سهرهتا وتار شەڕی بازرگانی ئاژەڵە ماڵییەكانی نێو ئەمەریكاش دەگرێتەوە
غازی حەسەن
پێشەكی
ئەمەریكییەكان بایەخێكی یەكجار زۆر بە ڕاگرتن و بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی دەدەن، بەشێكی هەرە زۆری ماڵەكان یەك یان دوو ئاژەڵی ماڵییان لە ماڵەوە هەیە. ئەمەش پێویستی بە خزمەت و پشكنینی ساڵانە و خواردن و بایەخپێدان و پەروەردە و مامەڵەی تایبەت بەم ئاژەڵاَنە هەیە.لە ڕاستیدا بە هۆی باج لەسەر چین (باسی باجەكانی تری بەرانبەر وڵاتانی دیكە ناكەم)، ئەگەری زۆرە ئاژەڵە ماڵییەكانی ئەمەریكا زیانیان پێ بگات، چونكە بەشێكی زۆری بەرهەمەكان تایبەت بە خواردن و كەلوپەلە بەكارهێنراوەكانی ئەم بوارە لە چین دروست دەكرێن، لە ئامێرە تەكنیكییەكانەوە تاكوو دەگاتە دەستكێشی ئاسایی نەشتەرگەری و پێكهاتەكانی هەندێك خۆراك و چارەسەریییەكان بەناو مۆری «دروستكراوی ئەمەریكا»شیان لەسەر بێت، هەر لە چین و شوێنەكانی ترەوە چێكراون و هێنراونەتە نێوە ئەمەریكاوە. ئەمەش وایكردووە نرخ و بەهای شتەكان بەرز ببنەوە. هەر ئێستا كە باسی زیادبوونی باج دەكرێت، خەرجی و نرخی خۆراك و چارەسەری ئاژەڵە ماڵییەكان، هەروەها چاودێری پزیشكی گیانەوەرەكان بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا. ئەم ڕووداوانەی هەنووكە هەن، كاریگەریان لەسەر زۆر بوار و لەنێویاندا ئاژەڵە ماڵییەكانیش دروست كردووە. بەرزبوونەوەی باج كاریگەریی لەسەر هاوردەكردن و بەرهەمهێنان لە دەرەوەی ئەمەریكا هەیە، بۆیە ئەم جەنگە بازرگانییەی پێ دەچێت بەشێك بێت لە سیاسەتی نێوەدوڵەتی نوێ و وەكو بەشێك لە ترەمپیزم وێنا دەكرێت، ئاژەڵەكانیش بگرێتەوە.
كێشەكە چۆن دەستی پێكرد ؟
پیشەسازی ئاژەڵە ماڵییەكان لەنێو ئەمەریكا بۆ بڕی 320 ملیار دۆلار گەشەی كردووە، پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن تاكوو ساڵی 2030 دەتوانرێت ئەم بوارە فراوان بكرێت و بگاتە نزیكەی 500 ملیار دۆلار. بەڵام دۆخەكە هەنووكە بەهۆی شەڕی بازرگانی و سیاسەتی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ) وایكردووە، دۆخەكە دووچاری پچڕانێكی بێ وێنە ببێتەوە، بەتایبەتی دوای زیادكردنی باج لەسەر كاڵا هاوردەكراوەكان لە دەرەوەی ئەمەریكا و كێشەكان بە جەنگی بازرگانی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئەمەریكا دەستی پێكردووە.باجە بنەڕەتییەكان بە ڕێژەی 10%بەسەر هاوردەكردن كەلوپەلی هەموو وڵاتانەوە دەسەپێنرێت، لەگەڵ ڕێژەیەكی بەرزتر هەندێك لە وڵاتە تایبەتەكان دەكاتە ئامانج و لە 34% چین و 25% مەكسیك و كەنەدا دەگرێتەوە، سەرباری ڕێژەی جیاوازی باجەكان لەسەر وڵاتانی دیكە، وایكردووە بەرهەمە دروستكراوەكانی چینی وەك یاری ئاژەڵە ماڵییەكان، ئیكسسوارات و پێكهاتەكانی خۆراك بكاتە ئامانج و نرخەكانیان بگۆڕێت. تەنیا ئەم باجانە كاریگەریی بە كردەوەیان لەسەر كاڵا بەرهەمهێنراوەكانی دەڤەرە جیاوازەكان پێكهێناوە و بوارەكان لە قالب دەداتەوە. لە هەمان كاتدا بەهۆی ئەوەی زۆرترین ژمارەی مرۆڤ لە چیندا دەژین، ئەمەریكاش بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز گیانەوەری ماڵیكراو دەنێرێتە چین و ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن هاوردەكردنی خۆراكی سەگ و پشیلەی ئەمەریكی لە چین ساڵی 2022 گەیشتە 264 ملیۆن دۆلار و چین بووە دووەم گەورەترین بازاڕی ئەمەریكا. ژمارەی سەگ و پشیلەی چین لە 69 ملیۆن سەگ و پشیلە لە ساڵی 2012 بۆ 186ملیۆن لە ساڵی 2022 زیادی كردووە. چین زۆرترین ژمارەی مرۆڤی تێدایە، بۆیە ئاساییە زۆرترین ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەكانی تێدا بێت. بۆ خواردنی ئاژەڵە ماڵییەكان چین پێویستی بە ئەمەریكایە، وەكو دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە ڕاپۆرتەكانیان ئاماژەیان پێكردووە، ئەم سیاسەتە وەكو «چەقۆ لێدان وایە» ئەگەر كۆمپانیا ئەمەریكییەكان نەبوایە، چین ناتوانێت خۆراك بۆ هەموو ئەم ئاژەڵانە دابین بكات. بۆ دابینكردنی داواكارییەكە، كۆی گشتی هاوردەكردنی خۆراكی سەگ و پشیلە لەلایەن چینەوە لەم ماوەیەدا لە 10ملیۆن دۆلارەوە بۆ 672 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە، بەمەش وڵاتەكە بووە خێراترین هاوردەكاری جیهان.
