پێشەوا هەورامانی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو نیازپاکی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتە فیدراڵییەکان و ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  لەبارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی دانوستاندنکاری هەرێم و بەغدا کۆبووەوە.

  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شاندەکە وردەکاری و ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو کۆبوونەوانە خستە پێش ئەنجوومەنی وەزیران، کە لەسەر پرسی مووچە و نەوت لەگەڵ بەغدا کردوویانە.

-بەغدا پرسی دەستپێکردنەوەی نەوتی کردووە بە مەرج، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

-وەک نیازپاکی و پێش هەر ڕێککەوتنێک، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، کە ڕۆژانە بە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەست بە هەناردەی نەوت دەکەینەوە، تاوەکو توانای بەرهەمهێنانمان وەک پێشتری لێ دێت.

-حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە، سەرەڕای ئەوەش ئامادەیە 50%ی داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەستی بەغدا بکات.

-کۆبوونەوە لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی عێراق کراوە، کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، ئێستا ڕێککەوتن کراوە و ڕەشنووسێک ئامادە کراوە و خراوەتە پێش سەرۆکوەزیرانی عێراق، چاوەڕێین واژۆی بکات، وتوویانە کە ڕەشنووسەکە واژۆکرا، مووچە دەنێرن.