خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- هەروەك چۆن لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پڕۆژەی جۆراوجۆری ئاو بەبێ جیاوازی بۆ شارەكان ئەنجام دەدرێت، ئاواش پڕۆژەی گەورەو ستراتیژی بۆ دەوروبەری شارەكان ئەنجام دەدرێت، ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە قەیرانی دارایی هەیە و لەلایەن حكوومەتی عێراقیشەوە هیچ بودجەیەك بۆ كوردستان نانێردرێ و هەموو ئەو كارو پڕۆژانەی كە ئەنجام دەدرێت بەتایبەتی پڕۆژەی ستراتیژی گەیاندنی ئاوی پاك و خاوێن بۆ شارۆچكەكان بە تێچوویەكی زۆرەوە جێبەجێ دەكرێن. یەكێك لەو پرۆژانەیش جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەیەو دەربارەی وردەكاری ئەو پڕۆژەیەو پڕۆژەكانی دیكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێرمان كردو لەوێدا ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ خەبات ڕوونیكردەوە:

دەربارەی دامەزراندن و گەیاندنی ئاو بۆ دەوروبەری هەولێر ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر گوتی: ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەر لەساڵی 1998كە دامەزرا لەپێناو خزمەتگەیاندن بە شارۆچكەو گوندەكانی دەوروبەری هەولێر دامەزراوەو هەموو دەوروبەر دەگرێتەوە وەك قەزاكانی قوشتەپە و خەبات و شەقڵاوە و مەخمور، پێشتر سۆرانیش سەربە ئێمەبوو، بەڵام ئێستا سەر بە ئێمە نەماوەو پارساڵیش مێرگەسۆرو چۆمان و ڕەواندوز چوونە سەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئاوی كۆیەش سەر بە ئێمە نەما لەبەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كۆیە، سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر زۆر فراوان بوو ژمارەی گوندەكانی بریتی بوون لە 1350گوندو ئەو گوندانەی كە كە لە سنووری ئەو شوێنەی كە جیابووینەوە دەكەونەوە سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و لەوەتەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دامەزراوە تا لەڕێگەی ئاوی دەوروبەرەوە چارەسەری كێشەو گرفتەكانی ئاویان بۆ بكەین و پڕۆژەی ئاویان بۆ ئەنجام بدرێت و گوندمان نییە، كە پڕۆژەی ئاوی بۆ ئەنجام نەدرابێت.

دواتر دەربارەی بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی ئاو بۆ دەوروبەر ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر دەڵێت: بەرلە شەڕی داعش وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر ساڵانە بودجەی وەزارەتمان هەبوو لەگەڵ هەبوونی بودجەی پارێزگاو لە هەردوولاوە بودجەمان بۆ دابین دەكرا بەداخەوە دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بودجەكان كەمیان كردووە، بەڵام جێگەی دەستخۆشییە كە ساڵانە بودجەی تەواریمان هەیەو لەلایەن جكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە بودجەی تەواری بۆ سێكتەری ئاو دابین دەكرێت، ئەویش هەر لە سەرەتای مانگی پێنجەوە كە قەیرانی ئاو دروست دەبێت تا كۆتایی مانگی 10بودجەی تەواریمان بۆ دابین دەكرێت ئەوكاتە دەستكراوەتر دەبین لەو شوێنانەی كە ڕووبەڕووی كێشە دەبینەوەو هەوڵ دەدەین هەموو ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر بكەین تا كێشەی ئاو دروست نەبێت و هەمیشە دەرگامان بە ڕووی دانیشتووانی شارۆچكەو شارەدێیەكان و گوندەكان كراوەیە.

لەدوا وێستگەی پرسیارەكانمان دەربارەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر مان پرسی ئەو پڕۆژەیە بەكوێ‌ گەیشتووەو گوتی: ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان و یەكێكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گەورەترین پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر دەژمێردرێت، ئەو پڕۆژەیە بڕی 222 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و ماوەی چەند مانگێكە دەستی پێكردوەو تا ئێستا 65%ـی پڕۆژەكە تەواو بووەو باشترین كەلوپەل و پێداویستی كوالیتی بەرز لە پڕۆژەكە بەكارهاتووەو 262 كیلۆمەتر بۆڕی پۆلیاسلیم هەیە لەگەڵ 37 كیلۆ مەتر بۆڕی دەكتایەر بەكارهاتووە، كە باشترین جۆری بۆڕیەو گرەنتی ئەوە دەكەین كە تا 50 ساڵ هیچ كێشەیەك ڕوونادات و پڕۆژەكە ئاو بۆ ناو سەنتەری قەزای قوشتەپە دابین دەكات، لەگەڵ دابینكردنی ئاو بۆ 72 گوندی ئەو سنوورە و سەرچاوەی ئاوی گوندەكە زێی بچووكە لە گوندی قەشقەو هەرلەوێ‌ ئاوەكە دێتە ناو وێستگەی قەشقەو تەسفیەی ئاوەكە دەكرێت و دێتە ناو كۆگای یەكەمەوە بۆ كۆگای سەرەكی دەڕوات لەوێشەوە دابەشی ناو قوشتەپەو گوندەكان دەكرێت.