بەپێی چیرۆكێكی چاپكراو لە پیشەسازی خۆراكی ئاژەڵە ماڵییەكان، چین 200 كۆمپانیای بەرهەمهێنەری خۆراكی ئاژەڵە ماڵییە بڕوانامەدارەكانی هەیە، كە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 1.12 ملیۆن تۆنیان هەیە، ئەم بڕە زۆرەی پارەیان لە براندە ناوخۆییەكان و لە بواری خۆراكی پشیلە و خواردنی كەم و بەرهەمە خۆراكییەكان بەدەست هێناوە.
لە نێو خاوەن سەگەكاندا:
لەسەدا ٤٧ هیچ پەسەندكردنی براندێكیان نییە لەسەدا ٢٧ ماركەی چینییان پێ باشترە لەسەدا ١٨ براندە هاوردەكراوەكانیان پێ باشترە
لە نێوان خاوەن پشیلەكان:
– لە سەدا 48 هیچ پەسەندكردنی براندێكیان نییە .
– لە سەدا 28 ماركەی چینییان پێ باشترە.
– لە سەدا 19 ماركەی هاوردەكراویان پێ باشترە.
خاوەن فرۆشگاكانی ئاژەڵە ماڵییەكان لە ئەمەریكا بەدەست كاردانەوەی سیاسەتە بازرگانییەكانی (دۆناڵد ترەمپ) ی سەرۆكی ئەمەریكا دەناڵێنن، هاوشێوەی نۆلی ڕیكی. فرۆشگای ڕیكی كە بنكەكەی لە ئەسكەندەریە لە ویلایەتی ڤێرجینیایە، لە ساڵی 2022 دا ئاستی فرۆشی گەیشتۆتە لووتكە، بەڵام «ئێستا فرۆشی لە نزمترین خاڵ دایە» . بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، DPA، ئەوەی زۆرترین نیگەرانی پەیدا كردووە لەبارەی دابەزینی ئاستی فرۆشی سەگ و خۆراك و بەرهەمەكانی ئەم بوارەیە، ئەو شەڕە گومرگییەیە، كە واشنتۆن دژی هەموو جیهان ئەنجامی دەدات.ئەڵمانیا داوای چارەسەركردنی خێرای ململانێ بازرگانییەكان دەكات و ڕەخنە لە «دەستدرێژی» ئەمەریكا دەگرێت، ئابووری شەڕی بازرگانی: ئەڵمانیا داوای چارەسەركردنی خێرای ململانێ بازرگانییەكان دەكات و ڕەخنە لە «دەستدرێژی» ئەمەریكا دەگرێت. كاریگەری زیادكردنی باج تاكوو ئێستا ڕوون نییە، چونكە دەكرێت كاتێكی زیاتری بوێت، تاكوو دەگەنە ئەو ئاستەی كڕین و فرۆشیار دەتوانن بەكاری بهێنننەوە. زانكۆی یێڵ مەزەندەی ئەوە دەكات، كە زیادكردنی باجەكان دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی درێژخایەنی هێزی كڕین، بە تێكڕا 2700 دۆلار بۆ هەر ماڵێكی ئەمەریكی تاكوو ساڵی 2025.
