ئامادەكردنی -حەمە ئەحمەد جاف
سامی عەوداڵ و شیعری عیشق و جوانی
سامی عەوداڵ لە سەرەتای گەنجیدا بە هۆنینەوەی شیعری دڵداری (ڕۆمانسی) (غەزەل) دەستیپێكردووە، وەك لەشیعری (یارەكەم)دا دەردەكەوێ كەشاعیر هەموو هەست و شعورو سۆزی دڵی خۆی بۆ یار دەردەبڕێت و پەنجەرەی عیشق و قەلبی جوانی قەڵەمە بێگەردەكەی بۆ مەعشوقەكەی ئاوەڵا دەكاتەوە وەك لەو شیعرەدا بۆ یارەكەی دەڵێت:
چەن جەزام دەی من ڕەزامە، هەر عەزیز و یارمی
كەی گوتوومە لای كەسێكی باعیسی ئازارمی؟
چونكە سوڵتانی دڵانی گاهی ڕیزوان و دەمێ
بۆ دڵی غەمگین و بێكەس بولبولی گوڵزارمی
* * *
شاعیر لەو شیعرەدا ڕوودەكاتە یارەكەی و پێیدەڵێت : گەربێتوو سزای ڕۆحیشم بدەیت، ڕەزامەندم و تامردن هەر خۆشەویست و دڵسۆزمی و بۆ منی بێ پشت و پەناو بێكەس و دڵی غەمگینم تۆ هەمیشە هوزارو بولبلی خۆشخوانی نێو پێدەشتی سەوزو باخی گوڵ و گوڵزارمی.
هەروەها لە بەیتە شیعرێكی دیدا دەڵێت:
من لای هیچ كەسێكی ئەغیارو نامۆ نەمگووتووە، تۆ سەبەب و باعیسی خەم ومەینەت و ئازاری بۆمن
هەڵبەت شیوەن و گریان كە دڵی ئەوینێكی گووشراوی عەوداڵی داپۆشیووە..هەرئەتۆ هۆكارو سەبەبی ئەو هەموو میحنەت و گریان وشینەی، چونكە خۆت لە نیشتمانی تاتاری ژیانمدا..هەر خۆت و خۆت وخۆت سەردارو سالارمی…هەرلەو شیعرەدا تەئكید لەسەبەبی ئەو شیوەن و گریانە دەكاتەوەو بەبەشێك لە لەشكری تاتار دەیشوبهێنێ:
شیوەن و زاری كە (سامی) گرتووە هەرتۆی سەبەب
لەشكری تاتاری بەشمە چونكە خۆت سالارمی
عەوداڵی شاعیر لە شیعرێكی دیكەی دڵداری ُغەزەل و غەرامیدا هەست و سۆزی خۆی لەبیرو عەقڵێكی سادەی منداڵانەدا بۆ شیری مەمكان . بەمجۆرە دەردەبڕێت و دەڵێت:
وەك منداڵە بیروهۆشم، چاو لە دوو بەی مەمتەوە
بەس بەدوای زوڵفی تاتا بێ خەتا بمبەستەوە
شاعیر لەو شیعرەدا لەدەریای خەمەكانیدا ڕەمەلە دەكەوێ و هەر خەم و هەرخەم، لە كوانووی داگیرساوی خەمەكانیدا قەقنەس ئاسا هەڵدەقرچێ وەك لەو بەیتەدا دەڵێ:
من خەمم هەردەم خەماوی، كاروپیشەم هەر خەمە
بۆ هەژاریم دڵ بە تاوم غەیری زوڵف و پەرچەمە
شاعیرانی كورد هەمیشەو بەردەوام لە كورەی جۆشدراوی هەژاریی و كوانووی گەرمی خەمەكانیان و هاواری تاساوی ئەوینێكی جوانی پڕ خەم و كارەساتباردا گڕیان گرتووەو سووتاون، (سامی) ش یەكێكە لەو شاعیرە عەوداڵ و هەژارو بێكەس و كڵۆڵانەی لە قووڵایی گێژی دەریای خەمەكانیا دەخنكێ و خەمیش خوێنی جگەری دەخواتەوە و وێڵ و عەوداڵە بە دووای نووسین و كۆنە كتێبانەوە . وەك دەڵێ تاكوو سەدساڵی دی بنووسم هەركەمە وەك لەو بەیتە شیعرەیدا دەڵێ:
من خەمم خوارد و خەمیش خوێنی سەرم دەخواتەوە
