سهرهتا وتار سەرۆک بارزانی، زامنی شکۆمەندیی کورد و سەروەریی کوردستانە
چیا هەرکی
ئەو هێرشانەی ماوەیەکە بە دڕۆن دەکرێنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی هێرشی تیرۆریستین، هاوکات لەگەڵ پیلانی ژەهراویی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، تەواوکەری یەک ئامانجی پیلانگێڕیی نەگریسن، کە ئەویش لێدانی ئیرادەی کورد و لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
دیارە ئەوانەی لە پشتی ئەم کارە ترسنۆک و هێرشە نامەردانەن، بە خەیاڵی خۆیان وایان داناوە، گەلی کورد و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی چۆک بۆ ویستە نەگریس و مەرامە گڵاوەکانیان دادەدا. کەچی هێندە کورتبینن و ئەوەندە بێ زاکیرەن لەبیریان چووە، گەل و سەرکردایەتییەک کە لە سەت ساڵی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا، نەک هەر ملی بۆ هیچ جەور و ستەم و دڕندەییەک نەدا، بەڵکوو خەونی دەیان دەسەڵات و حوکمڕانی بەهێزتر لەوانەی ئێستای لە عێراقدا خستە چاڵەوە.
ئەوەی زۆر مایەی دڵخۆشییە، لەناو ئەم هەموو هەڕەشە و هێرشانەی دوژمن و نەیارانی ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، یەکڕیزیی گەلی کوردستان بە گشتی و ئەم بەیەکەوەییەی دوایی پارتی و یەکێتییە بەتایبەتی. یەکڕیزییەک کە دوژمنان گرەویان لەسەر لەباربردن و تێکدانی کردبوو، بەڵام حیکمەتی سەرۆک بارزانی و ئیرادە نەتەوەیی و کوردستانییەکەی جەنابیان، ئەم خەوەشی زڕاندن.
کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و دەرچوون بە گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی لە ئاست بەغدا و ڕووداوەکانی ناوچەکە، هەر بە تەنیا بۆ لایەنگرانی ئەم دوو حیزبە نا، بەڵکوو بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان جێی دڵخۆشی و دەستخۆشی بوو.
ئەم هەوڵ و هەنگاوە کردەنییەی لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا و کارکردن بۆ گەڵاڵەکردنی گوتارێکی کوردستانی، کە هۆکارێکی گرنگ بوو لە ئارامکردنەوەی دەروونی خەڵک و ڕەواندنەوەی ترسیان لە گریمانەی فراوانتربوونی درزی نێوان هێزە کوردییەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەیەکەوەبوونمان فاکتەری بەهێزبوون و مانەوە و سەرکەوتنمانە، بەیەکەوەبوونێکی کوردستانییانەی بەرپرسیار، کە ستراتیژ و باوەڕی نەگۆڕی (سەرۆک بارزانی)یە و لەو پێناوەدا هەرچی پێویست بێت، درێغیان نەکردووە و نایکەن.
سەرۆک بارزانی کە لە بەرامبەر دوژمن و نەیارانی کورد و کوردستاندا، کە جگە لە زمانی هەڕەشە و خۆگیڤکردنەوە و هێرش، هیچ زمانێکی تر شک نابەن، هەمیشە وەک سەرۆکێکی ئاشتیخواز و ژیان و مرۆڤدۆست هزر و زەینی هەر بە لای گفتوگۆ و دانوستانە و ئەگەر ناچار نەکرێت، پەنا بۆ هێز و چەک نابات و بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە کە “دە ساڵ گفتوگۆ لە یەک سەعات شەڕ، باشترە.”، بەدڵنیاییە بۆ ئەرکێکی مەزنی وا گەورە، کە گرەنتیی پاراستنی شکۆی کورد و سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی کوردستانە، هێز و هەمیشە دەست و دڵی ئاوەڵا و کراوەیە، چونکە لە باوەڕ و ڕوانگەی بەڕێزیاندا، کورد و کوردستان هێڵی سوورن و دەبێ هەموو هەوڵ و خەبات و قوربانیدانێک لەو پێناوەدا بن.