خەبات: مەریوان نەقشبەندی:- دکتۆرە شو یاوین مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری ئابووری گەشتیاری لە چین، لە لێدوانێکی تایبەت بە خەبات گوتی: ئەو شەڕ و جەنگە ئیقلیمی و ململانێ مەزهەبییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات، جێگەی ئەسەفە و خەڵکی ئەو وڵاتانە زەرەرمەندی یەکەم دەبن، گوتیشی: بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە ژیانیان بگۆڕێت پێویستە گرنگی بە ئابووری و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و گەشتیاری بدهن، دکتۆرە یاوین دوای پێشکەشکردنی موحازەرەیەک بۆ 25 بەشداربوو لە سیمیناری ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و زمان و کولتوور کە لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و باشووری ئاسیاوە لەسەر بانگهێشت و ئەرکی زانکۆی (نانچانگ)و وەزارەتی بازرگانیی وڵاتی چینەوە سهردانی ئهو وڵاتهیان كردووه، گوتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە شەڕی جۆراوجۆری مەزهەبی و سیاسی و ئیقلیمیدا بووە.
بۆیە پێویستە ئەم ڕەوشە بگۆڕێت بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری و لەم نێوەندەشدا چین دەتوانێت هاوکاربێت بەوپێیەی چینیەکان پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگیان لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە خاتوو یاوین گوتی: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم خولی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و کولتوورییەی لێرە بەڕێوە دەچێت و لە ڕێگەی بەشداربووە کوردەکانەوە وەرمگرتووە کورد لە هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێلایەنە و حەزیان لە ئارامی و سەقامگیرییە، ئەوەش دەرگای ئومێد و ئاییندەیەکی باشیان بۆ دەکاتەوە، پێویستە کورد گرنگی زیاتر بە گەشەی ئابووری لە ڕێگەی گەشتیاری و کشتوکاڵ و هەموو بوارە بەردەستەکانیان بدەن.