەی سنوورە داخراوە جیۆپۆڵیتیکییەکان بوو لە بەردەم هەرێم و دواتریش دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (1992) پێگەکەی بەهێز کرد .
لەگەڵ لەناوچوونی حکوومەتی بەعسیش لە ساڵی (2003) و ئەو گۆڕانکاریانەی لە عێراق دا ڕوویدا بەڵام سنوورە جوگرافییەکەی وەک خۆی ماوەتەوە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کەوا دەوڵەتانی زلهێز تاکوو ئێستا لە گەڵ ئەوەن واقیعی سایکس بیکۆ وەکوو خۆی بمێنیتەوە و دەستکاری نەکرێت .
دەوڵەتە زلهێزەکان سوودیان لە کورد وەرگرتووە لە هاوکێشە ستراتیجیەکانیان ، دەبێ دەسەڵاتی کوردستانی لەوە تێبگات نابێ خۆی بکاتە قوربانی ئەو دەوڵەتانەی دەیانەویت سوود لە دۆخی جیۆسیاسی کوردستان وەربگرن بۆ جێبەجێکردنی تەکتیکە کاتی و ئامانجە درێژخایەنەکانیان، بەڵکو پێویستە سوود لەم دەوڵەتانە وەربگرێت بە مەبەستی بەهێز کردنی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەک هێنانی کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی جیهان بۆ بەهێزکردن و قایمکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بووە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەتی لە ڕووی ووزە و ئابوریی و دواتر لە ڕووی سیاسییەوە . چونکە نەوت و گاز چەندە پرۆژەیەکی ئابووری و بازرگانییە، هێندەش پرۆژەیەکی جوگرافی و سیاسی نێودەوڵەتیە ، لە ڕێگای نەوت و گازەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو هاوکێشە ڕامیارییە ئابوورییەکانی جیهان و نەوت و گاز پیگەی جیۆئیکۆنۆمیکی هەرێمیان بەهێز کرد و هۆکار بوون بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان و کردنەوەی چەندین کونسولگەری وڵاتان . دەست گەیشتنی هەرێم بە سەرچاوەکانی وزە و هەڵکشانی سەنگی جیۆپۆڵیتیکی هەرێم ، لە لایەن هێزە ناوخۆییەکانی عێراق و بەشێک لە هێزە هەرێمییەکانیش بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ دەزانرێت هەر بۆیە دژایەتیکردن و سیاسەتی تاکڕەویی حکومەتی عێراق و پێشێل کردن و جێبەجێنەکردنی دەستوور لە لایەن حزبە شیعەکانەوە و گەماڕۆدان و پشتگوێ خستنی کورد بەشێکن لەو ڕێوشوێنانەی کە لەم ڕووەوە گرتوویانەتە بەر . کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ترسی لەم جۆرە هەنگاوانەی هەرێم هەیە و وای دەبینێ بەرەوپێشچوونی ئەم هەنگاوانە مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی نەتەوەییان و ناسەقامگیری لە ناوخۆی وڵاتەکەیانی لێ دەکەوێتەوە و هەر بۆیە هاوئاهەنگی سیاسی و سەربازیی لە گەڵ میلیشا شیعەکاندا هەیە .
تورکیاش لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی باشی سیاسی و ئابووری لەگەڵ هەرێم دا هەیە، بەڵام لە ستراتیجیەتی تورکیا دا هەرێمی کوردستان جیا ناکرێتەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتەکەیان و بریتیە لە درێژبوونەوەیەکی جیۆپۆڵیتیکی کورد کە پێویستی بە ڕێکخستنە بە جۆرێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دا بمێنێتەوە و نەبێتە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نەتەوەییان . تورکیا دەیەوێت هەرێمی کوردستان پاشکۆی بێت نەوەک هاوبەشی سیاسی و هەر هەوڵدانێکیش لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە ڕووبەڕووی دژایەتی توندی تورکیای دەکاتەوە ، هەروەها پێی وایە هەر دابەشبوونێک لە عێراق دا ڕەنگدانەوەی لە سەر وڵاتەکەی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە ، هەر بۆیە ستراتیجیەتی ئەوەیە هەرێم ئۆتۆنۆمیەکی سنوورداری هەبێت چونکە دەزانن هەر بەرەپێشچوونێکی هەرێم ئەوا کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونیشی دەبێت بۆ سەر وڵاتەکەیان .
سەبارەت بە ویلایەتەیەکگرتوەکان لە ڕابردوو و ئێستاش دا بە بەردەوامی جەختیان لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەوە و لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی (2003)ەوە تاکوو ئێستاش جەختیان لە سەر بەردەوامی دیالۆگ کردوەتەوە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ ، هەروەک بەڕیتانیا و ئەمریکا لە کاتی نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق دا ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو بۆ ئەوەی دەستوور کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی بە ناو فیدڕاڵ و لە بنەڕەت ناوەندیدا بهێڵێتەوە . چونکە سیاسەتی هەرێمی ویلایەتەیەکگرتوەکان لە سەر بنەمای هاوسەنگی هێز و هاوسەنگی هەڕەشەکانە، بۆیە لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان گرنگە بەڵام عێراق و تورکیا گرنگتر بووە بۆیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سەرووی هەموو لایەنێکی تر دەبینن و لە ڕاستیشدا مەرج نیە زۆرجار ئەوەی دەیڵێن ئەوە بکەن بەڵکو دەبێ چاوەڕێی پێچەوانەکەشی ببی .
