
خالید کۆچەر
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە بابەتێکی ئەدەبی نوسیبووم، لەم سەردەمەدا ژمارەی نووسەرەکانمان لە ژمارەی خوێنەرەکانمان زیاترە، بۆ زیاتر تیشکخستنی سەر ئەم بابەتە، بۆ ورووژاندنی ئەم مەسەلەیە حەز دەکەم بەکورتی لەم بابەتە بدوێم، ئێمەی نەوەی هەشتایەکان ئەوەمان لە یادە خوێنەری کۆتا ساڵانی حەفتایەکان و هەشتایەکان چەندە هۆگری کتێب و گۆڤارو رۆژنامە بوون، کتێب پیرۆزی خۆی هەبوو، چەندە جوانبوون ئەو ڕۆژانەی کتێبێک چاپدەکرا لە ماوەیەکی کەمدا هەر هەمووی دەفرۆشراو لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان نەدەمایەوە، ساڵانی هەشتایەکان ئەو هەموو زانکۆو پەیمانگە و ئوستازی زانکۆ نەبوون، بە پەنجەی دەست دەژمێردران، تیراژی کتێب لە نێوان 2000 دانە بگرە تا دەگەیشتە 8000 دانە بگرە زیاتریش، وەک ئێستا کتێب بە جوانیی و لە باشتریین چاپخانە بە شێوازێکی یەکجار جوان لە رووی کاغەز و فۆنت چاپنەدەکرا، هەر هەموومان دەیانجار ئەم پرسیارەمان لە خۆمان کردووە بۆ خوێنەرمان نەماوە، نەک تەنیا کتێب ئەوەتا گۆڤارو رۆژنامەش بە کەمتریین تیراژ چاپدەکرێت ئەوسا کەس نایخوێنێتەوە، ئەمەش کارەساتە، ڕاستە تەکنەلۆژیای سەردەم پەرەیسەندووە، ئەوەتا فەیس بووک و تیکتۆک و ئیستگرام و ئەو هەموو تیڤیی بێژمارە خوێنەری نەهێشت، خوێنەری لێسەندینەوە، بە گوناهی دەزانم تیراژی چاپکردنی کتێب لەم سەردەمەدا 500 دانە بێت، تاک و تەرا بگاتە 1000 دانە، دواتر دەبێت خاوەن کتێب کۆڕناساندنی بۆ بکات لە کۆڕێکدا بە خۆرایی دابەشییبکات و کتێبەکەش لەسەر گیرفانی خۆی چاپیکردبێت، ڕاستە لەم سەردەمەدا کتێب بە لێشاو چاپدەکرێت بە چاک و خراپییەوە، ئەوەتا ژمارەی نووسەرەکانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ژمارەی خوێنەرەکانمان زیاترە، نەوەی هەشتایەکان ئەوەیان لە یادە لە هەر شارو شارۆچکەیەکی کوردستان کۆڕێکی ئەدەبی رێکدەخراو پێشکێشدەکرا جێگای دانیشتن نەبوو لەسەر کورسییەکان، ئامادەبووان بە پێیەوە ڕاوەدەستان، کتێب هێشتا لە چاپخانە تەواو نەببوو، بیرمە پێش ئەوەی کتێبێک لە چاپخانە تەواو ببووایە، تەنیا بەرگەکەی لە کتێبخانەکان هەڵدەواسرا خوێنەر بە لێشاو ناوی خۆی دەنووسیی بۆ کریینی کتێبەکە، ئەم بەدبەختییە تەنیا بەسەر کتێب و گۆڤارو رۆژنامە نەهاتووە، هونەریش ماڵی وێرانبووە، شانۆش ئەو جەماوەرەی جارانی نەماوە، هونەری وێنەکێشانیش بەم دەردە هیلاکبووە، جگە لەمەش ئەگەر برادەران لێم نەڕەنجێن، جاران رۆحی برایەتیی و خۆشەویستی ئەوەندە بە هێز بوو لەناو توێژی نووسەران وەک ئێستا نەبوو، غرووری باڵی نەدەکێشا، هیچ نووسەرێک خۆی فەرز نەدەکرد بەسەر ئەویتردا و بەرامبەرەکەی ڕەفز نەدەکردەوە، چەندە بیری ئەو ساڵ و ئەو ڕۆژانە دەکەم، کتێب ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد، کاتێک کتێبکمان بە رووخسەت وەردەگرت شەوانە تا گزنگیی بەیان ژووانمان لە گەڵ دەبەست و بە تامەزرۆییەوە چەند جارێک دەمانخوێندەوە، ئێستاش کتێب چەند گوناحە، رۆژنامە چەندە غەریب بووە کەس نایخوێنێتەوە، کلتوور و ئەدەب و شیعرو چیرۆک و رۆمان و ژانرەکانی دیکەش بەهاو جوانی خۆیان هەبوو، کاتێک نیشتمانێک بزر دەبوو قەلەمی نووسەرێکی دیارو پر بەرشت و پر بەرهەم دەبووە ناسنامەی ئەو وڵاتە، لەم سەردەمەدا کێ شاعیری جوان دەناسێت، کێ باوەش بە هونەرمەندێکی جوان دەکات، کێ تەوقەیەکی گەرم لە گەڵ چیرۆکنووسێکی جواندا دەکات، ڕەنگە ئەوە تەنیا خەمی من نەبێت خەمی هەموومان بێت، هەموومان ڕۆژانە دەربارەی ئەم هەستیارە قسە بکەین و لە گەڵ یەکتر دەدوێین، هەموومان چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەیین تیراژی هیچ کتێبێکی نوێ لە 5000 دانە کەمتر چاپنەکرێت، رۆژنامەکان نۆرەی بۆ بگیرێت بۆ خوێندنەوەی، خۆزگە ئەو نووسەرانەی نەبوون بە نووسەری باش با ببن بە خوێنەرێکی دانا، خۆزگە چیتر غەدرمان لە ژانرە ئەدەبییەکان نەدەکرد، نەماندەووت : لەم سەردەمەدا ژمارەی نووسەرەکانمان لە ژمارەی خوێنەرەکانمان زیاترە، هەر هەموومان بە یەکەوە جوانیین، خۆزگە لەناو هەرێمی نووسیندا ئەو خوێنەرەی ساڵانی هەشتایەکان دەگەڕایەوە، کتێب وەکو جاران پڕ خوێنەر دەبوو بە عەشقەوە دەستی بۆ دەبردراو دەخوێندرایەوە، وەک ئێستا زەلیل و غەریب نەدەبوو، خۆزگە لە هەموو ماڵێکدا کتێبخانەیەکی خنجیلانە دەبوو، وەکو حەوشەو باخچەی ماڵەکان کتێبەکان دەبوون بە عەترو وشەی گوڵ، خۆزگە خوێنەرەکان دەگەڕانەوە بۆ نیشتمانێک ئەو نیشتمانە جوانەی پڕە لە کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامەو نووسەری جوان.