سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریکا كرد و لە دیدارەكەدا، پرسی مووچەی كوردستان و هەناردەكردنەوەی نەوت و ڕاگرتنی هێرشە درۆنییەكان و پێكهێنانی كابینەی دە، جەختیان لەسەر كرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە 19/7/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریکا كرد
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
باڵوێز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە.
هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان بووەستێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.