مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاسای پەسندکراوی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی واژۆ کرد و بە مەبەستی جێبەجێکرانی گشتاندنی بۆ کرد.

ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 2ی تەمووزی 2025، سەرۆککۆماری ئێران لە نامەیەکدا بۆ هەریەک لە ڕێخکراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، گشتاندنی بۆ یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە.

لەم نامەیەدا هاتووە: “کۆپییەک لە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە و ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریش پەسندی کردووە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی گشتاندنی بۆ دەکرێت.”