مەککۆی پیت، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند: تەلئەبیب ئۆپەراسیۆنەکەی بە “ڕێوشوێنی بەرگریی پێویست” ڕاگەیاندووە.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران ئەگەر هێرش بکاتە سەر هاووڵاتییان، بنکە یان بنکە و بەرژەوەندیی ئەمریکا، ڕووبەڕووی “دەرئەنجامی خراپ” دەبێتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کرد: “واشنتۆن بەردەوامە لە گەڕان بەدوای چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.”

گوتیشی: “ڕێبەرانی ئێران لەم کاتەدا بێنە سەر مێزی دانوستان باشترە.”

بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا پێشوەخت ئاگاداری هێرشەکان بووە، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە بەشداریی نەکردووە.