خەبات– سەرهەنگ نەجمەدین
لە هەرێمی کوردستان یاریی بۆکسینی ئافرەتان جگە لە فێرگەی بۆکسینی سلێمانی، هیچ یانەیەک یاخود فێرگەیەکی تایبەت بەو یارییە نییە، كە بە یارییەکی هونەری و جەنگیی دەناسرێت، بەڵام لەشاری سلێمانی فێرگەیەک هەیە، بەناوی فێرگەی بۆکسینی سلێمانی، ماوەی 9 ساڵە ئەو فێرگەیە دامەزراوە و هەر دوو بەشی کوڕان و کچان لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەم مەبەستە و تیشک خستنە سەر چۆنیەتی دامەزاندنی.
یاری بۆکسین لە شاری سلێمانی، پێشڕەو مەحموود ئەمین راهێنەری فێرگەی سلێمانی بۆ خەبات دەڵێت: بەسوپاسەوە ئەم فێرگەیە لە ساڵی 2017 لەسەر دەستی ڕاهێنەری نێودەوڵەتی بڵند مەحموود دامەزرا، پاشان لەساڵی 2019 فێرگەکەمان فراوانتر کرد و بەشی کچانیشمان تێدا کردەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا، ئەو ڕاهێنەرە لەبارەی کێشە و گرفتەکانیان گوتی: کێشە و گرفتمان زۆرە، وەک پێویست کەس هاوکاری و پشتگیرمان ناکات، لەهەمووی ناخۆشتر، تا ئێستا جگە لە فێرگەکەی سلێمانی، هیچ فێرگەیەک و یانەیەکی تایبەت بە ناوی یاریی بۆکسین لە کوردستان نییە، بەداخەوە نازانم هۆکار چییە، ئەو یارییە بەوشێوەیە لەلایەن یانەکانی کوردستان پشتگوێ و فەرامۆش خراوە.
خاتوو هەدیل لوقمان یاریزانی فێرگەی بۆکسینی سلێمانی تەمەن 18 ساڵ، لە بارەی چۆنێتی هاتنی بۆ نێو ئەو وەرزشە گوتی: بەحەزو ئارەزووی خۆم ئەو یارییەم هەڵبژارد، بەتایبەتی ئەو یارییە باشترین رێگایە بۆ فێربوون و خۆپاراستن و بەرگری کردن.
هەروەها گوتی: یاریی بۆکسین لە ڕووی زانستییەوە، یارییەکی هونەری و جەنگییە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی یاری بۆکسین دەکەن، لە ڕووی گوشار و نیگەرانی و توڕەییەوە کەسێکی ئارام و لەسەر خۆ دەبن.
ئایە عەباس کچە یاریزانی بۆکسینی فێرگەی سلێمانی ئەوییش لای خۆیەوە وەسفی یاری بۆکسین كرد و گوتی: یاری بۆکسین، وەرزشێکەکە به‌ هێرشکردن و بەرگریکردن بە مشتەکان خۆی دەپارێزێت، بۆکسێنەران بە شێوەیەکی گشتی دەستکێشی پادکراو لەدەست دەکەن، بەگشتی پابەندن بەو یاسایانەی کە لە یاساکانی مارکیزی کوینزبێری دا هاتووە، بۆکسێنەران لە کێش و توانا دەبێت یەکسان بن، زۆرجار بە مشتەکانیان، کێبڕکێ دەکەن، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەن خۆیان لە لێدانی بەرامبەرەکەیان بەدوور بگرن.
هەروەها گوتی: ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەڵێن یاری بۆکسین تەنها بۆ کوڕان گونجاوە، نەخێر، بەڵکو یاری بۆکسین چۆن بۆ کوڕان گونجاو بێت، ئاوهاش بۆ کچانیش گونجاوە، بەتایبەتی بۆ چینی کچان تاراده‌یەکی زۆر باش گونجاو و پێویستە کە فێری هونەری ئەو یارییە بن.