عەقڵییەتی شۆڤینی باوەڕی به‌ هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە

124

رێبوار حەمەلاو شوانى
مێژوو شاهیدە، بنیاتنانى عێراقى نوێ و قوربانیدان لە پێناو گۆڕینى عەقڵییەتى دیکتاتۆرى بۆ ئازادى و دیموکراسى و هاوبەشى، هەموو هەوڵە بەردەوامەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى بووە، بەتایبەتى چەسپاندنى مافەڕەواکانى گەلى کورد و هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان. لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان و گەلى کورد لە پێناو پارێزگارى لە عێراقى نوێ و دیموکراسى زۆر پشوودرێژ و قوربانى گەورەى بەخشیوە، ئەوەتا ماوەى 22 ساڵە لە جیاتى ئەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق مافە دەستوورییەکانى کورد جێبەجێ بکەن و دادپەوەرى و یەکسانى و شایستەکانى پێبدەن، لە پێناو ئەو قوربانییە گەورەى بۆ دامەزراندنى عێراقى فیدڕاڵى و هاوبەشى بەخشى، ئەزموون و کردەوەکانى بەغدا سەلماندنى ئەوان باوەڕیان بە هاوبەشیى ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو سیستەمێکى نادادپەروەرى و زۆردار بە ڕێگەى هەڕەشە و گوشارەوە هەوڵى خۆسەپاندن و بڕیارە تاکڕەوانەکانى خۆى داوە، بەبێ گوێدان و ڕێزگرتن لە دەستوور و بنەماکانى هاوسەنگیى نیشتمانى.

درێژەکێشانى ئەو گوشار و هەوڵەناڕەوایانەى دەسەڵاتدارانى عێراق و لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا هەوڵ و ڕۆڵى سەرۆک بارزانى وەک ڕەمزێکى بەردەوامى و ئیرادەی پاراستنى مافە نەتەوەیی و نیشتمانى و سیاسییەکانى خەڵکى کوردستان ڕووبەڕووى هەموو پێشێڵکارییەکان بەرانبەر بە دەستوور و دیموکراسى و فیدڕاڵى و هاوبەشى لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بووەتەوە.

یەکەم: بەکارهێنانى کارتى ئابوورى و دارایی وەک کارتێکى گوشار دژى خەڵکى کوردستان؛ چونکە دەرکەوت ئەو هەنگاوانەى دەسەڵاتدانى عێراق تەنیا بابەتێکى دارایی نییە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێکى گوشارى سیاسى و بۆ چەندەمین جار لەلایەن بەغداوە بەکار دەهێنرێت، هەموو جارێکیش پاساو و بیانوو و سیناریۆکانیان ئامادە بووە. بەتایبەتى بەستنەوە و دانانى مەرج بۆ ناردنى مووچە و شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان بە پرسى ڕادەستکردنى نەوت، پێچەوانەى ماددەى 121ى دەستوورى هەمیشەیی عێراقە و پێشێڵکارییەکى ئاشکرایە دژى 7ملیۆن کوردستانى.

دووەم: سەرۆک مسعود بارزانى، هەردەم و لە هەموو قۆناغەکاندا پارێزگارى لە ئیرادە و کەرامەتى گەل و نیشتمانەکەى کردووە، لەنێو هەموو ئەو قەیران و ئاڵنگارییانەدا بە دەنگێکى ڕوون و بەرز و ئاشکرا ڕووبەڕووى هەموو ئەو نادادپەروەرییانە بووەتەوە لە ناوچەکە کە دژى کوردستانە و لە هەمانکاتیشدا هەمیشە بە پشوودرێژى و نەرمییەوە دەستى گفتوگۆ و دانوستانى بۆ چارەسەرى کێشەکان ڕەت نەکردووەتەوە، هەوڵەکانیشى لە عێراق لە پێناو چەسپاندنى دیموکراسى و سەقامگیرى و ئاشتى بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى بەغدا هەمیشە ڕێک بەپێچەوانەوە کاریان بۆ تێکدان و بێ متمانەیی و پێشێڵکردنى دەستوور و هاوبەشى کردووە و هەمیشە لە زۆربەى بۆنەکانیشدا سەرۆک بارزانى، بە بیرى دەسەڵاتدارانى عێراقی هێناوەتەوە، هاوبەشى و دیموکراسى و پێکەوەژیان و دەستوور و فیدڕاڵى پێشێڵ مەکەن.

سێیەم: هەر لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین بە ئێستاشەوە، سەرکردایەتیى سیاسیى کورد، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانى، هەمیشە دەرگەى گفتوگۆی دانەخستووە، لە هەمانکاتیشدا هەرگیز ڕێگەی بە سیاسەتى شۆڤێنزمى و خۆڕادەستکردن نەداوە و بەرگرى لە شکۆ و کەرامەتى کورد و کوردستان و مافەڕەواکانى کردووە.

گرنگە هەموان ئەو ڕاستییە بزانن، گەلى کوردستان هەرگیز چاوى لە خاک و مافى گەلانى دیکە و نەوت و داهاتى بەسرە و ناوەڕاست و ئیمتیازى زیاد نەبووە و نییە، بەڵکوو تەنیا ئەو مافەڕەوایانەى دەوێ کە لەنێو دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا بۆی دەستبەر و جێگیرکراوە. ئەوانەى ئەمڕۆ ڕێز لە دەستوور و هاوبەشى ناگرن، ناتوانن ڕێگە لە خەڵکى کوردستان بگرن کە ژێردەستى و ستەمکارى و پێشێڵکارى مافەکانى ڕەتدەکاتەوە. دەسەڵاتدارانى عێراق بەو عەقڵییەت و سیاسەتە هەڵەیەى ڕابردوو و ئێستایان، نەک هەر ناتوانن ئیرادەى خەڵکى کوردستان بشکێنن بەڵکوو زیان بە عێراق و متمانە و پێکەوەژیان و هاوبەشى دەگەیەنن، لە هەمانکاتیشدا دەبێت عێراق ئەو ڕاستییە بزانێت، سەرۆک بارزانى هەمیشە وەک چیایەکى پۆڵایین بەرگرى لە کەرامەت و ئیرادەى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان و مافەکانى دەکات نەک تەنیا لە چوارچێوەى عێراق، بەڵکوو لە ڕووى هۆشیاریی نەتەوەیی هەموو کوردێکى ئازاد و خاوەن کەرامەتدا.