چۆن بڕوانینە وتارەكەی ئەردۆغان

123

فەرحان جەوهەر
وتارەكەی ڕۆژی 12ی تەممووزی سەرۆك كۆماری توركیا ئەردۆغان وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی چەكدانانی ڕەمزی 30 لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو، تا ڕادەیەك وتارێكی زۆر باش بوو، لانیكەم سووربوونێكی زۆری تێدابوو بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆسەیە، هەروەها ئەردۆغان بە ڕاشكاوی ڕەخنەی لە حكوومەتەكانی پێشووی توركیا گرت، كە زمانی كوردییان قەدەغەكردووە و دایك و منداڵیان لێك جیاكردووەتەوە و تەنانەت لە زیندانیش نەیانهێشتووە بە كوردی قسە بكەن، هەروەها خاڵێكی تری زۆر باشی تێدابوو گووتی: «ئەمە لە ئەنجامی دانوستانێكی زۆرەوە هاتووە»، ئەم خاڵە لە ڕووی مێژووییەوە بۆ كورد گرنگە، چونكە داندەنێت بە لایەنی بەرانبەر كە ئەم ڕێككەوتنە بەرەنجامی گفتوگۆی دوولایەنی حكوومەت و كوردە لە توركیا.
ئەردۆغان هەڕەشەی لە ڕەگەزپەرستانی توركی كرد، كە بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەكانیان لە دەوڵەت باخچەلی جێگای نابێتەوە، دیارە باخچەلی هەڕەشەی لێكراوە، هەروەها چەندین جار هاوشێوەی تورك ناوی كوردی هێنا و باسی لەوە كرد كە پێكەوە لەگەڵ دەم پارتی پڕۆسەكە سەردەخەن، لە وتارەكەیدا دەیخواست پاڵپشتی جەماوەرەی بۆ ئەو ڕێكکەوتنە پەیدا بكات، چونكە باسی لە زیانەكانی بەردەوامی ئەو جەنگە چەند ساڵەیە كرد و گووتی: «زیانی ئابووریمان دوو ترلیۆن بووە، وێڕای زیانی گیانی كە شەست هەزار كەس كوژراوە لە ماوەی 47 ساڵی جەنگی حكوومەت و پەكەكە»، گووتیشی «هیچ كەسێك قازانجی نەكردووە و هیچ لایەك سەركەوتوو نەبووە»، كە ئەم قسەیە ئێجگار گرنگە بۆ سەركەوتنی هەر گفتوگۆیەك و مەرجی سەرەكییە بۆ بەردەوامی و سەركەوتنی.
هۆكارەكانی ئەنجامدانی گفتۆگۆ لە نێوان هەردوولادا هەرچییەك بێت، دواجار هەڵبژاردنێكی عەقڵانییە، هیچ بژاردەیەك لە بژاردەی ئاشتی باشتر نییە، بە چاوپۆشین لەوەی كام لایەن زیاتر دەسكەوت دەچنێتەوە، خرابترین بژاردەش جەنگە، ئەگەرنا بێگومان بارودۆخە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەكەی توركیا و ناوچەكەش خۆی سەپاندووە لە بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆسەدا، بەڵام ئیدی ئەمە سروشتی سیاسەتكردنە، پێویست دەكات پێدراوە سیاسی و ئابووریی پێشهاتەكانی ئاسایش بخوێنیتەوە و لەسەر ئەساسی ئەو گۆڕانكارییانە مامەڵەی لەگەڵ بكەی، چونكە هیچ شتێك بەناوی حەق لە سیاسەتدا نییە، ئەوەی هەیە وەدەستهێنانی ئەوەی مومكینە، نەك گەڕانەوەی حەق، بۆیە ئەگەر لەم سۆنگەیەوە سەیری هاوكێشەی ئەو دانوستانەی نێوان حكوومەتی توركیا و پەكەكە نەكەین، ناتوانین لەگەڵی بین. ئەوەی لەسەر زەمین و نێولاپەڕەكانی گفتوگۆی سیاسەتی جیهانی دەگوزەرێت زۆر جیاوازە لەوەی مافی تۆ چەندە، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنی وتارەكەی ئەردۆغانیش لەم چوارچێوەیەدا نەبێت ناتوانین بەگەشبینییەوە تێی بڕوانین.
ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا بۆ هەرێمی كوردستانیش دەسكەوتێكی گەورەبوو، چونكە ئێمەی خستبووە سەر لێواری شەڕێكی نەخوازراو، چەندین ساڵە پەكەكە بۆ ئەم هەرێمە ببووە سەرئێشەیەكی مەزن، كە جۆرێك وازی لە دەستخستنە نێو كاروباری سیاسی و جەماوەری نەدەهێنا، بەشێكی زۆری خاكی سنووری هەرێم و گوندەكانی وێران كردبوو، بیانووی دابووە دەست توركیا كە بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێن لە ناوچە سنوورییەكاندا بكات و بنكە و بارەگا دابنێت، ئەگەر ئەم هەرێمە نەبایە لە مێژبوو پەكەكە بواری ئەو جموجۆڵە سەربازییانەی نەدەما، بۆیە بەم ئاشتییە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان تا ڕادەیەكی باش ئارام دەبنەوە.