ئازاد جندیانی
کردنەوەی پەنجەرەیەکی سادە: هەفتەی ڕابردوو فەرمانگەی خانەنشینی هەرێم ناسنامەی خانەنشینییەکەی بۆ دەرکردم، کە مامەڵەکەی بەسەر یەکەوە پێنج مانگێکی خایاند. بەو پێیە، بێ ئەوەی پێم ناخۆش بێ ئیدی من فەرمانبەری میری نیم. هەندێ سەرنج و تێبینیم لە بارەی خانەنشینییەکە هەن، کە ئێستا کاتی باسکردنیان نییە و بۆ كاتێکی درەنگتر (ڕەنگە زۆر درەنگتر) هەڵیان دەگرم.
* * *
لە هەمان هەفتەی خانەنشینییەکەمدا نووسەری عەرەب خاتوو (ئەنعام کەجەجی) وتارێکی بە تایتلی (دەستنووسەکەی دیگۆل) لەڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)دا بڵاوکردەوە، کە لەسەر هەواڵی دەستپێشخەرییەکی نەوەکانی ئەو سەرۆکەی فەڕەنسا هەڵچنیوە سەبارەت بەوەی کە (١٣٠٠) بەڵگەنامەی باپیرەیان پێشکەشی بەڵگەخانەی نیشتیمانی فەڕەنسا کردووە. نووسەر ئاماژە بە گرنگترین بەڵگەنامە دەدا، کە دەقی نووسراوی ئەو بانگەوازەی دیگۆلە کە لە (١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٠)دا بەدەنگ لەڕادیۆی (بی بی سی)دا ڕایگەیاندوو داوای لە فەڕەنسییەکان کرد لەدژی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لەلایەن نازیەکانەوە بەرگری بکەن. بە پێی قسەی خانمە نووسەرەکە دەوڵەتی فەڕەنسا هەموو ساڵێک و تا ئێستا یادی ئەو بانگەوازە دەکاتەوەو قوتابیانیش لەگەڵ شیعری سروودی نیشتمانیاندا ئەزبەری دەکەن، دیگۆل گەوهەری بانگەوازەکەی وەک لە وتاری خانمە نووسەرەکەدا هاتووە بەمجۆرەیە: ( …… دەنگی بەرگریتان پێ ڕادەگەیەنم. هەر دەبێ درێژە بە شەڕ بدەین و خۆبەدەستەوەدان ڕەتبکەینەوەو بەرگری لە ئازادی و لە کەرامەتی فەڕەنسا بکەین.) دوای ئەو بانگەوازە دیگۆل بووە سەرکردەی بەرگری فەڕەنسیەکان لەدژی هێزەکانی هێتلەرو ئەو بەرە خۆجێیەی فەڕەنسا، کە بە ڕژێمی (فیشی) ناودەبراو حکومەتێکی گوێ لەمست و هاوپەیمانی هێزە داگیرکەرەکانی ئەڵمانیای پێکهێنا بوو.
* * *
دیگۆل دوای ڕزگاربوونی فەڕەنسا و شکستی کۆتایی هێتلەریەکان و تا ئەو ڕۆژەش کە بووە سەرۆک کۆماری ووڵاتەکەی لە (١٩٥٩) پۆستی جۆراوجۆری باڵای پێدرابوو، گەرچی هەندێ ماوەی کورتیش بێ پۆستی حکومەت بوو، بەڵام ئەو سەردەمە لە سیاسەت دوور نەکەوتبووەوە.
دوای ڕووداوەکانی (١٩٦٨) و بزووتنەوەی قوتابیانی زانکۆکانی فەڕەنسا، کە چەندین ووڵاتی تریشی گرتەوەو ئیدی سەلیقەی کۆمەڵگای فەڕەنسا بەبەربڵاوی و لەبەر فاکتەری جۆراوجۆر بەلای چەپگەلی ئایدۆلۆژی و کلتوری و سیاسیدا شکایەوەو بەزۆر هۆکار دیگۆل لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دۆڕاندی (١٩٦٩).
