
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە رای گەیاند، چارەی خێرای كێشەی شایستە داراییەكان نیشانەی ئەوەیە كە عێراق بەرژەوەندییەكانی مەبەستە و ژینگەیەك دروست دەكات تا كۆمپانیاكان وەبەرهێنان بكەن، هاوكات داوایشی كرد گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرێت تا كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت.
درەنگانی دوێنێ شەو پێنجشەم 29ی ئادار، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەیان هانی هەولێر و بەغدا دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەی مووچە چارەسەر بكەن و هەردوولاش ئەركە دەستوورییەكانیان جێبەجێ بكەن.
وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە، پشتگیری ئەمەریكا بۆ كوردستان بنەمای پێوەندییەكانمان دەبێت لەگەڵ عێراق و باسی لەوەیش كرد كە لەم دواییانە وەزیری دەرەوە ماركۆ رۆبیۆ پێشوازی لە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و هاوكات پێوەندی تەلەفۆنیشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام داو و دووپاتی لە گرنگی هاوكاریی بەردەوام كردووەتەوە بۆ پتەوكردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ناوچەكە.
پێشووتریش لە 23ی ئەم مانگە، لەبارەی كۆبوونەوەكەی مەسروور بارزانی و ماركۆ رۆبیۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە كرد كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتیوانی وڵاتەكەی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر بناغەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراقە.