خەبات ـ عەلی بانیشاری
سێ هەفتەیە پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێكردووە و ماوەی مانگێك دیاریكراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگاكە پسولەی خۆراك لە كاغەزەوە بكەن بە ئەلیكترۆنی، پاش ئەو وادەیەی كە دیاریكراوە هەر خێزانێك بەشداری لە پڕۆسەكە نەكردبێت وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەشەخۆراكی مانگانەی ڕادەگرێت.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێكخستنی پسولەی خۆراكی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە لە 6ـی ئایارەوە دەستپێكردووە و لە 6 حوزەیران كۆتایی دێت. گوتیشی: لەئێستادا سیستمەكە چەند گرفتێكی تەكنیكی بچووی هەیە و لە هەوڵی چارەسەركردنیدان.
گرفتەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراكی هەڵەبجە خۆیان دەبیننەوە لە گرفت لە دیاریكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گرفتی NFC. لەو بارەیەوە مەریوان هادی گوتی: بەشێك لە هاووڵاتیان لە كاتی نوێكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر ئەپەكە كێشەیان لەگەڵ هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام هاووڵاتی هەر شوێنێك هەڵبژێرێت نابێت بە كێشە و ڕاستەوخۆ پارێزگای هەڵەبجە دەنوسرێت، یەكێكیتر لە گرفتەكان كلیككردنە لەسەر خانەی NFC لە موبایلی زیرەك، بەشێوەیەك كاتێك سیستمەكە داوای كارتی نیشتیمانی دەكات دواتر داوای NFC دەكات، ئەو سیستەمە لە هەندێك موبایل لاوازە و گرفت دروست دەكات، لە كاتی گواستەوەی ناوەكان بۆ سەر كارتی پسولەی خۆراك، ئەگەر سیستمی NFC كێشەی تێدابێت و ناوی ئەندامانی خێزان بەتەواوی ناگوازێتەوە و موبایلەكە NFC نەبێت باشترە ئەو سیستمە بەكارنەهێنرێت، خۆ ئەگەر موبایلەكە سیستەمەكەی هەبێت و هاووڵاتی زانی ناوەكان بەهەڵە دەگوازێتەوە، لەو حاڵەتەدا دەبێت كارتەكە نەخرێتە سەر پشتی موبایلەكە، بۆ ئەوەی دواتر بەئاسانی بتوانرێت دەستكاری ناوەكان بكرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەیتی رێكخستنی پسولەی خۆراكی هەڵەبجە ئه‌وه‌شی گوت: له‌ دوای زیاتر له‌ 20 ڕۆژ لە دەستپێكردنی پڕۆسەی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی پسوله‌ی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و تاوەكو شه‌وی سێ شه‌ممه‌ 27ـی ئایار، 42% كۆی خێزانەكانی پارێزگاكە زانیارییەكانی تایبه‌ت به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی پسوله‌ی خۆراكیان نوێ كردووه‌ته‌وه‌‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش‌ زۆر كه‌مه‌. به‌پێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەیتی رێكخستنی پسولەی خۆراكی هەڵەبجە، پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نزیكه‌ی 32 هه‌زار خێزان پێكدێت.
هەڵەبجە یەكەمین پارێزگایە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە پسولەی خۆراكی كراوەتەوە ئەلیكترۆنی. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: پاش هەڵەبجە بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
مەریوان هادی جەختیلەوەشكردەوە، هەر خێزانێك بەشداری پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك نەكات و بابەتەكە بە جددی وەرنەگرێت و زانیارییەكانی نوێ نەكاتەوە، بەشەخۆراكی مانگانەی لە عێراقەوە ڕادەگیرێت و لە سیستمەكەدا نامێنێت. ناوبراو داوای لە هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە كرد لەو ماوەی كە ماوە بۆ بەئەلیتكرۆنیكردنی پسولەی خۆراك، زانیارییەكانیان نوێ بكەنەوە و پسولەی خۆراكیان لە كاغەزەوە بكەن بە ئەلیكترۆنی.
سەبارەت بەو خێزانەی نەخۆشن یان خوێندەواریان نییە چۆن بەشداری لە پڕۆسەكە بكەن، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراكی هەڵەبجە گوتی: ئەو خێزانانەی ناتوانن بەرنامەكە بەكاربهێنن و زانیارییەكان نوێ بكەنەوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بكەن ئێمە هاوكاری تەواویان دەكەین، بەڵام پێویستە ئەو خێزانانە موبایلی زیرەكیان پێ بێت جا هی خۆیان بێت یان كەسێكی نزیكیان، بۆ ئەوەی ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئەپەكەیان بۆ دابەزێنین و زانیارییەكانیان بۆ نوێ بكەنەوە. ئەگەر خێزانێكیش نەیتوانی لە كاتی دەوامدا سەردانی فەرمانگە بكات دەتوانێت لە چەند شوێنێك لەناو بازاڕی هەڵەبجە زانیارییەكان نوێ بكاتەوە و كارمەندمان هەیە ئێواران هاوكاری خەڵكی دەكەن بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەباشی بڕوات بەڕێوە، هەروەها بەشێك لە وەكیلەكانی خۆراك و دوكانی موبایل فرۆشەكان بێبەرامبەر ئامادەن هاوكاری هاووڵاتیان بكەن.