بەریتانیاش ئەو دەوڵەتەیە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم عێراقی داهێناوە و دواتر هەرێمی کوردستانیشی پێوە لکاندووە تاکوو ئێستاش پێداگیری لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و پێی وایە پێویستە هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا بمێنێتەوە و نایەوێت ئەو دەوڵەتەی کە خۆی دایمەزراندوە دابەش بێت .
ڕوسیا یاریکەری گەمە سیاسی و ئابورییەکانە لە زۆر ناوچەی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بەڵام لە بەر ئەوەی لە لایەک هەرێم بابەتی کێبڕکێ نەبوو لە نێوان ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەروەها لە لایەکی تر دەیەوێت هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، بۆیە هەڵوێستەکانیان بێلایەنەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ئەمە جگە لەوەی لە هەندێ لە قۆناغەکاندا پەرچەکرداریان هەبووە و هەوڵی قۆستنەوە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەیان داوە کە ویلایەتەیەکگرتوەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێم دا دروستیان کردووە .
دەکرێ بڵێن ئەوەی زیاتر بووەتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێم گیرۆدەی جیاوازییە سیاسی و ئیداریی و حزبیەکانە و تاکوو ئێستاش سیستەمی دوو ئیدارەیی کۆتایی پێ نەهاتووە، ئەمەش زیانێکی زۆر بە پرسی سەربەخۆیی هەرێم و هەروەها هۆکاری دووبەرەکی دەبێت لە نێو کورددا هەربۆیە پێویستە هەرێم لە هەوڵی پاراستن و جێگیربوونی ئەو کیانە فیدڕالیە دا بێت ، سەرکردایەتی کوردیش گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی لە ئێستادا فیدرالیزم بۆ کورد ڕێگایەکە بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە دەسەڵاتی بەغدا و دڵنیابوونە لەوەی عەرەب جارێکی تر نەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بە سەر هەرێم دا بسەپێنن .
بەڵام ئەم تاکە هەرێمە فیدراڵییە بێ کێشە نیە بە تایبەتی لە نەبوونی یاسای نەوت و غاز و دابەشکردنی داهاتەکان و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەڕەشەی میلیشیاکان کە وای کردووە بەردەوام هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ ناکۆکییان هەبیت .
لە دوای ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو جەنگە بەوەکالەتانەی کە لە جیهان دا هەیە دەوڵەتە هەرێمییەکان ئامادەن لەگەڵ دۆخی ئێستای ناوچەکە بە پێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان ڕێککەوتنێکی نوێ بکەن. ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە لایەک بەرژەوەندییە ئابوریی و ئاسایشی دەوڵەتە گەورەکانی جیهانی تێدا دەبێت لە لایەکی تریش بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی هەرێمی و سەنتڕالیزبوونیانی تێدا دەبێت، چونکە دەوڵەتە گەورەکانی جیهان کێشەی ناوەندییان نیە بەڵکو دەوڵەتە هەرێمییەکان کێشەی سەنترالیزمی دەسەڵاتیان هەیە . ئەمە ئەگەر وا بێت ئەوا لە سەر کەوڵی نەتەوەی کورد دەبێت دیسان ، چونکە بە درێژایی مێژوو هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان هەرێمی کرا بێت کورد نەیتوانیوە بیگۆڕێت و باجەکەشی پێش گەلانی تر کورد داویەتی . سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەکرێ ئاماژە بەوە بکەین ئەزموونی فیدڕاڵی لە ناو ناچێت چونکە ئەم هەرێمە پاڵپشتی دەستووری و نێودەوڵەتی هەیە بەڵام هەوڵ دەدەن سنووردار و بچووکی بکەنەوە، چونکە ئەم بەناو هاوبەشانەی ئێمە کە لە دوای ساڵی (2003) هاتنە دەسەڵات دوای ماوەیەکی کەم ئەوەیان بۆ هەرێم ڕوون کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی خۆیان نازانن . ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەرێم دەبێ لەوە بگات ئەوەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێ ڕەگ و ڕیشەی لە بەرژەوەندییە جیۆپۆڵیتیکییەکاندایە و ئەمە خاڵە سەرەکییەکەیە و تاکوو خۆمان وەکوو قەوارەیەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کە توانای ئەوەی هەبێت بەرگری لە خۆی بکات نیشان نەدەین ئەوا لە هاوکێشەکاندا ڕۆڵمان نابێت.
* پسپۆری بواری جیۆپۆڵیتیک