بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر شەش فڕۆکەخانەی ناوچەی جیاوازەکانی ئێران، لەوانە ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاسکرای کرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەهەمین ڕۆژی شەڕدا هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی کرماشان لە ڕۆژاوای ئێران.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزی ئاسمانی هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران لە کرماشان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ئێران درێژە بە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەدات. دەشڵێت: جارێکی دیکە سیستەمی بەرگری جێگیرکرایەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.