عەبدولڕەحمان فەرهادی
چیڕۆكنووس و ڕۆماننووسی كوردی ئێران، عەلی ئەشڕەف دەروێشیان بەر لە ڕوخانی شا، بەهۆی هەڵوێست و نووسینەكانییەوە لە زیندان بوو، كە كۆماری ئیسلامی لە ئێران دەستەڵاتی وەرگرت، ئازاد كرا، وەلێ بەهۆی چالاكیی سیاسی و نووسینەكانییەوە، كۆماری ئیسلامییش چەندین جار لە زیندانی پەستاوەتەوە. دەقەكانی دەروێشیان بەلای ڕێبازی ڕیالیزمی و بایەخدان بە كاروبارە كۆمەڵایەتییەكان و ڕووداوە میللییەکانی ناو کۆمەڵەوەیە، هەروەها سەنجڕاكێش و ڕەخنەگرانەن. دەروێشیان سەردەمانێكی زۆری لە تەنگەتاوكردنی لەلایەن كاربه‌ده‌ستان بەسەربردووە، كە تیایاندا بەردەوام هەوڵی كپكردنی دەنگ و ڕەنگی ئازاد دراوە، هەمبەر پێشێلكارییەكانی دەستەڵاتداران دەنگی زوڵاڵ و هەڵوێستی مرۆڤانەی بە دەقی داهێنەرانە دەربڕیوە.
دەروێشیان لە بیرەوەرییەكانی خۆی، بەسەر كەتواردا زاڵ بووە، ئەو كە منداڵێكی نەدار و برسیی كووچەكانی كرماشان بووە، بێبەش لە نانی گەرم و بە سكی برسییەوە لەژێر ڕۆشنایی كزە چرایەكەوە دەستی بە نووسین كردووە. كە لەبارەی منداڵیی خۆی نووسیویە، نەهاتووە سۆزی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵكە دلێرانە ناڕەزایییەكانی ئەوان سەردەمی تۆمار كردووە: (كە خرامە بەر خوێندن، بەر لەوەی فێر بكرێم، لە مینای پەنجەرەوە هەستم كرد دادپەروەری لەنێو ئێمەدا ونە).
دەروێشیان بەشێكی جەوانیی خۆی لە بوارەكانی فێركردن بەسەربرد، بەڵام كە بینیی قوتابییەكانی بەردەوامی بە خوێندن نادەن و نایەنەوە بەر خوێندن، هەر زوو تووشی هیك بوو، لەبەر ئەوەی زۆربەیان پێخواس و بێ پێڵاو بوون!. هەر ئەوكاتە نووسیی: ئەمە چ فێركردنێكە كە ئاوڕ لە پێخواسیی منداڵانمان نەدرێتەوە؟
لە بیرەوەرییەكانیدا، باسوخواسی بەندیخانە و سانسۆر و دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵ و چەوسانەوە و زۆر دژایەتیی تر كراوە كە ژیانیان لێ تاڵ كردووە، بەڵام ئەو بەم بارودۆخانەیشەوە، قەت خیانەتی لەگەڵ قەڵەمەكەی خۆی نەكردووە و ژیانی خەڵك و سادەیی كۆمەڵگا و دایكان و بارودۆخی لادێكان و كرێكارانی كردووە بە دەق و ڕۆمانی داهێنەرانە. لەبارەی دایكی گوتوویەتی: دایكم نەخوێندەوار بوو، بەڵام ئەو لە هەموو كتێبان جوانتر لە ژیان تێدەگەیشت. لەم سەردەمەدا كتێب زیندانی دەكرێت و ویژدان تووڕ هەڵدەدرێت، بەڵام چیڕۆك دەتوانێ بە چرپەیەكیش بێت، ڕووداوەكانمان بۆ بگێڕێتەوە. ئێوارەیەكی زستان لە قوتابخانە دەهاتمەوە، دەستەكانم سەرما تەزاندبوونی، جانتا پڕ لە پارچە قاقەز و كتێبە دڕاوەكانیشمم بە شانەوە بوو، لە كووچە و كۆڵانەكان، تاریكی بەپێشم دەكەوت، وەك ئەوە وابوو كە لە خۆم زیاتر شارەزای ڕێی چوونەوەم بێت. پیاوێكم بینی، نزیك قوڕە دیوارێك دانیشتبوو، پەڕۆیەكی لەخۆی ئاڵاندبوو، سیمای لەنێو بێدەنگیی خۆی ون كردبوو، وەك ئەوەی لەم دنیایەدا چاوەڕێی هیچ نەبێت، بە وریایییەوە لێی نزیك بوومەوە، هەر وام دەزانی مردووە، وەلێ كە زەینم دایێ، پێڵووی چاوەكانی بە هێواشی دەكردنەوە، بە دەنگ و نووزەیەكی بەحاڵ بیستراوەوە، گوتمیێ: (بخوێنە ڕۆڵەكەم، ئەوەی بخوێنێ وەك منی بەسەر نایەت). ئەم وشانەی وی، لە جانتاكەم، هەروەها لە سەرماكەیش سەنگینتر بوون. ئەمەم بۆ دایكم نەگێڕایەوە، نەكا بگریێ. ئەوكاتە توولاز بووم، بەڵام زانیم من تەنیا بۆ ئەوە نانووسم كە چیڕۆكم خۆش دەوێت، بەڵكە بۆ ئەوەیە دەمەوێ ئەو پیاوە كەنەفتە و هاوچەشنەكانی، لەناو پیت و وشە و دێڕەكانم زیندوو بمێنن.
