کارنامەی محەمەد شیاع سودانی

179

دژوار فایق
بۆ پێکهێنانی کابینەی محەمەد شیاع سودانی؛ بە پشتیوانی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێککەوتنی سێ لایەنە کرا کورد، شیعە، سونە، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پاشان ڕێککەوتنەکە بووە کارنامەی وەزاری سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە فەرمیش بڵاوکرایەوە. لەو ڕێککەوتن و پڕۆگرامە وزارییە؛ باسی چارەسەری هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، لە کێشەی کەرکوک و شەنگاڵ، نەوت و گاز، بودجە و مووچە…. هتد. بەڵام بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری داخوازیەکانی کورد جێبەجێ نەکراوە، یەکێ لەو خاڵە گرنگانەی لە پڕۆگرامە وزاریەکە هاتووە لە لاپەڕەی ٢٧ لە خاڵی دووەم: دەرچواندنی یاسای دادگای فیدراڵی لە ماوەی ٦ مانگ.

کەواتە؛ دەبوایە حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان جەختی لە هاوپەیمانی بەڕێوه‌بردنی دەوڵەت و حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی بکردایە بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایی دادگای فیدراڵی و لەبەر ڕۆشنایی ئەو یاسایە دادگای فیدراڵی پێکبهاتایە و بە یاسا پسپۆڕێتی پاراستنی بەرژه‌وەندی پێکهاتەکانی تێدا دیاریبکرایە.. بەتایبەتی کورد، تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان لەبەر هۆکاری سیاسی و نەتەوەیی و ئاینزایی ستەم لە کورد نەکەن و مافەکانی پێشێل نەکەن.

ئێستاش کە زۆرینەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە، دەرفەتێکی باشە کە کورد داوای دەرچواندنی یاسا نوێیەکە بکات و مافەکانی کورد تیا پارێزراو بێت، تەنانەت تا دەگاتە مافی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی دژ بە کوردستان.

* ڕاوێژکاری باڵا