میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێیان کردووەتە سەر وڵاتەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی “فارس”ـی ئێرانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ژێرخانی نەوت و گازیان لە تارانی پایتەخت و پارێزگاکانی خورم ئاباد، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەسفەهان و کرمانشان کردووەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوام دەبن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، پاڵاوگەی تەورێز لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کراوەتە ئامانج.
هاوکات یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری هەمەدان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا دوو کەس لە کارمەندانی فریاگوزاری کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.