میسال ئالوسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی دەڵێت: سیاسەتی برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی فاشییەکانە و شکستخواردووە.

لە چاوپێکەوتنێکی کوردستان24، میسال ئالوسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە گوتی: پرسیارم لە تەیف سامی و سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی ئەوەیە، ئێوە و سەدرییەکان ناکۆکیتان هەیە، دەتوانن مووچەی سەدرییەکان ببڕن؟ یاخوود پیاز لەسەر گوێچکەتان سوور دەکەنەوە.

ئالوسی پرسیار لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵ دەکات و دەڵێت: دەتوانن مووچەی سوننەکان لە ئەنبار ببڕن کە کەسوکاری منن؟ ئەگەر ئەوە بکەن، بە دوو ڕۆژ حکوومەتەکەتان دەڕووخێنن، چونکە سوننەکان لە حکوومەت دەکشێنەوە.

ئەو سیاسەتمەدارەی عێراق دەڵێت: سیاسەتی، بەکارهێنانی  سیاسەت و ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ برسیکردنی هاووڵاتییان، سیاسەتێکی فاشییە.

بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەشێکی عێراقیشی لێکەوتووەتەوە، لەنێو خۆدا ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان بەیاننامەی ناڕەزاییان دژی حکوومەتی فیدراڵ بڵاوکردەوە و بڕیاری حکوومەت و وەزارەتی دارایی فیدراڵییان بە بڕیارێکی شۆڤێنی وەسفکردووە.