خەبات: سەیران عەبدوڵڵا:- دروێنەی گەنم لە سنووری پارێزگای هەولێر كۆتایی هاتووە و جووتیارانی هەندێك لە قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری هەولێر لە بەرهەمی ئەمساڵیان ڕازین و هەندێكیشیان ناڕازین، كەمی باران لە وەرزی زستانی رابردوو ئەگەری وشكەساڵییەكی تەواوی لێ دەكرا، بەڵام بەهۆی ئەو چەند تاوەبارانەی لە وەرزی بەهاردا بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ناتوانرێت بگوترێت ئەمساڵ وشكەساڵییەكی تەواو بووە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمترە، ئەوەیش بەهۆی کەمبارانی و هەروەها ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقەوەیە، کە ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی کوردستانی سنووردار کردووە. جێگەی ئاماژەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 318 هەزار دۆنم زەوی بەراو هەیە، کۆی ڕووبەری شیاویش کە گونجاوە بۆ ئەوەی دانەوێڵەی تێدا بچێنرێت نزیک بە یەک ملیۆنێك دۆنم زەوی هەیە، بەڵام هەندێکیان بەهۆی کەمبارانییەوە نەتوانراوە سوودیان لێ وەربگیرێت.
گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە ساڵانە زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بۆ تەرخان دەکرێت و جووتیارانیش ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم دەست بە چاندن دەکەن و لە مانگی ئایاردا وەرزی دروێنە ئەنجام دەدەن، ئەمە بەپێی شوێنی جوگرافی لە نێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان کەوتوونەتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییان لەسەرە، بۆیەش ساڵانە لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا، بە نەبوونی باران و وشکەساڵییەوە بەدیار دەکەوێت.
لە هەرێمی كوردستان نزیکەی سێ ملیۆن مەتر زەوی، کشتوکاڵی تێدا دەکرێت و بەشێکی زۆریان بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە کە ساڵانە بۆ گەشەکردنی پێویستی بە ئاوێکی زۆر هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش بەشێک لە جووتیاران پشتیان بە ئاوی باران و بەشێکی دیکەش پشتیان بە ئاودانی دەستکرد بەستووە و ئەمەش وایکردووە کە دوو برا لە گوندێکی دەشتی شەمامک لە هەولێر، زەوییەکانییان بۆ باران و ئاودانی دەستکرد دابەش بکەن.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023 دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، هەروەهاش وەزارەتی بازرگانیی عیراق لە هەمان ساڵدا نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە، کە 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەمساڵ چەند وەردەگرن و ئەوەیش نیگەرانیی لای جووتیارانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە.
جووتیارێكی دەشتی كۆیە خاوەنی 40 دۆنم زەوییە و پشتی بە ئاوی باران بەست بوو، بەڵام بەهۆی کەمبارانییەوە گەنمەكەی گەشەی نەكرد و ئەو گوتی: ساڵانی ڕابردوو بارانبارین باش بوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە گەنمەکان سەوز نەبوون، لەم پارچە زەوییە کە 40 دۆنمە نزیکەی شەش ملیۆن دینار خەرجیم کردووە بەو ئومێدەی ساڵێکی باش بێت و بتوانم گەنمەکە بدوورمەوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەمووی فەوتا و هیوایەک نەما بۆ پێڕاگەیشتنی گەنمەکان، مەگەر پەرێزی زەوییەكە بفرۆشینەوە بە ئاژەڵداران، كە ئەویش 1%ـی خەرجییەكەمان ناكات.
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانی ڕابردوو هەر دۆنمێک زەوی، نزیکەی یەک تۆن گەنم بەرهەمی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ ئەوانەی پشتیان بە ئاوی باران بەستووە، بێهوابوون لە پێڕاگەیشتنی گەنمەکە و ئەوانەیشی پشتیان بە ئاودانی دەستکرد بەستووە، بەشێکی زۆری گەنمەکەیان لەدەستدا و گلەییش لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەکەن بەوەی تا ئێستا هیچ کەسێک سەردانی جووتیارانی نەکردووە و هەڵسەنگاندن بۆ زەرەر و زیانەکانی ئەمساڵ نەکراوە، جێگەی ئاماژەیە پسپۆرانی كشتوكاڵ باس لەوەش دەكەن، كە ئەمساڵ خۆڵبارینێكی زۆر ڕووی لە عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، كە ئەوەیش كاریگەرییەكی راستەوخۆ و نەرێنی لەسەر بڕی بەهەمهاتووی دانەوێڵە بەگشتی و گەنم بە تایبەتی هەبووە.