لە هەمان گاڤدا (ترەمپ) دەڵێت شەڕی بازرگانی «سەردەمی زێڕین» بۆ ئەمەریكا لێرە دەست پێ دەكات، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەم سیاسەتە بە شێوەیەكی توند بازرگانییە بچووكەكانی وەكو پێداویستییەكان سەگی ڕیكی كردۆتە ئامانج و زیانیان پێ دەگەیەنێت. بەشێكی زۆری فرۆشیارە تاكەكەسییەكان بە نموونە فرۆشیاری سەگی ڕیكی ڕووبەڕووی كێشە بوونەتەوە، ئەمانە بازرگانی بچووكن، كە لە ئەمەریكای باكوور كار دەكەن، لەبیری نەكەین تەنانەت بەرهەمەكانی ئەو فرۆشیارە بچووكانەش زۆرجار لە چینەوە دێن. ئەو سەرچاوەیە بە ڕاگەیاندنەكانی گوتووە و دەڵێت: «ئەگەر هەوڵ بدەیت تەنیا بەرهەمە نێوەخۆییە دروستكراوەكانی ئەمەریكا بكڕیت، ئەوا فرۆشگاكە زۆر جیاواز دەردەكەوێت».
پاراستنی بزنسی بچووك
(ئەلێكسیس دی ئاماتۆ) لە گرووپی داكۆكیكردن لە بزنسە بچووكەكان، كە نوێنەرایەتی 85 هەزار بزنسی بچووك دەكات لە سەرتاسەری ئەمەریكادا ڕوونی دەكاتەوە: «زۆرێك لە خاوەنكارەكان پشت بە بەرهەمە دابینكراوەكانی چین دەبەستن، هەم بۆ ئەوەی كارەكانیان بەردەوام بن و هەم بۆ پڕكردنەوەی كۆگاكانیان».
( دی ئاماتۆ) لە درێژەی لێدوانەكانی دەڵێت ئەم بازرگانە بچووكانە بەشێكن لە زنجیرەكانی دابینكردنی جیهانیش، بەڵام بە پێچەوانەی كۆمپانیا گەورەكان، كاریگەرییەكی كەمیان هەیە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخەكان، یان شێواز و ئامراز و كەرەستەكانی گۆڕینی ئەو شتانەی پەیوەندییان بە دابینكردنەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بارێكی نوێ بە بەهای 160 هەزار دۆلاری بەرهەم بۆ گواستنەوە و هێنانی ئامادەیە، لە كاتێكدا باجی گومرگی بۆ 125% بەرزبووەتەوە. لەبڕی ئەوەی 30 هەزار دۆلار بدرێت، بۆ هاوردەكردنی كاڵاكان، لەناكاو بەهۆی ئەم دۆخەوە ناچاریت 200هەزار دۆلار بدەیت، كە ئێستا ئەم بڕە پارەیەش ئاسان نییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت تێچووی هاوردەكردنی كاڵاكان زیاتر و زیاتر بەرز ببێتەوە. (ڕیكی) دەڵێت: «ئەگەر بتەوێت بەرهەمی ناوخۆیی پتر بكەیت، دەبێت پشتگیری وەبەرهێنان و شوێنەكانی بەرهەمهێنان و هێزی كارامە و كار بكەیت». ئەو ڕوونی دەكاتەوە كە «ئەو كەسانەی دەتوانن ئامێری یاری بۆ سەگ بەرهەمهێنان بهێنن و بە كۆمەڵ كارەكان بەڕێوە ببەن لە ئەمەریكادا بوونیان نییە»، هەروەها لێدوان لەسەر سیاسەتی كۆچبەری (ترەمپ) دەدات و دەڵێت «ئەگەر لێرە كەسانێك هەبن، كە بتوانن ئەو كارانە ئەنجام بدەن، حكوومەت بە خێرایی دیپۆرتیان دەكاتەوە». بەپێی ئەو وێنە و داتایەی ئاماژەمان پێكردووە، ساڵانە سەگ لەنێوان (1740 بۆ 1852) دۆلار پێویستی بە خەرجی و پارە دەبێت، ئەم ژمارەیە لە گۆڕان دایە، بێگومان سیاسەتی باج و بازرگانی نوێی ئەمەریكا كاریگەری لەسەر گۆڕینی ئەم بڕە پارەیەش دەبێت.