لەو قوتابخانەیەی تیایدا مامۆستا بووم، بیرم لە برسێتیی قوتابییەكانم دەكردەوە كە بە پێی قەڵەشتیوو و پۆشاكی دڕاوی بەرگەنەگری سەرما و سەقەمەوە دەهاتنە مەكتەب، دەفتەرەكانیان وەك دڵی خۆیان لەبەردەم تەختەمێزەكانیان دادەنا، یەك لەو قوتابییانەم لەبیرە كە ناوی ڕەسوول بوو، دەمبینی هەموو ڕۆژێ ڕستەیەكی بۆ خۆی دەنووسی، كە ئەمە بوو: (دەمەوێ ببمە دختۆر، بۆ ئەوەی دایكە نەخۆشەكەم چارەسەر بكەم). ئەو ڕۆژە سەرما و سۆڵەیەكی تووشی بە باوبۆران بوو، ڕەسوول نەهاتبووە قوتابخانە، لە هاوڕێكانیم پرسی ئەرێ كوا ڕەسوول؟ پێیان گوتم: شەوی ڕابردوو دایكی مردووە، پڕوپاتاڵیشیان نەبووە پێیدادەن، ناچار ڕەسوول بە كتێب و دەفتەرەكانی خۆی دایپۆشیوە! ئیتر ڕەسوول نەهاتەوە دەوام. لەبیرمە ئەو ڕۆژە نەمتوانی دەرسەكانم بڵێمەوە، بەرانبەر قوتابییان بێ دەنگ مامەوە و پاشان لەسەر تەختەڕەشەكە نووسیم: (هەموومان ڕۆڵەی ئەم نەدارییەین، بەڵام نامانەوێ تا هەتایە ئەم بارەمان بۆ بمێنێتەوە).
دەروێشیان لەبارەی ژیان و مەینەتییەكانی زیندانی، نووسیویە: لە زیندان، دیوارەكان زیاتر لە بەندییەكان دەدوان، هەر درز و بەردێكی دیوارەكان چیڕۆكی خۆیان و هاوار و گریەی كڕی خۆیان هەبوو. من لە سووچێك دادەنیشتم، چۆك و سینگمم دەهێنانەوە یەك، ئەمەم لەترسی سەرماكە نەبوو، بەڵكە بۆ ئەوەم بوو چیم لە دەنگ و مەبەستم هەیە بیانپارێزم. لەوێ لە قەڵەم و قاقەز و تەنانەت هەوای پاكیش بێبەشیان كردبووم، بەڵام نەیانتوانی چیڕۆكم لێ بسێننەوە. من لەناو هزر و بیردانی خۆم دەمنووسینەوە، پاڵەوانەكانمم لەژێر پێڵووی چاوەكانم دەشاردنەوە. لە ناوەوەی خۆم، هەستم بە دەنگیان دەكرد. چاوەنۆڕی هەر پاڵەوانێكمم دەكرد كە بە كووچەكاندا دەڕۆیشتن، جارجارە بەگێمدا دەچرپاندن: دەنگتان بەرز مەكەنەوە، نەكا بەندییەكان گوێیان لێ بێت و ڕاپۆرتم لەبارەوە بنووسن. شەوێكیان پاسەوانێك هاتە لامان، بینیی من بە پەنجەی شایەدمانم لەسەر خۆڵەكە دەنووسم، پێكەنی و گوتی: ئەمەی دەیكەی چ سوودێكی هەیە؟ باران دەبارێت و دەیسڕێتەوە. منیش بە هێواشی وەڵامم دایەوە: لەوانەیە وا بێت، وەلێ باران ناتوانێ حەكایەت و گێڕانەوەكانم بسڕێتەوە، بەڵكە دەیانباتە سەر درەختێك، هەر كە درەختەكە وەبەرهەم هات، دەخوێنرێنەوە.
*بۆ ئەم نووسینە، سوود لە چەند چیڕۆكێكی دەروێشیان وەرگیراوە كە لە كتێبێكدا بە ناوی (ئابشۆران) لەلایەن د. ئەحمەد مووسا كراوە بە عەرەبی. لە ساڵی 2016 دەزگای ڕەوافید ی میسری بڵاوی كردووەتەوە، كتێبەكە بریتییە لە 12 چیڕۆك.