سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئـامانج لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، کەمکردنەوەی هەڕەشە بووە.
یەکشەممە، 22-06-2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکدا، لە دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، ڕایگەیاند “ناکرێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەر بۆیە ئەوەی ئەمەریکا کردوویەتی، هەنگاوێک بووە لە پێناو کەمکردنەوەی هەڕەشەکان.”
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دووپاتی کردووەتەوە “دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و پێویستە سەقامگریی ناوچەکە کاری لە پێشینە بێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.”
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.