ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، مووچە و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکات.

  ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی 7ـی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات و تاوتوێی پرسی مووچە و نەوت و دەرەئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.

  لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێک دەخوێنرێتەوە دەربارەی دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، هاوکات کۆبوونەوە و دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر ئەم تەوەرانە دەکرێت و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

 بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەتە بە ڕاپۆرتی  وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە و، پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیازەكان تاوتوێ دەكات.