تاكوو سەد ساڵی بنووسم قەت خەلاس نابێ كەمە
* * *
سامی عەوداڵ و قەلبی من
لە رۆشنایی شاكارە شیعرێكی نەتەوەییدا:
سامی عەوداڵ لەشاكارە شیعرێكی نیشتیمانیدا ڕووی دەمی شیعری لە وەتەن دەكات و پێیدەڵێت:
ئەی وەتەن تۆ چی لەبۆ من، خۆشی و شادی چیت هەیە؟
باغی پڕ گوڵ، دەنگی بولبول، سازی فیردەوسیت هەیە
* * *
سامی عەوداڵی شاعیر لە شیعرێكی حەماسخوڵقێنی شاكاری نیشتیمانیدا كەسەرجەم هەوادارانی شیعرو هونەروەران لەسەرزاریان بووە و ئێستاش لەسەر زارانە كە تێیدا دڵسۆزی نیشتمان و خۆشەویستی خاك، بە خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی دەبەستێتەوە و لە چەمكی چینایەتیەكەیەوە دەڕوانێتە پەنجەرەیەكی كراوەیی نیشتمانی سەربەخۆ و ئازاد و گەلێكی بەختیار ..عەوداڵ . عەوداڵ و سووتاوی نیشتمان بوو، سامی بە كەڵە شاعیرێكی پڕۆلیتاری هەژار پەروەرو چەوساوە لەناو شاعیرانی كوردستاندا دەناسرێ و شیعرەكانی خسوسەن شیعری (قەلبی من) لەدرەختی شیعری بەرگری و مقاوەمەتی حەماسیدا تەوزیف دەكرێت.
كە دەڵێن مامۆستاقانع دۆڵاشی شاعیر، بەشاعیری هەژاران و چەوساوانی كورد ناوزەدكراوە، بێگومان مامۆستا سامی عەوداڵیش هاوشانی ئەو، شاعیری هەژاران و چەوساوان و ڕەنجدەرانی كوردستان بووە
وەك لەو شیعرە شاكارەیدا لەبەرامبەر دوژمنانی كوردا دەچریكێنێ و دەڵێت :
قەلبی من گەر چەشنی لالە بێتو نەوتی تێبكەن
ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەك چرا من پێ بكەن
شەق شەقی كەن گۆشت و ئێسقان یەك بە یەك خێی تێبكەن
بێ ترس من دێمە مەیدان حوكمە ئازادیم دەوێ،
گەر نەسووتێم و نەخنكێم چۆن هەژارم سەركەوێ؟
* * *
سامی عەوداڵ لەو شاكارە شیعرە سیاسیە نیشتمانیەیدا ئەزموونێك لەتاقیكردنەوەی قەلبی خۆی لە شیعرێكی سیاسی نیشتیمانیدا تەوزیف دەكات ودەریچەی پەنجەرەیەكی شیعری جوانی شاكاری نەتەوەیی بەڕووی هەژاران و چەوساوانی كوردستاندا دەكاتەوەو، بۆیان داوای ئوممەتێكی بەختیار و نیشتمانێكی سەربەخۆی فیدڕاڵیزم دەكات.و دەڵێت : بێ ترس من دێمە مەیدان حوكمە ئازادیم دەوێ،
گەر نەسووتێم و نەخنكێم چۆن هەژارم سەركەوێ؟ شاعیر زۆر ماركسیانە و پڕۆلیتار ئاسا شیعر بۆ (نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار) دەهۆنێتەوە، چونكە نیشتمانێك بۆ ئازادی و سەربەخۆیی هەوڵبدات دەبێت هەمیشە لەخەباتێكی بەردەوامدابێت بۆ گەیشتن بە ترۆپكی سەركەوتنی ئازادی و سەربەخۆیی، هەڵبەتا بۆ گەیشتن بە جوانیی نیشتمانێكی ئازادو سەربەخۆش وەك لەو شیعرە دا ئاماژەی بۆدەكا، خوێن و خەبات وتێكۆشان وخۆبەختكردن و قوربانی دەوێ .