واتە قسەكردن لە بنەڕەتدا لەبارەی ئەم دۆزیە هەیە، ئەوەیە پێویستە سیاسەتی پەرەپێدانی كۆمپانیای نێوەخۆیی ئەمەریكی و هێزی كار بگۆڕێت و بایەخ بەم دوو سەرچاوە بدەرێت، ئێمە دەزانین هێزی كار، كە بە كرێی كەم كار بكات (كۆچبەر و پەناهەندەكان)ن، ئەوانەی سەرچاوەی هێزی كارن و لە هەمان گاڤیشدا بە نرخ و هەقدەستی كەمتر كار دەكەن. سیاسەتی باج و سیستەمی نوێی بازرگانی كە (دۆناڵد ترەمپ) جێبەجێی دەكات، دونیا مژول كردووە. وەكو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ئاماەی پێ دەكەن، ئەم سیاسەتە نوێیە كاریگەری لەسەر بازرگانی (سەگ)یش لەنێو ئەمەریكا دروست كردووە، كە بەشێكی زۆری كەلوپەل و بەرهەم خۆراكی و یارییەكان بۆ سەگ لە چین و وڵاتانی دیكە هاوردە دەكرێن، ئەم باج زیادكردنە كاریگەری لەسەر نرخ و بەكارهێنان و بازاڕ بەتایبەتی بازرگانی بچووك دروست كردووە. بەپێی مەزەندە و سەرچاوەكان لەنێو ئەمەریكا 90 ملیۆن سەگ هەیە، بەلایەنی كەم لە 50% ی هەر ماڵێكی ئەمەریكی خاوەنی سەگێكە.
دوماهی
هەر تەنیا لە جیاتی ئاخاوتن لە بارەی كاریگەری سیاسەتی بازرگانی (ترەمپ) لەسەر گیانەوەرە ماڵییەكان لەنێو ئەمەریكا دەمەوێت ئاماژە بە هەندێك لایەنی مێژوویی و هەبوونی مێژووی سەگ لەم وڵاتە بكەم. هەندێك لە شوێنەوارە سەرەتاییەكانی بوونی سەگ لە ئەمەریكا دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی 9000پێش زایین. سەگەكان دوای پەڕینەوەیان لە سیبیریا بۆ ئەلاسكا، گەیشتنە نێو ئەمەریكا و ئەمە بە یەكەمین دەركەوتن و بوونی سەگ لەم وڵاتە دادەنرێت. هەر لەم ماوەیەدا بوو كە ماڵیكردنی سەگ لە ئەمەریكا دەستی پێكرد.
دوای ئەوە پێ بەپێ گەشەكردن و فراوانبوونی ئەم مێژووە دەست پێ دەكات و جۆرەها جۆری سەگی ئەمەریكی ئاماژە پێ دەكرێت و دواتر لەگەڵ جۆرەكانی سەگی ئیسپانی و فەرەنسی تێكەڵ بوون.بابەتەكە گەشە دەكات و ڕەهەندی دیكە وەردەگرێت و بیرۆكەی دروستكردنی یانەی تایبەت بە سەگیش دێتە ئاراوە. بیرۆكەكە سەرەتا لە ئەوروپا دەست پێ دەكات و بۆ تۆماركردنی جۆرەكانی سەگ، لە بەریتانیا ساڵی 1873 بیر لە دامەزراندنی یانەی سەگەكان كراوتەوە و دواتریش لە ئەمەریكا یانەی سەگەكان پەیدا بووە. هەنووكە یانەی سەگی ئەمەریكی، خاوەنی گەورەترین تۆماری سەگی ڕەگەز پاك و ڕەسەن و خۆماڵییە و ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن سەگ تۆمار دەكات.ئەگەر ساڵانە یانەكانی سەگ لەم وڵاتە یەك ملیۆن سەگ تۆمار بكەن، بێگومان لە بواری بازرگانی و باج و هاوردەكردن و هەناردەكردنیشدا چالاك و كاریگەر دەبێت. لەم وڵاتەدا دەیان فیلمی بەنێوبانگ لەبارەی سەگ، یان بەكارهێنانی سەگ وەكو كارەكتەر و پاڵەوان و گیانەوەرێكی باش و بەوەفا و هاندەر و هاوكاری مرۆڤ بەرهەم هێنراوە. بۆیە ڕۆژنامەكان و ڕاگەیاندن قسە لەسەر كاریگەری باج و سیاسەتی بازرگانی لەسەر بەخێوكردن و ڕاگرتنی ئاژەڵە ماڵییەكان بەتایبەتی سەگ دەكەن. لەمەش پتر هەنووكە پەیوەندییەكی یەكجار بەهێز لەنێوان مرۆڤەكان و سەگ لەنێو ماڵەكانی ئەمەریكا هەیە، ئەمەش وایكردووە بازرگانی و ڕاگرتنی سەگ و گیانەوەری دیكە پێویستییەكی زۆری بە بەرهەمهێنانی خۆراك و كەلوپەلی یاریی و خزمەتگوزاریی و پزیشك و بنكەی ڕاهێنان و چاودێری بۆ سەگ و گیانەوەرەكانی دیكە یەكێك بێت لە بازرگانییە بەرفراوانەكانی نێو ئەمەریكا. ئەمەش وایكردووە باج و بازرگانی كاریگەری لەسەر ژیانی ئاژەڵەكان و توانای دارایی ئەو كەسانە دروست بكەن، كە ئاژەڵ لە ماڵەكانیان بەخێو دەكەن.