خەبات: پەریهان عومەر:- خانمە ئەکتەری دیاری ناو دراما و فیلمە کوردییەکان، ژیان ئیبراهیم خەیات، خانمە ئەکتەرێکی دیار و سەرکەوتووە لەو ڕۆڵانەی لە کارە هونەرییەکان پێی دەسپێردرێت. ژیان ئیبراهیم خەیات، ساڵانێکی زۆرە لە ناو هونەری دراما و شانۆ و سینەماو فیلم کار دەکات و هونەرمەندێکی سەرکەوتووە لە بوارەکەدا، ئەو بەشداری چەندین فیلم و کاری درامی کردووە لە زۆر بەیان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

لە ئیستاشدا لە فیلمی سینەمای (هیچ) بەشداری کردووە کە ڕۆڵی سەرەکی بینیووه. سەبارەت بە بەشداریکردنی لەو فیلمە دەڵێت: هەر چەند ڕۆڵەکە زۆر دوورە لە کەسایەتی خۆم، چونکە لەوێ ڕۆڵی دایکێکی توڕە دەبینم، بەڵام لە ڕاستیدا خۆم لە واقیعدا کەسێکی توڕەنیم و لە ژیانی ڕۆژانەمدا زۆر نەرم و نیانم. فیلمی سینەمایی (هیچ) فیلمێکە باس لە کارەساتی هەڵەبجە دەکات و پڕە لە تراژیدیا و کۆمەڵێک هونەرمەندی دیاری کورد تیایدا بەشدارن.

هەروەها ژیان خەیات لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: ئەوەی منی والێکرد لەم فیلمە بەشداری بکەم سیناریۆکە بوو، بەڕاستی لام سیناریۆیەکی زۆر جوان بوو بەلامەوە هەر ئەوەش وایکرد کە بەشداری له‌ فیلمەکە بکەم، زۆریش دڵخۆشم کە دەبینم فیلمەکە بینەرێکی زۆری هەیە و خەڵکی زۆر بۆ سەیرکردنی ڕوو لەسینەماکان دەکەن.