خەبات – ساسان دەروێش
دوای نزیکەی 40 ساڵ لە شەڕ و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای تورکیا و په‌كه‌كه‌ و تێپەڕبوونی سێ قۆناغ بۆ بنبڕکردن و کۆتاییهێنان بە شەڕ و چوونە نێو پرۆسەی ئاشتی و نەگەیشتن بەئەنجام، سەرلەنوێ پرسی گفتۆگۆکانی ئاشتی لەدوای پێشنیارێکی سەرۆکی مەهەپە بۆ عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان هاتە ئاراوە، پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردەوە و لەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە لە مانگی حوزەیرانی 2025 بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان دا.
له‌ په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی ئاشتیدا، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ پرسی ئاشتی دیار و گرنگ بوو، شاندی ئیمڕاڵی لە دوای دیداریان لەگەڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕۆژی یەکشەممە 16ی شوباتی 2025، سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد و لە وردەکاریی چوونەکەیانیان و پەیامی ئۆجەلانیان بۆ سەرۆک بارزانی باس کرد و سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشتی و یارمەتیدانیان دەربڕی کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025 پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا وەک یەکەم هەنگاوی پراکتیکی چەکدانان پەیڕەو دەکات پۆلێک لە چەکدارەکانی چەکەکانیان دادەنێن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە سلێمانی، بەمەش هەنگاوێکی تری ئاشتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوه‌.
باران بۆسکان، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی ڕێکخستنی ئەورووپای پارتی وڵاتپارێزی کوردستان قسەی بۆ خەبات کرد و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەمای سەرهەڵدانی ئەم پرۆسەیەی ئاشتی، وەک دەزانرێت پرۆسەی ئاشتی لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بە سڵاوێکی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست لە ئەندامانی دەم پارتی دەرگه‌ی ئاشتی واڵا کرا و لەناکاو ئەم پرۆسەیە هاتە ناو کارنامەی تورکیا و کوردستانەوە، ئەم ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوبوو، بۆیە بە سەرسوڕمان و بەرژەوەندییەوە هاتە ناو بەرنامەی کارەوە، هەرچەندە چەند مانگێک پێش ئەم ڕووداوە، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بەشێک لە خەڵکەکەیەوە زانیاری و پڕوپاگەندەی لەنێو جەماوەری کورددا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان عەبدوڵلا ئۆجەلان و دەوڵەت بڵاو دەکردەوە، سەبارەت بەم ڕووداوە دەوڵەت باخچەلی هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەری دیکەی نیشان دا و داوای هاتنی ئۆجەلانی کرد بۆ پەرلەمان بۆ چەکدانان و پشتگیرکردن لە مافی هیوا، مافی هیوا، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەرچووە، بەپێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دووبارە پێداچوونەوە بە بڕیاری سزاکەیدا بکرێت یان ئازاد بکرێت، ئۆجەلان لە 15ی مانگی 2 ی ساڵی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیر کرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، ڕۆژی 29ی 6ی ساڵی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەمانی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو. بەم شێوەیەش دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11ی 2024 گوتی، چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوە بچێت. دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە، بەڕای خۆم جیاوازی پرۆسەی ئاشتی ئەمجارە جیاوازە لە قۆناغەکانی تر لە چەند ڕوانگەیەكەوەیە، لەوانە، ئەو گۆڕنكارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە لە شەڕەكانی غەززە و ئیسرائیل و لوبنان و سووریا و هەروەها دروستبوونی هێزی كوردی لە سووریا و شەڕی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل و تێکشکاندنی هیلالی شیعە و زاڵبوونی هەژموونی ئیسرائیل لەناوچەکەدا كە پێشتر ئەمانە نەبوون. لەلایەكی دیكەوە پێشنیاری ئەمجارە لەلایەن سەرۆكی مەهەپەوە كراوە كە بزووتنەوەیەكی ڕەگەزپەرستە و پێشتر دەوڵەت باخچەلی نەیاری ئەم پرۆسە بوو لە 2012. ئەم ڕووداوانە خەریکە بۆشاییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکەن و ریگا بۆ گۆڕانکاری سیاسی و جوگرافی دەکەنەوە. هەروەها باران بۆسکان سەبارەت بە بۆچوونی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان دەڵێت: ئێمە وەک پارتی وڵاتپارێزی کوردستان بە ئاشکرا دەڵێین زۆر دەمێکە شەڕ لە باکووری کوردستان نەماوە و دوورکەوتووه‌تەوە، ئەوەی دەکرێ لە بەرژەوەندیی کورد نییە و تەشەنەی کردووە بۆ پارچەکانی تری کوردستان و گەورەترین زیانیان پێگەیەنراوە لە ئەنجامی بوونی ئەم پارتە واتە پەکەکە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تەکنەلۆژیای شەڕ و گۆڕانی دیمۆگرافیای کوردستان لە سەردەمی شەڕی پەکەکە و چۆڵکردنی گوندەکان و دروستکردنی بنکەی سەربازی زۆری دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنوورەکان لەژێر پەردەی تیرۆر و شەڕدا هێرش دەکرێتە سەر پارچەیەکی کوردستان و جێگەی ئارام، ئێمە پشتیوانی لە چەکداماڵینی پەکەکە و کۆتایی هاتنی شەڕ ڕاگرتن و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەشەکانی تر کۆتایی هاتنی توندوتیژی دەکەین، ئێمە پێمان وایە هەموو کورد بەم هەنگاوەی ئاشتی دڵخۆشن و دەسکەوتی زیاتری بۆ کورد دەبێت لە باکووری کوردستان لە ڕۆژی 28ی مانگی 12 ی 2024 شاندێکی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لە زیندانی ئیمراڵی کرد و پاش کۆبوونەوەکە پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئۆجەلان جەختی لە برایەتی نیوان کورد و تورک کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەهێزکردنی برایەتیی تورک – کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکوو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لە سەرووی حیساباتی تەسک و کورتمەودا بیر بکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداری بکەن لە پرۆسەی ئاشتی و چەکداماڵین لە پەکەکە، بەهیواین ئەم پرۆسەیە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت لەلایەن هەردوو لاوە و مەودای درێژ بێت بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری لە باکووری کوردستان.