خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- لە 13 ساڵەی کۆچی دوایدا بەرنامەی دیداری تایبەتی کەناڵی ڕەسەن، لە یاد و وەفا دا، بەرنامەیەکی تایبەت و گشتگیری بە ناونیشانی (جەلال بەیار، هونەرمەندە بە ویقارەکەی هەولێرێ) لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئاری ئاغۆک و وێنەگر و دەرهێنانی یوسف ئەکرەم مامەسێنی پێشکەشکرد، دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم بەرنامەیە ڕاگەیاندنکار ئاری ئاغۆک گوتی: جەلال بەیار، یەکێکە لەو هونەرمەندە بەتوانا و بە ئەزموونانەی شاری هەلێر کە بەدرێژایی تەمەنی هونەریی توانیویەتی مێژوویەکی پاک و جوان بۆخۆی تۆماربکات، بەداخەوە ئەو هونەرمەندە زوو بەجێی هێشتین، وەک وەفایەک بۆ رابردووی هونەریی ئەم هونەرمەندە، کاری ئەو جارەی بەرنامەکەمان بۆ ئەو هونەرمەندە تەرخانکرد، وەک وەفایەکی بچووک بۆ ئەزموونی زێرینی بەیاری کۆچکردوو.
دەربارەی ناوەرۆک و بڕگەکانی ئەم بەرنامەیە، ئاری ئاغۆک ئاماژەی بەوە کرد کە بەناونیشانی (جەلال بەیار، هونەرمەندە بە ویقارەکەی هەولێرێ) لەچەند گرتەیەک و بەش و گۆشەیەک پێکدێت کە بریتین لە (سەردانی کردنی ماڵی کولتووری جەلال بەیار لەگەرەکی عارەبان، کە لەلایەن جەمال دیلان ی برای ئەرشیفەکان کۆکراوەتەوەو سەرپەرشتی دەکرێت، لەو گۆشەیە دیلان لەیادی برای هونەرمەندی کۆچکردوو، باس لە بیرۆکەی ئەو ماڵە و ژیاننامەی هونەرمەندی کۆچکردوو دەکات، هەروەها سەردانیکردنمان و نیشاندانی ئەو قوتابخانەیەی کە جەلال بەیار ساڵی پەنجاکان قوتابی بووە لەوێ، هەروەها نیشاندانی چەند وێنەیەکی ڤیدیۆیی و فۆتۆیی و بەشێک لە ڕۆڵ بینینی لەبەرهەمەکانی، بەشێکی دیکەش تایبەتە بەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی کە لەئەکاونتی تایبەتی خۆیان باسیان لە جەلال بەیار کردووە، دواجاریش سەردانیکردنمان بۆ گۆرستانی کەسنەزان و سەر گۆڕی هونەرمەندی کۆچکردوو کە لەئاییندەیەکی نزیکدا پێشکەش دەکرێت.
هونەرمەند جەلال بەیار، لە ساڵی ١٩٤٧ باوکی لەشاری ڕانیە پۆلیس بووە ، لەوێ لەدایکبووە، بەڵام بەداخەوە لە ڕێککەوتی ٢٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ کۆچی دوایی کردووە و لەدوای خۆیدا کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری بهجێهێشتووە.