قەدەغەكردنی مەلزەمە بەها بۆ كتێب دەگەڕێنێتەوە و شكۆش بۆ مامۆستا

689

ڕۆشنا عەلی
ڕەنگە باسكردنی ئەم بابەتە بۆ هەندێك لە مامۆستایان و پەڕاوگە و دەزگاكانی چاپەمەنی و كەسانی سوودمەند، باش و خوازراو نەبێت، بەڵام دیاردە خراپ و نامۆكان دواجارهەردەبێت باسبكرێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەش نا، كە ئەمە بازرگانییە و هەندێك بە گیرفانی قوتابی و كەسوكارییەوە دەیكەن و بۆ هەندێك مامۆستایش بووەتە كاری دووەم، بەڵكو لەبەر ئەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر كۆی پرۆسەی خوێندن و فێركردن هەیە و دیاردەیەكی ناشیرینیشە و هیچ بۆ شكۆی مامۆستا ناهێلێتەوە، كە بە باوەشێك مەلزەمەوە بچێتە ناو پۆل و بە قوتابیان بڵێت: كێ مەلزمەی نەكڕیووە و كێ دەیەوێ!!

هەموو ئەوانە لەلایەك و سەرلێشێواندنی قوتابی لە نێوان مەلزەمە و كتێبدا لەلایەكی دیكە، زۆریی و بێ سەروبەری ژمارەی مەلزەمەو مەلزەمەفرۆشان، بە تەواوی بووەتە هۆی تێكدانی دەروونی قوتابی و تەنانەت تێنەگەیشتنی بابەتەكان، گومانی تێدانییە، كاتێك قوتابی تەنیا لە كتێبێكەوە دەخوێنێت تەواوی ئەو زانیارییانە لە هزریدا جێگیر دەبێت و وێنای وانەكان وەها لە خەیاڵیدا كۆپی دەبێت، لە كاتی تاقیكردنەوەدا دەزانێت لە كام لاپەڕە و لە چ بابەتێكدا و تەنانەت لە كوێی لاپەڕەكەیشدا وەڵامی ئەو پرسیارەی بەردەمی نووسراوە، بەڵام كاتێك هەمان ئەم زانیارییە لە ناو مەلزەمەیەك و دووانی تریشدا بخوێنێتەوە، بێگومان بیركردنەوەی تووشی پەرتەوازەیی دەبێت و ڕەنگە كاتی تاقیكردنەوە ئەگەر بشزانێت پرسیارەكەی باسی چی دەكات، هەر وەڵامی هەڵە بداتەوە.

وەزارەتی پەروەردە ساڵانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار كتێب چاپ دەكات، بەبێ ئەوەی یەك دینار لەبەرامبەردا لە قوتابی وەربگیرێت، لە كاتێكدا كوالێتی كتێبەكان لە ڕووی دیزاین و چاپ و وێنە و ناوەرۆكەوە بە دەیانجار لە مەلزەمەیەكی ڕاپۆرت ئاسا جوانترە و قەبارەی گونجاوترە و ڕێكخستنی ڕێكوپێكترە، باسی هەندێك كەموكوڕی ناكەم، كە بێگومان هەیە، بەڵام هێشتا هی ئەوە نییە بەدیلێكی وەك مەلزەمە بخرێتە شوێنی كتێبەوە، كە هیچ چاودێرییەكی لەسەر نییە و بە هیچ فلتەرێكی زانستیدا تێپەڕ نابێت.

ئەوەی ئێمە تیبینی دەكەین، كە هیوادارم وابێت و بەپێی ئەو بەدواداچوون و دەنگۆیانەش كە هەیە، فرۆشتنی پرسیاری تاقیكردنەوە و بازرگانیكردن پێوەی، تارادەیەكی زۆرباش كەمیكردووە، هەڵبەت گەواهی ئەوە نادەین، كە هەر نەماوە، چونكە بۆ ئەوە دەبێت زۆر وردتر و بەڵگەدارتر هەڵوەستەی لەسەر بكەین، بێگومان ئەوەیش كارێكی باشە و كاری باشیش جێگای دەستخۆشییە، بەڵام كاتی ئەوە هاتووە وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، دەست بە قەدەغەكردنی مەلزەمەش بكات، ئەم كارەش لە ڕێگریكردن و بازرگانیكردن بە پرسیاری تاقیكردنەوەكان زەحممەتتر نییە، بەم جۆرەش بەها بۆ كتێب و شكۆ بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە و ئەو گوشارە زۆرەی لەسەرقوتابیانی قۆناغی ئامادەیی بەتایبەتی پۆلی 12 دروست دەكرێت، كە جگە لە كتێبەكانی خۆی دەیان مەلزەمەشی هەیە و پارەیەكی زۆریان پێدەدات، كەم دەبێتەوە.

بنەماكانی پرۆسەی (پەروەردە و فێركردن) پێمان دەڵێت: «شێوازە ڕاستەكەی فێربوون كتێبێك و تیانووسێكی تیبینییە»، ئەوەی ترهەمووی گەورەكردن و فراوانكردنی قەبارەی ترس و دڵەڕاوكیی قوتابییە، كەواتە ناكرێت قوتابییەك لە قوتابخانەیەك حەوت مەلزەمەی مامۆستایان بكڕێت و لە ناوەڕاستی ساڵیشدا بگوازرێتەوە قوتابخانەیەكی دیكە و دیسان حەوتی مەلزەمەی تری جیاواز بكڕێت، بۆیە ئەركی پەروەردەكاران جگە لە فێركردنی قوتابی، كەمكردنەوەی گوشارە دەروونییەكەشیەتی نەوەكوو زیادكردنی، تەنانەت ئەگەر باجی ئەم ئەركە زۆریش بێت، ئێستا بدرێت باشترە لەوەی ئاییندە پێمان بڵێت، بەهۆی بازرگانیكردنی چەند مامۆستایەك و سوودوەرگرتنی چەند چاپخانەیەك، سەریان لە قوتابی شێواند و نەوەیەك ئەو باجەیدا، كە دەبووایە ئێوە بیدەن.