خه‌بات: په‌ری محه‌مه‌د:- ئەندامێکی خولی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان دەڵێت، دادگا دەبێت بێلایەن بێت و نەک وەک ئامرازێک بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان بەکاربێت. دەشڵیت، لە جیهاندا نییە کە وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی حکوومەت بە ئاشکرا دژی بڕیارێکی دادگا یان پەرلەمان ڕاوەستێت و جێبەجێی نەکات. بەڵام لە عێراقدا، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی هەیە ئه‌و شتانه‌ ڕووده‌ده‌ن.

ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: لە سەرەتاوە ئەم دادگایە ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ دژی هەرێمی كوردستان بەکارهاتووە، چوونکە هەرکاتێک حکوومەتی عێراق بڕیارێک دەدات بەتایبەتی کە مەسەلەکە پەیوەست بێت بە هەرێمی کوردستان ئەوا بەدەستی دادگه‌ی فیدراڵی بڕیارەکان هەڵدەوەشێتەوە و جێبەجێ ناکرێت یان بەپێچەوانەوە خۆی دادگا دەبێت بێلایەن بێت و نەک وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر هەرێم.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خولی پێشووی په‌رله‌مان گوتیشی: ئەو بارودۆخەی خەڵکی هەرێمی كوردستان تێیدایە، بە تایبەتی لە نێوانی دادگای فیدراڵی و حکوومەتی عێراق و وەزیری دارایی، بەهۆی ناکۆکییەکان و پەککەوتن لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکكەوتنە سیاسییەکان، لە جیهاندا نییە، کە وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی حکوومەتی بە ئاشکرا دژی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی یان پەرلەمان ڕاوەستێت و جێبەجێی نەکات. بەڵام لە عێراقدا، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییه‌ی كه‌ هەیە ئه‌و كارانه‌ ڕووده‌ده‌ن.

ئیدریس ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش دا: لەبارەی گرووپە چەکدارەکانیشەوە، ئەوەش یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق، کە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی نائارامی لە وڵاتدا، وەزیری دارایی دەتوانێت ڕاپۆرتێک بکات و بۆ حکوومەتی بنێرێت کە هەرێم چەند پارەی نەوت و دارایی ناردووە. بەڵام سزادان یان کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەرێمی كوردستان کاری ئەو نییە، ئەگەر عێراق بڕیاری سزادان یان کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم بدات، ئەوە پێویستە لە ڕێگەی یاسایی و دادوەرییەوە بێت، نەک بە دەستی وەزیری دارایی، ناوبراو لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ره‌كی و یه‌ده‌گی دادگای فیدراڵی عێراق، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداران و سیاسییەکان دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی دادگای فیدراڵی بکەن بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەکان بە پێی ئارەزووی خۆیان.

دادگای فیدراڵی پێویستە سەربەخۆ بێت، نەک بەردەستی حیزبە سیاسییەکان بێت، لە ئەگەری بەردەوامی لە گۆڕینی دادوەران بە پێی ئارەزووی خۆیان، ئەوا سیستەمی دادوەری عێراق دەکەوێته‌ ژێر پرسیار، بۆیه‌ دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی دادوەره‌كان لە کاتی بڕیاردان لەسەر مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دوژمنکارییەکی ئاشکرایە و هیچ پاساوێکی بۆ نییە، ئیدریس ئیسماعیل ڕاشیگەیاند: ئەو کێشانەی هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستیان بە چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی هەیە کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێکكەوتنەوە بە تایبەتی لە بابه‌تی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی له‌نێوان هەردوولا، چوونکە ئەمەی ئێستا هەیە سنووردارکردنی مافە سەره‌تاییەکانی خەڵکی کوردستانە.