(قەلبی من)
قەلبی من، گەر چەشنی لالە بێتو نەوتی تێبكەن،
ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەك چرا من پێ بكەن
شەقشەقی كەن گۆشت و ئێسقان یەك بە یەك خێی تێبكەن
بێ ترس من دێمە مەیدان حوكمە ئازادیم دەوێ
شاعیر لەو دوودێڕەشیعرەیدا روو لە دوژمنەكەی دەكات و زۆر نەترس و جەریئانە پێی دەڵێت: ئەگەر بێتوو دڵم وەك لالە و چرایەك نەوتی تێبكەن و ئاگر لە نیشتمانەكەشم بەربدەی و كۆت و زیندانیشم بكەی و گۆشت و ئێسقانەكانیشم تێكبشكێنیت و لەت لەتی بكەی و یەك بە یەك خوێی تێ بكەی، سڵت لێ ناكەمەوەو لێت ناترسم و لە مردن باكم نیە دێمە مەیدان و پێت دەڵێم : حوكمە ئازادیم دەوێت
و هاوكات بەدەستهێنانی ئازادی بۆ نیشتمانێكی سەربەخۆ، پێویستی بە خەبات و خوێن وز قوربانیدانە بۆیە لەو دێڕەشدا پێماندەڵێت:
(گەر نەسووتێم و نەخنكێم چۆن هەژارم سەر كەوی)َ
نەچمە ناو جەرگی هەژاران شانبەشانی وەك برا
ڕۆح و لاشەم ئیش نەكا بۆ میللەتێكی حەق خورا
بەو شەوی پڕ ترس و تاریك من نەسووتێم وەك چرا
كۆمەڵی دامای هەژاران چۆن دەبینن بچنە پێش
لێم گەڕێن من با بسووتێم ببمە خاك و خۆڵەمێش
ببمە خاك و خۆڵەمێش با تا هەژارم پێ بگا
با بسووتێم بەڵكە گەنج و لاوەكانم تێ بگا
بێتە مەیدان خوێن بڕێژێ تا حەقی خۆی پێ بگا
تا بزانێ غەرقی خوێنە كێ حەقی وی خواردووە
با لەبۆ حەق خوێن بڕێژێ دەرچێ دوژمن تا زووە
تا لەناو میللەت نەمینێ فیكری ئینسانی دەنی
نەك لەناو مێشك بمینێ ببتە ماددەی بۆگەنی
شەعبی چاكی پێ نەخۆش بێ بێتە حاڵی مردەنی
خۆشە مردن بۆ بەڵای وا هیچ و پووچ و پڕ خەتەر
نەك بژی عامیل بە برسی و ڕووت و قووتی و دەردەسەر
(سامی) قوربانی گەلت بە، قەت مەژی بەو زیللەتە
هەر كەسێ بمرێ لە ڕێگای نیشتمان و میللەتە
نامرێ هەرگیز دەمێنێ چونكی خاوەن غیرەتە
خۆت بەقوربانی گەلت كە، فەرزە قوربانی لەبۆ
نیشتمانی حوڕ و سەربەست میللەتێكی سەربەخۆ
* * *
– مامۆستا عەوداڵی شاعیر لە كۆتایی شیعرەكەیدا روو لە گەلە ستەمدیدەكەی خۆی دەكات و دەڵێت:
هەركەسێك لە رێی خاكی پیرۆزی نیشتمان و ئازادی میللەتەكەیدا بمرێت، نەمرەو نامرێ و هەرزیندووە چونكە خاوەنی غیرەتە و داكۆكی لە قەومەكەی خۆی دەكات و ژێردەستی و چەوسانەوە رەتدەكاتەوە
هەروەها دەڵێت:
خۆت بە قوربانی گەلت كە چونكە فەڕزە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی لە نیشتمانێكی ئازاد و سەرفرازو خاوەن ئاڵاو كیانی خۆی . شایانی باسە عەوداڵی شاعیر شیعری (قەلبی من)ی بە خەتی خۆی لەسەر وەرقەیەك نووسیوە تەوە و ئێستا وەك دەستنووس لە ئەڕشیفەكەیداپارێزراوە.
