برسیکردنیش نامانبەزێنێت

197

مەلا حاتم حەمەجان
عەقڵییەتی شۆڤینی لە عێراقدا هەر لەو ڕۆژەی کورسی حکوومی لە عێراق وەرگرت ئامانجی سەرەکی قەتڵوعام و کوردکوژی بووە بەپلەی یەکەم، دریغی لە پێکهاتەکانی دیکەش نەکردووە بێ هیچ جیاکاریەک، بەڵام سەختگیرانەتر لە دەستبەکاربوونی ڕژێمی ئەفلەقی ئیتر شەلم کوێرم ناپارێزم ئەوەی پێیکرا کردی لە زندانیکردن و سزای تاک و کۆمەڵ تا کار گەیشتە کۆمەڵکوژی وەکوو کۆمەڵکوژیی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی شارەکان و گوندەکان وەکوو هەڵەبجەی شەهید، شێخ وەسان، بالیسان، گۆپتەپە و دەیان جێگەی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی گشت کوردستان، قەتڵوعامی بارزانییەکان، فەیلییەکان، نازانم هیچ نەما تەنانەت سوتماککردنی خاکی کوردستان، ڕووخاندنی ٤٥٠٠ گوند و یەکسانکردنی لەگەڵ خاک هەر لە گەرمیان تاکوو بادینان، ئەمە بەخێرایی و بە کورتی باسی دەکەم بەبێ گوێدانە جیاکاری لەهەر حزبێکی سەرساحەی کوردستان، ئەمەش لە دەست نەپاراستن لە خەڵکی کوردستاندا دەردەکەوێت پاش گۆڕبەگۆڕی ڕژێمی بەعسی سەدام و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، گوایە دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ و فیدڕاڵ دەرکەوت، عەقڵییەت هەمان عەقڵییەتە و بیرکردنەوە هەمان بیرکردنەوەی شۆڤینیانەیە، ئەوانەی دوێنێ لە کوردستانی ئێمە دەپارێزران ئەمڕۆ مار و گورگ و دووڕوو، هەمان کوردکوژەکانی سەدامی مامۆستایانە.

ئەوەی بە ئەو تەواونەکرا ئەمان پیادەی دەکەن، هەرچۆنێک پێیانبکرێت دەیانەوێت بە خۆیان و پاڵپشتیی هێزە دۆستەکانیان بەسەر گەلەکەماندا بێنن، نازانن چۆن تەعبیر لە ناخیان بکەن، بەڵام ئێمە ئەو هەڵسوکەوتە دەخوێنینەوە کە چین و هەوڵی چی دەدەن، هەوڵ دەدەن عێراق مەرکەزی بێت، هەوڵ دەدەن کورد و کوردستانییان ژمارە دوو بن، هەوڵ دەدەن ئێمە تەنیا شارێک بین لە عێراق، ئیتر نازانن چۆن بکەن، ڕۆژێک هێز دێننە سەرمان، ڕۆژێک مووچەمان دەبڕن، ڕۆژێک خاکمان داگیر دەکەن، ڕۆژێک هەوڵدەدەن دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و پارچەپارچەبوون دروست بکەن لە کوردستاندا، بە بڕیاری نایاسایی داداگا پەرلەمان دادەخەن و ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕادەگرن.

کێشە بۆ قوت و مووچەی هاووڵاتییان دروست دەکەن، هیچ سەرۆکوەزیرانێک یان سەرۆک پەرلەمانی عێراق نەبووە ئەوەی پێیکرابێت دژایەتی نەکردبێت لە هەموو بوارەکاندا، هەرچەند جارنەجار ناتەبایی و ناڕێکی ناوخۆمان گرفتی بۆ خودی کوردستان دروست کردووە لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا کە بە حەزی ئەوان بووە، دواین جار لە ئەنجامی ئەو هەموو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان و چاوهەڵنەهاتنیان گرفتی وەکوو ئێستایان دروست کردووە بە بڕینی مووچەی سەرجەم خەڵکی کوردستان بێ جیاوازی کە سەر بە کام حزبە یان کام لایەنە هەروەکوو جینۆساید و کۆمەڵکوژی چۆن پێشتر خۆیان و ڕژێمەکانی هاوشێوەی خۆیان کردوویانە ئەمانیش دووبارەی دەکەنەوە، ئەمە پێمان دەڵێت ئیتر ناتەبایی و یەکتر قبووڵنەکردن تەنیا خۆمان زەرەرمەندین، دەریشکەوت ئەوەیش خۆی زۆر بە پیاوی دەسەڵاتدارانی شۆڤینیی بەغدا دەزانی، هەوادار و لایەنگرانیان لە برسی کردن جیانەکرانەوە. ئیتر پێویستە هەڵوەستەیەک بکەن، خۆ بچووکردنەوە و کڕنووش بردن تەنیا جاشایەتیەکی حاشا هەڵنەگرە و بەس.

* کارگێری ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران (پ.د.ك)