دیمانە- سەرهەنگ
هەدیل فارس کچە وەرزشوانێکی ئاستبەرز و بەتوانای یاری دیبۆلە، خەونی ئەو تەنها ئەوە بووە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات لە یاریی دیبۆلدا، هەدیل دوای ئەوەی لە کۆمەڵێک وەرزشدا تووشی نائومێدی بوو، دیارترینیان باسکە و یاریی تۆپی پێ، بەم هۆیەوە بڕیاری دا بەدوای یاریی دیبۆل بگەڕێت و بووە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئەو یارییە لەسەر ئاستی عێراق.
بۆ تیشک خشتە سەر ئەو یارییە، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات ئەم کچە وەرزشوانەی بەچەند پرسیارێک بەسەر كرده‌وه‌.

*بۆچی یاریی دیبۆلت هەڵبژارد بەسەر وەرزشەکانی تردا، بەتایبەتی کە پێشتر یارییەکانی تۆپی پێ، تۆپی دەست و باسکەت دەکرد؟
– من یاری (دیبۆل)م هەڵبژارد سەرەڕای ڕەتکردنەوەی سەرەتایی، بەڵام خۆشەویستیم بۆ یارییەکە وای لێکردم پێداگری بکەم لەسەر بەردەوامبوون لە مەشقکردن و بە ئامانجی ئاستێکی باشتر.
*زۆر وەرزشت ئەنجام داوە، لەکام وەرزش بەهرەی خۆتت دۆزییەوە؟
– خولیای سەرەتایی وەرزشیی من تۆپی باسکە بوو، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی و ئارەزووی یارییەکە، وازم لێهێنا و هەروەها یاریی تۆپی پێم بۆ ماوەیەک کرد، بەڵام دواجار بەهرەی خۆم لەیاری دیبۆل دۆزییەوە.
*ئایا لەکاتی یاریکردنی ئەم وەرزشەدا ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک بوویتەوە؟
– بەڵێ، ڕووبەڕووی ئەستەنگێکی گەورە بوومەوە، ئەویش قبوڵنەکردنی کۆمەڵگە بوو بۆ بیرۆکەی یاریکردنی کچان لەبواری وەرزشدا، بەڵام من زۆر گرنگیم بەم دژایەتییە نەدا و لە ڕێگەی ڕاهێنان و خۆڕاگرییەوە توانیم ببمە یاریزانێکی دیارو بەرچاو.
*بەشداریکردنت لە جامی ئاسیا و کۆتایی هێنان بە پلەی یەکەم چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
– دووساڵ بەر لەئێستا، دەستکەوتێکی نیشتمانی گرنگمان بەدەستهێنا بە بردنەوەی ناسناوی پاڵەوانێتییەکە، هەمیشە بۆ هەڵبژاردەکەمان بەشدارییەکی نایاب بوو، بردنەوەمان لەیاری کۆتایی لە هەڵبژاردەی هیندستان، کە بە باڵا دەستی یارییەکانی دیبۆل ناسراوە، خۆشترین ساتی وەرزشیی من بوو .
*چۆن دیبۆل جیاوازە لە یارییەکانی تری تۆپ؟
– دیبۆل یارییەکە زۆر لە تۆپی دەستی دەچێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە، یاریزانی دیبۆل ڕێگەی پێدەدرێت بۆ ماوەی پێنج چرکە دەستی بەسەر تۆپەکەدا بگرێت و مافی ئەوەی هەیە بە وەستان یان ڕاکردن لەگەڵیدا کۆنتڕۆڵی بکات, بە پێچەوانەی یاری تۆپی دەستی، هەروەها گۆڵپارێز بۆی نییە گۆڵ تۆمار بکات یان لە ناوچەی ناوەڕاست بپەڕێتەوە، گۆڵێک کە لە هێڵی ناوەڕاستەوە تۆمار بکرێت بە دوو گۆڵ ئەژمار دەکرێت، باقی یاساکانیش هاوشێوەی تۆپی دەستە.