سەرچاوە:
– دیوانی سامی عەوداڵ / دكتۆر كەمال مەعروف/ كۆكردنەوە ئامادەكردنی بۆ چاپ 2010 سلێمانی.
– چەپكێك لە شیعرەكانی سامی عەوداڵ / كۆكردنەوەو ئامادەكردنی / مامۆستا كەریم شارەزا 1983 هەولێر.
– پەیجی ئەلەكترۆنی / كوردیپێدیا / ئینسایكڵۆپیدیای ئازاد / وێكیپیدیا .
شاعیر لە چەند دێرێکدا:
سامی عەوداڵ شاعیری نیشتیمانپەروەرو نەتەوەیی، قەڵەمی هەژاران وچەوساوەكانی كورد ناوی تەواوی (مەلا حسێنی كوڕی بابە ڕەسوڵی كوڕی خەلیفە ئەحمەد) ە، نازناوی شیعریی (سامی عەوداڵ) ـە، شاعیر لە ساڵی 1910دا لە شاری كۆیە لە خێزانێكی هەژاری ئایینپەروەری ئەدەب دۆست لەدایكبووە بە ئاوهەوای فێنكی هەیبەتسوڵتان و وچنارۆك و بەشیری مەمكی بەفریقەندی و باواجی و حەمامۆك گۆشكراوە.
سامی عەوداڵ، دەرس و دەورو تەدریسی فەقێیەتی لە مەدرەسەو مزگەوتەكانی كۆیە خوێندووە و بۆ تەواوكردنی خوێندنەكەشی گەلێك شار و دێهاتی كوردستان گەڕاوە و گەیشتۆتە پلەی مەلایەتی، بەڵام مەلایەتی نەكردووە و ملی داوەتە بەر كار و كاسبی و ژیانێكی پڕ كوێرەوەری ژیاوە و ماڵ و خێزانێكی پێكەوەناوە و بە پیشەی (پینەچییەتی) ژیان و گوزەراتی بەڕێكردووە.
مامۆستا عەوداڵ تاكو ساڵی 1950 لە شاری كۆیە ژیاوە، بەڵام لەو ساڵەوە ڕووی كردۆتە شاری هەولێر و دوكانی پینەدوزی داناوەو تاكو ساڵی 1972 هەر بە پیشەی پینەچیەتی ژیاوە، ئینجا گەڕاوەتەوە شاری كۆیە و ژیانێكی مەمرە و مەژی بەسەر بردووە تاكو لە ڕۆژی 1985-12-20دا لە تەمەنی 75 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و هەر لەو شارەدا لە گۆڕستانی (دەروێش خدر) بە خاكی دایكی نیشتمان سپێردراوە.
– سامی عەوداڵ خاوەنی دوو كتێبی چاپكراوە یەكێكیان لەلایەن رەوانشاد مامۆستا كەریم شارەزای نووسەرو شاعیر چەپكێك لە شیعرەكانی شاعیری كۆكردۆتەوەو ئامادە یكردووە بۆ چاپ بەناونیشانی
(چەپكێك لە شیعرەكانی سامی عەوداڵ) ئامادە كردن و پێدا چوونەوەی كەریم شارەزا هەولێر 1983.
– دیوانی سامی عەوداڵ كۆكردنەوەولێكۆڵینەوەو ساغكردنەوەی دكتۆر كەمال مەعروف سلێمانی 2010