گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە بەغدا بە ئارەزووی خۆی بیانوو دژ بە هەرێمی كوردستان دەدۆزێتەوە و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بیانووی ئەوەی تەواوی بودجەی هەرێمی كوردستانی رەوانە كردووە، گەورەترین هەڵەیە، چونكە هیچ  بەڵگە و پاڵپشتییەك بۆ ئەو بڕیارە نییە.

ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند، هەر حكوومەتێكی عێراقی هاتبێتە سەر دەسەڵات، دەزانێت دەستووری عێراق چییە، چونكە دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری عێراق، ئەوان لە دانانی دەستوور لەگەڵ ئێمەدا بوون.

زیاتر گوتی، ئەگەر باس لە ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوان وا دەنوێنن كە هیچ شتێك دەربارەی دەستوور نازانن، ئێمە هەمووكات دەڵێین ئەوان بنەمای فیدراڵی نازانن و نازانن چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەن، ئەمە وا نییە، چونكە زۆر باش دەزانن و زۆر بە باشیش دەستووریان خوێندووەتەوە.

روونی كردەوە، ئەوان تا ئێستە قبووڵی ناكەن، لە دەستووری عێراق مادەی 117، كە دەڵێت هەرێمی كوردستان با یاسا هەرێمێكی دەستوورییە قەوارەیەكی سیاسییە و حكوومەت و پەرلەمانی خۆی هەی، ئێمە هەموو ساڵێك كێشەمان لەگەڵ ئەواندا هەیە، هیچ ساڵێك كێشەكانمان لەگەڵ ئەوان چارەسەر نەبووە، رێككەوتنەكانی ئێمە لەگەڵ هەر حكوومەتێكی ئەوان، لە 12 خاڵ پێك هاتووە، كە یاسای نەوت و گازە و بودجەی هەرێمی كوردستان و چەندان خاڵێكی ترە. كەچی لەسەر ئەرزی واقع حكوومەتی بەغدا هەر جارە و بیانوویەك دەگرێت.

دەخیل دووپاتی كردەوە، لیژنەكانی هەرێمی كوردستان هەموو فایلەكانی خۆی بە شێوەیەكی شەفاف و روون بۆ حكوومەتی بەغدا دیاری دەكات، بەڵام بەغدا بە ئارەزووی خۆی بیانوویەك دەدۆزێتەوە دژ بە هەرێمی كوردستان، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بە بیانووی ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستانی هەمووی داوە، گەورەترین هەڵەیە، چونكە هیچ  بەڵگە و راستییەك بۆ پاڵپشتیی ئەو بڕیارە نییە.