دوای ئەم هەموو ساڵە سەختانەی سەردەمی هەردوو جەنگی جیهانی و ململانێ و کێشمەکێشەکانی سەرەتای جەنگی سارد، دوای دەرنەچوونی لە هەڵبژاردندا دیگۆل بڕیاری خۆی داو دەستبەرداری کاری سیاسی بوو و خۆی لاتەریک کرد و لە کۆتاییەکانی ژیانیدا چووەوە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی (کۆلۆمبی).
بەڵام لە گۆشەنشینییەکەشیدا، دۆستە نزیکەکەی (ئەندرێ مالرۆ) کە لەسەردەمی سەرۆک کۆماری دیگۆلدا وەزیری ڕۆشەنبیری بوو، یەکێک بوو لەو سەردانکەرە دەگمەنانەی کە هامووشۆی دیگۆلی دەکرد. لە گفتوگۆی سەردانێکیدا، (مالڕۆ) سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە بۆچی دەبێ ژەنەڕاڵ دوای ئەو هەموو شەڕوشۆڕە سەختانەی کردوونی و وەک لە ووتارەکەدا نووسراوە (ژەنەڕاڵ، لەبەر هۆکارێکی لاوەکی هیچ وپووچدا کە پەیوەندی بە دەنگدانی گشتیەوە هەیە، دەبێ خۆی لە ژیانی سیاسیدا گۆشەگیر بکا؟)، ژەنەڕاڵ بەمجۆرە وەڵامی ئەندرێ مالرۆی دایەوە : (بەڵێ، بەهۆی هیچ وپووچییەوە خۆم گۆشەگیرکرد.
* * *
بەهیچ جۆرێک مەبەستم (خۆپەسنی) نییە، بەڵام گەرەکمە ئەم باس وخواسەی لەمەڕ شارل دیگۆل بکەمە بیانوو تا هەندێ بۆچوون و ڕاستی بیرکردنەوەی خۆم ئاماژە پێ بدەم، مافی ئەو باسکردنەش بە هەموو کەسێک دەدەم ، چونکە ئەو مافە بەو هەموو مەزنی و ناوبانگ وکاریگەریەیەوە نە بۆ دیگۆل قۆرخکراوەو بێگومان نە بۆ (من)ێکیش قۆرخ دەکرێ، کە شانازی بە تێکۆشان و کوردبوون و کوردایەتی و پێشمەرگایەتی باوکم و ئەوساش خۆم و بنەماڵەو زۆرینەی کەس وکارمەوە دەکەم. بەڵام من وەک دیگۆل ناکەم و لەسیاسەت و تێکۆشاندا خۆم گۆشەگیرو لاتەریک ناکەم، هۆکارەکەش بۆ من و هاوشێوەکانم زۆر ڕوون و سادە و ڕاستگۆیانەیە، ئەویش ئەوەیە کە کوردایەتی نە پۆستە و نەناونیشانی دەوڵەتدارییە و نە سنووردارکردنی تێکۆشانە و ترۆپکی ئامانجەکەشی سەربەخۆیی کوردستانە.
خانەنشینبوونی منیش و هەزارانی تری وەک منیش بێ پەروابوون و دەست بەرداربوون و بێ ئومێدبوون نییە، بەڵکو بەردەوام بوونە لەسەر مەیدانخوازی بۆ کوردایەتی و سەربەخۆیی.

دوا قسەم لەم بارەوە ئەوەیە، کە ئەبێ هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین و هەمیشە مشتوماڵیشی بکەینەوە، کە ئێمە بە بڕیارو ویستی هیچ داگیرکەرێک نەبووینەتە تێکۆشەر و ئەرکخوازی کوردایەتی، تا دواتر بە بڕیاری دەوڵەتی داگیرکەری بەغدا خانەنشین ببین و دواجار گۆشەگیرو گۆشەنشین بین.
من، هەر لە گۆڕەپانەکەدا دەبم.

٢١ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٥ هەولێر