حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتی بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دینار بۆ هاوبەشانی كارەبای 24 كاتژمێری دەگێڕێتەوە، بۆ ئەمەش زیاتر لە 60 هەزار خێزان سوودمەند دەبن، جگە لەوەش زیاتر لە 10 هەزار خێزان هیچ بڕەپارەیەكی كارەبا نادەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی ڕووناکی، لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکوومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەکانی مانگی پێنج.”
بەمشێوەیەش وەك وەزارەتی كارەبا ڕایدەگەیەنێت، بە تێکڕا، “هەر یەکێک لەم ماڵانە تا 20 هەزار دینار بەشێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕەپارەیە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نادەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج.”










