بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، سەرۆك بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم.”
لە پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی پەیامێكی زۆر ڕوونیشی ئاڕاستەی بەغدا كرد و ڕایگەیاند: “ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە.”
دەقی پەیامی جەژنە پیرۆزەی سەرۆك بارزانی..
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.
لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە. بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە ڕژێمی پێشوو لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا، بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە.
با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزیی تاك بە تاكی گەلەكەمان دەكەم، لە خودای مەزن داواكارم خێر و ئاسوودەیی بۆ كوردستان و عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكەمان و هەموو جیهان بەدی بهێنێت.
مەسعود بارزانی
5ی حوزەیرانی 2025