بەغدای دوێنێ و بەغدای ئەمڕۆ

269

عارف ڕوشدی
حوكمڕانانی ئێستای عێراق لە هزر و کردەوەكانیدا، بەرامبەر بە شوناسی نەتەوەیی ئێمە و مافە ڕەواکانی گەلی كورد، ئەگەر وێرانتر نەبێت لە ڕژێمی پێشخۆی، پێشكەوتووتریش نییە، لەم سەردەمەی ئێستای عێراق كە زێدەتر بە (عێراقی فیدڕاڵ) خۆی نمایش دەكات و ئەم فیدڕاڵییەتەش هێندەی حوبری سەر كاغەزە، هێندە كار و كردەوە نییە، سزادانی خەڵکی کوردستان بووه‌تە نەریت و زۆریش بە ئازارترە لەوە لە ڕابردوو بەرامبەر گەلی ئێمە كراوە، ئەوەی ئێستا ستەمکارانی بەغدا دەیكەن، تەنیا دەستبردن نییە بۆ بڕینی (مووچەی فەرمانبەر و مامۆستا و مووچەخۆرانی کوردستان) کە لە هیچ شوێنێکی دونیای ئەم سەردەمە وێنەی نییە، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا دەستییان خستووه‌تە بینەقاقای گەلەکەمان و بە یاسا قەرەقوشییەکانیان، دەیانەوێت ئابووریی کوردستان بەرەو داڕووخان ببەن و ئەگەریش بۆیان بكرێت دەستەواژەی هەرێمی كوردستان لە دەستووریش دەسڕنەوە.

بەغدای ئێستا ڕێگرە لە هەناردەكردنی نەوت و سامانە سرووشتییەكانی كوردستان و تەنانەت ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی بەرهەمە كشتووكاڵییەكانیش دەكات، بۆ ئەوەی جووتیار و كرێكار و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، سوود لە هیچ سامانێكی نەتەوەیی خۆیان نەبینن، ئەوان ڕێگری لە بازرگانی و ڕەوانەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراقیش دەكەن و هەر جووڵەیەكی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستانەوە دەبێتە هۆی قەڵسبوونیان و دروستكردنی بەربەست بۆ هەموو هەنگاوێكی ئەرێنی، تەنانەت ئەگەر سوود بە گەلانی دیكەی عێراقیش بگەیەنێت، ئەوەتا نزمترین ئاست بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە و دەغڵودانی جووتیارانی کوردستان دیاریکراوە، ئەوەتا بە گرێبەستە نەوتی و پیشەسازی و تەكنۆلۆژییەكانی هەرێمی كوردستانیش نیگەران دەبن و نایانەوێت ئەوەی خۆیان ناتوانن بیكەن، هەرێمی كوردستان بیكات، ئەوەتا بە هیچ شێوەیەک بەشی هەرێمی کوردستان لە هاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان نادرێت، بەڵام لە گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان لە بودجەی کوردستان دەبڕدرێت، بەبێ ئاگاداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدایە 11 ساڵە بودجەی کورستانیان بڕیوە و هیچ پاساوێكی یاسایی و كارگێڕی و دەستوورییشیان بۆ ئەم بودجە بڕینە نییە، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و ئەسەفێكی قووڵە، سەرەڕای هەموو ئەو پيشێلکارییانەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، هێشتا هەڵويستی هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی (بیرکۆڵی) خۆیاندا دەخوولێنەوە، بەڵکوو لە ئاستێکی قێزەونیشدا (پاساو) بۆ کردەوە فاشییەکانی حوكمڕانانی بەغدا دەهێننەوە و پاساوەکانیان دەبەستنەوە بە ویست و خواستی بەرتەسکی حزبایەتی دوور لە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

لێرەدا ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، بیرکردنەوە و ڕەفتاری حوکمڕانانی بەغدای ئەمڕۆ، لە گۆماوی تاوانکاری و پەنابردن بۆ نەریتی سواوی (بەکرێگرتنی لادەرانی زمانکورد) لە چەندین بواردا، پێش بەغدای بەعسی کەوتووە، لەكاتێكدا بریار وابوو عێراقی دوای ساڵی 2003 جیاواز بێت و لەسەر هەموو ئاستەكاندا بەپێی پرەنسیپەكانی سیستەمی فیدڕاڵی حوكمڕانی بكرێت.