خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەندی شێوەکار نامۆ رۆستەم، خاوەنی زیاتر لە 40 پێشانگەی تایبەتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهاندا، یەکەم شێوەکاری کوردە کاری لەسەر هونەری پۆست مۆدێرن و ریسایکلین کردووە. زیاتر لە 45 ساڵە خزمەتیگ بە هونەری شێوەکاری دەکات. وەک رۆژنامەی خەبات چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و بەخۆشحاڵییەوە وەڵامی داینەوە.

*هونەری شێوەکاری لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
بەگشتیی لە ئێستادا هونەری شێوەکاری لە هەموو جیهاندا لە قەیراندایە. ئەمەش بە هۆی کاریگەری تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکردەوەیە، بۆیە دەبینین نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە جیهاندا ئەم هونەرە خەریکە دەپوکێتەوە و هونەرمەندان ناتوانن کێبڕکێی ژیری دەستکرد بکەن و هونەرەکەش بەرەو پێشەوە ببەن.

*رەنگ لای ئێوە چ مانایەک دەبەخشێت؟
وەک ئەکادیمستێک و توێژەرێکی بواری هونەری شێوەکاری و هونەرمەندێک کە ئەزموونێکی دوور و درێژیی هونەری هەیە بەردەوام لەم ماوەیەدا سەروکارم لەگەڵ فۆرم و هێلکاری و ڕەنگە، بۆیە دەکرێ مرۆڤێکی ئاسای رەنگەکان ببینێت، بەڵام وەکو ئێمە ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات و لەرێگەی فلچەیەکەوە موعجیزە بخوڵقێنێت، چیرۆکێک بگێرێتەوە لە ناو تابلۆیەکی رەنگداردا، ئێمە رەنگەکان تێکەڵ دەکەین، بینەرانیش چێژ و جوانی وەردەگرن.

*لە ئێستادا خەریکی چیت؟
جاران زۆربەی کاتەکانم بە قوتابیەکانم دەبەخشی لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان، ئێستاش خانەنشین بووم و خۆم کۆدەکەمەوە هەموو کاتەکانم بەڕەنگ و فۆرم و فلچەو هێلکاری دەبەخشم و تابلۆکانم دەخەمە بازاڕ بۆ ئەوەی هەم چێژ بەخۆم ببەخشم، هەمیش بە بەرامبەرەکەم، لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەیەکی باشی داهاتە بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بۆ خۆم فەراهەم بکەم، لە ئێستاشدا خاوەنی چەندین تابلۆم، بەم نزیکانەش پێشانگەی تایبەت بەخۆم دەبێت وەک هونەرمەندێکی خانەنشین.